لە نوسەیبینی تەلکراو دەنگی ئاشتی دێت

11:45

ژنها

مێردین – ژنانی شارۆچکەی نوسەیبین کە لەناو شەڕدا دەژین و بە تەلی دڕکاوی دەور دراون، رایانگەیاند، تا شەڕ لە جیهان کۆتایی پێنەیەت ئاشتی بەدینایەت.

ژنان لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا هەمیشە پەیامی وەستانی شەڕیان پێیە، ژنانی ناوچەی نوسەیبین سەر بە شاری ماردین لە باکوری کوردستان ماوەی نزیکەی ساڵێکە لەناو شەڕ و گەمارۆی سوپای تورکیا دەژین، سەرەڕای بڕیاری قەدەغە و توندوتیژی زۆری دەوڵەت لە گەڵ یەکتری کۆدەبنەوە. ژنان ڕایانگەیاند تا دیوارەکانی نێوان سنورەکان نەڕوخێندرێن، تەرمی ڕۆڵەکانی خۆمان وەرنەگرینەوە، ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەکرێت و کوردان نەبن بە خاوەن ناسنامەی خۆیان بەدیهاتنی ئاشتی مەحاڵە.

"لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا داوای خاکی خۆمان دەکەین"

مەدینە یوجە، لەوبارەیەوە وتی: "ئێمە کوژراین بۆ خاکەکەمان، ڕۆڵە چاو ڕەش و جوانەکانمان لەدەستدا، ئێمە هەر لەدێرینەوە خاوەن ئەو خاک و نیشتیمانەین، بۆیە هەرگیز تەرکی ناکەین، داوا دەکەین لە ڕۆژی ئاشتیدا ڕێبەرەکەمان ئازاد بکەن و واز لە خاکمان بێنن."

"کاتێک بووین بە خاوەن ناسنامە و خاک، ئاشتی بەدیدێت"

هەروەها ژنێکیتر بە ناوی کورموش بیجش، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان جیهانێکی ئارمیان دەوێت. ناوبراو وتیشی: "جیهانێکمان دەوێت ناسنامەی خۆمان هەبێت، سنوری نەبێت، دیوار لە نێوانماندا نەبن، کاتێک ئازاد بووین ئاشتی ئاسان دەبێت، با لە نوسەیبین تەلە دڕکاویەکانی هەڵگرن، تەرمی ڕۆڵەکانمان بدەنەوە، ئەو کات ئاشتی بەدیدێت. بە کورتی ئەو کاتە دەتوانین باس لە بوونی ئاشتی بکەین کە بووین بە خاوەن ناسنامە و خاکی خۆمان."

خەتیجە چەتین، هەر لە سەر ئەو ڕۆژە ڕایگەیاند: "لە پێناو ئەو خاکە قوربانی گرانبەهامان داوە، باش دەزانین تا سنور و تەلەکانی دەوروبەری نوسەیبین هەڵنەگیرێن، هەرگیز ئاشتی نایەتەدی."

"هێشتا تەرمی ڕۆڵەکانمان لەوێن"

لای خۆشیەوە نەبیلە مولدرە، باسی لەوە کرد کە ئەو بۆیە داوای ئاشتی دەکات کە کۆتایی بە مەرگ بێت، جەختیشی کردەوە: "ئێمە نامانەوێت نوسەیبین وەک پێشتری لێبێتەوە، بەڵام هێشتا تەرمی ڕۆڵەکانمان لەوێن، لە ژێر داروپەردوەکاندان."

کانیا ئۆنوچتۆ، ژنێکیتری شارۆچکەی نوسەیبینە، کانیا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی ئەوان لایەنگری شەڕ و کوشتار نین، ئەو کاتەی سنورەکان هەڵگیران ئاشتیش بەدیدێت، تا گەمارۆی سەر نوسەیبین و تەلە دڕکاویەکان لە دەوروبەری نوسەیبین هەڵنەگیرێن ئاشتی پێکنایەت.

لە کۆتایشدا ژنێکیتر بەناوی نەجات دیزمە بەو شێوەی قسەی کرد: "بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیەکیتر بە چاوی خۆمان نەبینین، لە جیاتی شەڕ داوای ئاشتی دەکەین."

(ش ب)