ژنان لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا داواى ڕاوه‌ستاندنى سیاسه‌تى به‌کارهێنانى گه‌لى کورد دەکەن
08:03
ژنها
سلێمانی – ژنانی باشوری کوردستان، لە یادی ١ی ئەیلول "رۆژی جیهانی ئاشتی" داواى ڕاوه‌ستاندنى سیاسه‌تى به‌کارهێنانى گه‌لى کورد وه‌ک کارتێکى به‌رده‌وامکردنى شه‌ڕ له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوەڕستدا ده‌که‌ن و بانگه‌وازى ئاشتى بۆ ڕاى گشتى جیهان ده‌که‌ن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی دایکی شاری سلێمانی له ڕۆژى جیهانى ئاشتى ١ی ئەیلول دا به دروشمى "تاقه ڕێگاى ئاشتى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا کۆتایی هێنانه به داگیرکارى کوردستان"، ژنانى باشورى کوردستان، تۆڕى هاوبه‌شى ژنان- ڕێکخراوى پەیوەندیەکانی ژنانی کورد(ڕێپاک) له شارى سلێمانى له ڕۆژى جیهانى ئاشتیدا به لێدوانێکى ڕاگه‌یاندنى داواى ڕاوه‌ستاندنى سیاسه‌تى به‌کارهێنانى گه‌لى کورد وه‌ک کارتێکى به‌رده‌وامکردنى شه‌ڕ له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوەڕاستدا ده‌که‌ن‌و بانگه‌وازى ئاشتى بۆ ڕاى گشتى جیهان ده‌که‌ن.
لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن لانە عەلی خوێندرایەوە هاتووە: "نیشتیمانه‌که‌مان له لایه‌ن هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه وه‌ک کارتێکى به‌هه‌میشه‌یی کردنى شه‌ڕى تاڵانکارى له هه‌رێمه‌که‌دا هه‌وڵى به‌کارهێنانى ده‌درێت‌و سڵ له دوباره بوونه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفاله‌کانى گه‌له‌که‌مان ناکرێته‌وه." هاوکات چوار داواکاریش خراونەتە ڕوو.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بۆ ڕاى گشتى جیهان و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان
تاقه ڕێگاى ئاشتى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا کۆتایی هێنانه به داگیرکارى کوردستان
ئێمه وه‌ک ژنانى کورد له باشورى کوردستان له ڕۆژى جیهانى ئاشتى دا که له هه‌مانکاتدا ڕۆژى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى شه‌ڕى داگیرکارى‌و تاڵانکاره‌یه، ده‌مانه‌وێت له وڵاتى میزۆپۆتامیاوه بانگێک بۆ ڕاى گشتى جیهان‌و هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان بنێرین‌و ڕایبگه‌یه‌نین کوردستان کراوه‌ته ناوه‌ندى یه‌کلاکردنه‌وه‌ى شه‌ڕه داگیرکاریه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌و جیهاندا، نیشتیمانه‌که‌مان له لایه‌ن هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه وه‌ک کارتێکى به‌هه‌میشه‌یی کردنى شه‌ڕى تاڵانکارى له هه‌رێمه‌که‌دا هه‌وڵى به‌کارهێنانى ده‌درێت‌و سڵ له دوباره بوونه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفاله‌کانى گه‌له‌که‌مان ناکرێته‌وه.
له کاتێکدا ده‌هۆڵى شه‌رى زهنى‌و سه‌ربازى جه‌نگى جیهانى سێهه‌م به‌رۆکى دایکان داده‌رێت‌و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى کردووه به گۆمى خوێن، ڕۆژانه به سه‌دان منداڵ ده‌کوژرێن‌و ئاواره ده‌بن، به هه‌زاران مرۆڤ ده‌بنه قوربانى شه‌ڕ، بازاڕه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى چه‌ک بێ باکانه بازرگانى به گیان‌و نیشتیمان‌و نرخى گه‌لانه‌وه ده‌که‌ن. ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به په‌یمانه‌کانى سیڤه‌ر‌و لۆزان کرایه ناوه‌ندى به ئه‌نجامبوونى ململانێکانى هێز‌و شه‌ڕ له جیهاندا. ئه‌م قه‌یرانانه‌ى ئه‌مڕۆ تێیدا ده‌ژین پێناسه‌ى فه‌لج بوونى ئه‌و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌یه که سه‌د ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئینکارى کورد ئاواکراوه. له ئه‌نجامى چاندنى تۆوى ناسیۆنالیزم، مه‌زهه‌بگه‌رایی، فاشیزم ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاس کرایه مه‌نجه‌نیقى مه‌رگ بۆ گه‌لان. قوربانى هه‌ره گه‌وره‌ى ئه‌م شه‌ڕانه‌ش گه‌لانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن به درێژایی مێژوو تا ئیستاى سوریا‌و شه‌نگال‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى ژێرزه‌مینه‌کانى جزیره.
