YPJ لەسەر دەنگۆی بەدیلگیرانی دوو شەرڤانی ژن لێدوانێکی ڕاگەیاند
12:59
ژنها
ناوەندی هەواڵ - لە لێدوانێکی نوسراودا یەکینەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە، رایگەیاند هیچ شەرڤانێکیان نەکەوتۆتە دەست سوپای تورکیاو چەتەکان، هەروەها دەنگۆی بەدیلگیرانی دوو شەرڤانی یەپەژەشیان ڕەتکردووەتەوەو ئەو هەواڵانەشیان وەک هۆکارێک بۆ لاوازکردنی ئیرادەی گەل و شەڕڤان لەقەڵم دا.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە، لە بارەی دەنگۆی بەدیلگیرانی دوو لە شەرڤانانیانەوە لە باشوری جەرابلوس بە دەستی سوپای تورکیا و چەتەکانی ئەوان، ئەمڕۆ لێدوانێکی نوسراوی بڵاو کردەوەو ڕەتیکردەوە هیچ شەڕڤانێکیان بەدیل گیرابێت.
لە لێدوانەکەدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی یەپەژەدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە:"چوار شەرڤانی یەپەگە کە بۆ هاوکاری بریندارەکان چووبوونە ناوچەکە، کەوتوونە بۆسەی سوپای تورکیا و چەتەکانیەوە، جیا لەوان هیچ شەرڤانێکی یەپەژە بەدیل نەگیراوە".
یەپەژە ئاشکرایکرد، جیا لە چوار شەرڤانی یەپەگە و دوو ناسنامەی شەرڤانانی یەپەژە، هیچ شتێکی دیکە نەکەوتۆتە دەستی سوپای تورکیا و چەتەکانەوە و رایگەیاند:"هەردوو شەرڤانی یەپەژە کە ناسنامەکانیان کەوتۆتە دەستی سوپای تورکیا، ئێستا لە ناو یەکینەکانیاندا ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
یەپەژە رایگەیاند:"سوپای تورکیا و دەستەی چەتەکانی، بۆ ئەوەی ئیرادەی شەرڤانان و گەل لاواز بکەن، بەم شێوەیە درۆ بڵاو دەکەنەوە".
هاوکات یەپەژە ئەشکەنجەی ئەو چوار شەرڤانەی وەک کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە بە ناو کرد.
(ش ب)