هەڵوێستی نوسەر و ڕۆژنامەوانانی ژن سەبارەت بەگوشارەکانی سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد
10:18
ژنها
سلێمانی - نوسەر و ڕۆژنامەوانی ژن لە باشوری کوردستان، ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد لە باکوری کوردستان دەکەن. هاوکات بانگەوازی هاوهەڵوێستی لە ڕاگەیاندنە کوردیەکان دەکەن.
بەرامبەر زیادبوونی گوشارەکانی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد لە باکوری کوردستان، هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەکانی و ئۆزگور گوندەم و ئازادیا وەلات(تاکە ڕۆژنامەی بەزمانی کوردی لە باکوری کوردستان و تورکیا) هاوکات دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی دەیان ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەگەری ئازاد، ڕۆژنامەوانان و نوسەرانی ژن لە باشوری کوردستانیش ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند: دەنگی ئازادی کپ ناکرێت.
"بە گوشار خستنە سەر ڕاگەیاندن دەیانەوێت تاوانەکانیان بشارنەوە"
نوسەر و ڕۆژنامەوان ئاشتی عەبدوڵڵا لەوبارەیەوە وتی: "دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان دەیەوێت بە بێهێزکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد بگات بە ئامانجەکانی، هەروەها دەیەوێت هیچ دەنگێک نەبێت تاوانەکانی بە ڕای گشتی بگەیەنێت، دەسەڵاتداران لە هەموو شوێنێکی جیهان دەیانەوێت دەنگە ئازادەکان بێدەنگ کپ بکەن، بۆ نمونە چەند ڕۆژ لەمەوبەریش رۆژنامەوانێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک تیرۆر کرا، چونکە دەسەڵات لەوە دەترسا کاریگەری بەجێبێڵێت، چونکە دەنگێکی ئازاد و بڵند بوو دژ بە دەسەڵاتداری، دەسەڵاتیش ترسی لەو دەنگە ئازادانە هەیە، بۆیە چ بە تیرۆر، یان بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و داخستنی ئۆرگانەکانیان دەیانەوێت ئەو دەنگانە کپ بکەن."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "لە باکوری کوردستان گەل لە هەموو لایەنێکی سیاسی، سەربازی و بەگشتی خاوەنی ئیرادە و ئەقڵیەتێکی هێندە پتەوە، بۆیە بەو هەوڵە شکستخواردووانە ناتوانن سەرکەون بەسەر دەنگی ئازادی. من ئەوەی زۆر گرنگی دەبینم ئەوەیە کە پێویستە بەتایبەت ڕۆژنامەنوسانی کورد بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندەکانی ئێرە پاڵشتی ڕۆژنامەنوسەکان بن بۆ ئەوەی ئەو داخستن و گوشارەی هەیە کاریگەری بەجێنەهێڵێت، لێرەوە پێویستە هاوکاریان بکرێت، چ وەک هاوکاری کردن لە گەیاندنی پەیام و ئەجێنداکانیان، چ لە ڕووی پەخش و بڵاوکردنەوەدا."
ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "جگەلە چەند میدیایەکی هاوسۆز و خەمخۆری تورکیا زۆربەی میدیاکانی باشوری کوردستان هاودەنگن لەگەڵ ڕۆژنامەگەری ئازاد لە باکوری کوردستان و تورکیا، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادان، نەک تەنیا لە بابەتی گوشارەکانی سەر ڕاگەیاندن، بەڵکو لە هەموو بوارێکەوە دەیانەوێت ئەو ڕاستیەی لە باکوری کوردستان هەیە یان بیشارنەوەو یان وەک خۆی نەگەیەندرێت. هۆکارەکانی زیاتر بە ئامانج گرتنی ڕاگەیاندنی نوسرایش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناتوانرێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکات، بەتایبەت بە ئامانج گرتنی ژنانیش ئەوەیە ژنان تەنیا لە بواری ژنانەوە کار ناکەن بەڵکو پێشەنگ و بوێری دەنوێنن لەناو هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا."
