"دەمانەوێت میکانیزمێکی ئابوری ژنان پێشبخەین"

10:20

ژنها

سلێمانی – ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕادەگەیەنێت: بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی قەیرانی دارایی کار بۆ ئەوە دەکەین ژنان بکەونە ناو کایەکان.

گولزار نەقشبەندی نوێنەری یەکێتی ژنان لەناو تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەن و ئەندامی بەڕێوەبەری تۆڕەکە لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە دەستپێخەریەکانی تۆڕەکەیان کرد بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی قەیرانی دارایی و ڕێگەچارەسەریەکانی.

گولزار وتی: "وەک تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی پێمان باش بوو کە لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆمان دیار بکەین و لەسەر ئەوە پانێلێکمان سازکرد، چونکە دەمانەوێت ڕاکان کۆبکەینەوە و بیکەین بە ئەنجامنامەیەک و بیخەینە بەردەستی دەسەڵات و بیکەین بە یاداشتێک، بەڵکو کاریگەریەکمان هەبێت. دەمانەوێت بزانین تاوەکو کوێ ئەم بارودۆخە وا دەبێت. "

ناوبراو وتیشی: "ئابوری بەرهەمی دەستی ژنە و ژن لەسەرەتادا ئابوری داهێناوە، بۆیە زۆر حەز دەکەین کە ژن ڕۆڵی هەبێت لەم کایەیەدا، چونکە بەر لەهەرکەسێک ژنانن زەرەرمەندی یەکەمی قەیرانە ئابوریەکان، بۆیە هەرچۆنێک بێت دەمانەوێت میکانیزمێکی ئابوری ژنان پێشبخەین، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەین کە ژنان زیاتر بەشداری لەو کۆڕۆ کۆبوونەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بین و بتوانین ڕێگەچارەی بۆ بدۆزینەوە."

گولزار ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ئەو ژنانەی لە گوندەکان کار دەکەن و هەلی زیاتریان بۆ بڕەخسێندرێت، بازاڕیان بۆ بکرێتەوە چونکە گرنگی دان بە بەروبوومی خۆماڵی زۆر زۆر لەوە باشترە پشت بە دەرەوە ببەستین بۆ ئابوری، لە هەمانکاتدا زۆر تەندروستترە لەو ماددە ئیکسپایەربووانەی کە ڕۆژانە لە بازارەکان دەفرۆشرێن، بۆیە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان هانی ئەو ژنانە دەدەین کە کار دەکەن.

گولزار نەقشبەندی لە کۆتایشدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەنجامی سمینار و پانێلەکاندا دەکەن بە یاداشت و دەیگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.

(ش ب)