شاناز شادی: ویستم بۆ ساتێکیش بێت خەندە بخەمە سەر لێوی منداڵانی ئێزیدی
09:39
ژنها
سلێمانی – ژنێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بە پێشکەشکردنی دیاری دڵی منداڵانی کامپی ئاشتی خۆش کرد.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ئاشتیە، بەڵام لە هەموو کاتێک زیاتر جەنگ، ئاڵۆزی و قەیرانەکان باڵیان بەسەر جیهاندا کێشاوە، تەنانەت لە زۆر شوێندا ئاشتی و ئاشتەوایی تەنیا خەونێکە دەبینرێت، منداڵان کە هەمیشە بوونەتە قوربانی جەنگ و تیرۆر و ترس و تۆقاندن. منداڵانی ئێزیدیش کە دڵیان بە هیچ شاد نەبووە زۆرترین پشکی نەهامەتیەکانیان بەرکەوتووە. دڵخۆشکردنی ئەوان زۆر ئەستەمە لە کاتێک ئەوان زۆرێک لە کەسوکار، دایک و باوکیان لە دەستداوە.
ژنێکی کورد بەناوی شاناز شادی بە پێشکەشکردنی دیاری منداڵانەی جۆراوجۆر ویستی دڵی منداڵانی ئێزیدی لە کامپی ئاشتی (عەربەت) کە دەکەوێتە نزیک شاری سلێمانی خۆش بکات، شاناز خۆی وەک ژنێکی کورد لە بەریتانیاوە هات بۆ هەستان بەو ئەرکە مرۆییە.
شاناز شادی ئێوارەی دوێنێ چوارشەمە هاوکات لەگەڵ شاندێکی رێکخراوی ژنانی ئازاد سەردانی کامپی پەنابەرانی ئێزیدیان کرد بە مەبەستی پێشکەش کردنی دیاریەکانی بەسەر منداڵانی ئێزیدی، لە سەردانەکەیدا ژنانی ئێزیدی بەخێرهاتنی شاندەکەیان کرد و لەماوەیەکی کورتدا دیاری بەسەر سەدان منداڵی کامپەکە دابەشکرا.
لە بارەی ئامانجی ئەو کارەی کردوویەتی شاناز شادی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: "ویستم کارێکی مرۆڤایەتی بکەم بەرامبەر بە منداڵانی شەنگال، بۆیە هەندێک دیار وەک یاری منداڵانەم بۆ هێنان، بۆ ئەوەی گەر ساتێکیش بێت بتوانم دڵی منداڵان خۆش بکەم، هیوادارم هاوڵاتیانی سلێمانیش جار جار بتوانن دڵی منداڵانی ئەو کامپە خۆش بکەن."
شاناز باسی لەوەش کرد کە گەورەترین کارەسات بەسەر کوردانی ئێزیدی هات و بە هۆیەوە ئێستا بە هەزاران منداڵ لەو کامپانە دەژین کە کەسوکاریان ون بووە، بۆیە هەمیشە دڵیان تەنگە و پێویستی زۆریان بە هاوکاری هەیە.
جێگەی ئاماژەیە چەتەکانی داعش لە ٣ ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر شەنگال و بەهۆی ئەو هێرشەی چەتەکانەوە بە هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، بە هەزاران ژن و منداڵ بەدیل گیران و بە سەدان منداڵ لە تینوێتی و برسێتیدا لە بڕینی ڕێگای هەڵهاتنیان لەدەستی چەتەکان گیانیان لەدەستدا.
کامپی ئاشتی لە شارەدێی عەربەت یەکێک لەو کامپانەیە دوای ئەوەی ژمارەی پەنابەرانی ئێزیدی لە شاری سلێمانی ڕووی لە زیادبوون کرد لە ساڵی ٢٠١٥ دا پەنابەرە ئێزیدیەکانی تیا نیشتەجێ کراوە، لە کامپی ئاشتی نزیکەی ٨٥٠٠ منداڵ دەژین، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنێ پێویست بۆ منداڵان و نەبوونی خزمەتگوزاری تەواو هەمیشە لەناو خۆڵ و تەپ و تۆزی کامپەکەدا یاری دەکەن و بەوهۆیەوە دەیانەوێ تراژیدیا مەزنەکە لەبیر خۆیان بەرنەوە.
سەرەڕای ئەوەی داعش لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلام و تەعریب شەنگالی گەمارۆدا بەڵام لە کامپی عەربەت هێشتاش منداڵان بە زمانی عەرەبی دەخوێنن.
منداڵانی ئەو کامپە دەڵێن: "ئێمە دڵمان خۆشە بەوەی کە دیاریمان بۆ دێنن و هاوکاریمان دەکرێت، بەڵام هەرگیز ئەو مەرگەساتەمان لە یاد ناچێت کە ئازیزترین کەسی لێسەندینەوە."
(ش ب)