"ئامانج گرتنی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە چوارچێوەی پلانە چەپەڵەکانی تورکە"
هەروەها ڕۆژنامەوان شنە فایق، سەرنوسەری ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک دژی هەر دەنگێکە، کە لەگۆڕ خواستی ئەو نەبێت و خزمەت بە بەرژەوەندی و سیاسەتی شۆڤێنی ئەو دەوڵەتە نەکات، بە ئامانج گرتنی راگەیاندنی ئازادیش لەچوارچێوەی سیاسەتی چەپەڵی ئاکەپەیە بۆ لەناوبردن و قڕکردنی ئازادی بە گشتی و هەر دەنگێکی ئازاد، کە بە مەترسی لەسەر خۆی دەیبینێت."
ناوبراو ئاماژەی بە بێ هەڵوێستی ڕۆژنامەوانانی باشوری کوردستان کرد و وتی: "بەداخەوە لەباشور ئەو یەک هەڵوێستیە نابینرێت، دەوڵەتی تورک بەردەوام هێرشەدەکاتە سەر راگەیاندنی ئازاد و ئاستەنگیان دەکات، رۆژنامەنوسان دەستگیردەکات و ئەشکەنجەیان دەدات، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی رۆژنامەنوسان، نوسەران و رۆشنبیرانمان نەبینی، کە هیچ نەبێ بە بایاننامەیەک کردەوەی وەحشیگەرانەی ئەو دەوڵەتە شەرمەزار بکەن و پشگیری بۆ قەڵەمە ئازادەکان دەرببڕن."
لە کۆتایشدا ڕۆژنامەوان شنە فایق ڕایگەیاند: "وەک ئاژانسی رۆژنیوز لەدژی هەرجۆرە کپکردنێکی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندنی ئازاد و هەر کردەیەکی دژ بە پرەنسیبەکانی ڕاگەیاندن و دیموکراسی-ن، وە هێرشی وەحشیگەرانەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، بانگیش لە ڕای گشتی کوردستان و جیهان دەکەین، کە لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بێ هەڵوێست نەبن."
"ئەوان هەوڵی گەیاندنی راستی دەدەن"
هەر لەسەر ئەو بابەتە ڕۆژنامەوان سەیوان ڕۆستەم سەرنوسەری حەفتەنامەی ژیانەوە، لەوبارەیەوە وتی: "ڕۆژنامەگەری ئازاد هەمیشە بۆتە ئامانجی دەوڵەتە فاشیستەکان، چونکە دەزانن دەنگە ئازادەکانن هەوڵی گەیاندنی ڕاستی بدەن و ڕێگە نەدەن ئەو پەیامەی کە پێویستە بگات بگەیەرێت."
هەروەها بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و پێشێلکاریانە کرد و جەختیشی کردەوە: "وەک سەرنوسەری ڕۆژنامەیەک لە باشوری کوردستان بە توندی ئیدانەی هەموو جۆرە پێشێلکاریەک دەکەم کە دژی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری ئازاد دەکرێت، پێویستە سەرجەم ڕۆژنامەنوسان لە هەر شوێنێکی جیهان دژ بە ئاستەنگکردنی ئازادی ڕادەربڕین هەڵوێستیان هەبێت."
"ناتوانن دەنگی ئازادی بێدەنگ بکەن"
فەوزیە ئەمانی، ڕۆژنامەوان و پێشمەرگەی کۆمەڵەی کۆمەنیستی ئێران، هەر لەسەر ئەو بابەتە بەو شێوەیە بۆمان دوا: "ئامانجی سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان لە باکوری کوردستان ئەوەیە کە دەنگی ئازاد لە باکوری کوردستان نەگاتە دەرەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە بە داخستنی ڕۆژنامەیەک و دوان و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان ناتوانن دەنگی ئازاد کپ بکەن، ناتوان رێگری لە گەیاندنی ڕاستیەکان بکەن، بەڵام پێویستە ئێمە لە هەر ڕووێکەوە هاوکاریان بکەین."
ناوبراو وتیشی: ڕۆژنامەوانان دەنگی کۆمەڵگان، دەیانەوێت نەهامەتیەکانی کۆمەڵگا بگەیەنن، بەتایبەتیش دەنگی ئازادی ژنان، تورکیاش کە بۆتە بەشێک لە داعش بەتایبەت دژی ژنان کار دەکات و ڕۆژنامەنوسانی ژن بە ئامانج دەگرن، هەم ژنە هەمیش کوردە بۆیە چەندین جار دەچەوسێنرێتەوە. بەڵام ناتوانن دەنگی ئازدی کپ بکەن."
(ش ب)