له‌م ڕۆژه‌دا ده‌مانه‌وێت بۆ کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى حه‌له‌ب، جه‌رابلوس، موسڵ، شه‌نگال، بڵێین ئیدی به‌سه‌و گه‌ره‌نتى ڕاوه‌ستانى ئه‌م شه‌ڕه کۆتایی هێنانه به داگیرکارى کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتى نوه‌ڕاستدا. چونکه شه‌ر له کوردستاندا شه‌ڕه له چوار وڵاتى تورکیا، سوریا، عێراق‌و ئێران‌دا. به هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر خاکى سوریا‌و دوباره‌کردنه‌وه‌ى شه‌ڕى مه‌رجى دابق له مێژوودا، زه‌نگى کاره‌ساتێکى نوێ تره له هه‌رێمه‌که‌دا‌و قوربانى کردنى هێشوى تێکۆشانى گه‌لى کورده له ڕۆژئاواى کوردستاندا. ئه‌م هێرشه شه‌ڕکردن نیه له‌گه‌ڵ داعیش، به‌ڵکو شه‌رکردنه له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانانى ژن‌و تاکه سه‌نگه‌رى شه‌ڕکه‌ر به‌رامبه‌ر هێزى تاریکى داعیش. هێرشکردنه سه‌ر غرورى مرۆڤایه‌تى کوبانێیه.
له باشورى کوردستان به ساڵانه ناوچه چیاییو گوندنشینه‌کانمان تۆپاران ده‌کرێن‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى زه‌رگه‌لێ‌و کورته‌ک نمونه‌ى هه‌ره بێ ئامانى ئه‌م شه‌ڕه داسه‌پێنراوه نه‌گریسه‌یه. ڕۆبۆتێکى شه‌ڕى وه‌ک داعیش پڕچه‌ک ده‌کرێت‌و له موسڵه‌وه تا که‌رکوک تا چیاکانى شه‌نگال‌و کۆمه‌ڵکوژى ئێزیدیه‌کان‌و فرۆشتن‌و به‌کۆیله‌کردنى به هه‌زاران ژنى ئێزیدى له بازه‌ڕا ڕه‌شه‌کاندا وه‌حشه‌تترین کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى مێژوو به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان له سه‌ده‌ى ٢١دا له باشورى کوردستان ئەنجامدەدرێت.
له باکورى کوردستان قۆناغى دانوستان به پێشه‌نگایه‌تى به‌ڕێز ئۆجالان له‌بار ده‌به‌ن‌و زیاتر له دوساڵه ڕێ به چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیاندا نادرێت، له کاتێکدا گه‌لى باکورى کوردستان ئازادى به‌ڕێزیان وه‌ک گه‌ره‌نتى ئاشتى له تورکیا‌و باکورى کوردستاندا بۆ ڕاى گشتى ڕاگه‌یاندووه. ده‌وڵه‌تى تورکیا به سه‌دان لاوى کوردى له ژێرزه‌مینه‌کانى جزیره‌و کۆڵانه‌کانى سورى ئامه‌ددا کۆمه‌ڵکوژ کرد‌و به هه‌زاران چالاکى سیاسى کوردى بێ تاوانى به به‌رچاوى دادگاى مافى مرۆڤى ئه‌وروپاوه زیندانى کردووه. له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان گه‌له‌که‌مان ڕۆژانه له‌ڕوى ناسنامه، کلتور، ئیراده‌وه نکۆڵى لێ ده‌کرێت‌و به سیاسه‌تى بێ هۆشکردن، به‌سیجکردن، زیندانکردن، له‌سێداره‌دان، له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى جینۆسایدى کلتورى، ئاینى، نه‌ته‌وه‌ییدایه.
ئێمه وه‌ک تۆڕى هاوبه‌شى ژنان‌و ڕێکخراوى رێپاک، له ڕۆژى جیهانى ئاشتى دا:
١- بانگەوازی له هه‌موو ژنانى جیهان ده‌که‌ین به‌شێوه‌کى چالاک به هێزه شه‌ڕ خواز‌و داگیرکه‌ر‌و تاڵانکاره‌کان بڵێن ئیدى به‌سه‌و به‌هه‌موومان بڕیارى ١٣-٢٥ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین.
٢- داواکارین له هه‌موو هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان نیشتیمانه‌که‌مان نه‌که‌نه کارتى یه‌کلایی کردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌کانیان‌و هێرشى ده‌وڵه‌تى تورکیا بۆ سه‌ر جه‌رابلوس وه‌ک داگیرکارى له قه‌ڵه‌م بده‌ن
٣- ئه‌نجامده‌رانى کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى شه‌نگال، کورته‌ک، ڕۆبۆسکى، زه‌رگه‌لێ جزیره، سور، جه‌رابلوس، دادگایی بکرێن.
٤- بۆ ده‌سته‌به‌ربوونى ئاشتى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناویندا داوا ده‌که‌ین هه‌رچى زوتره به ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى چاوپێکه‌وتنه‌کان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالاندا قۆناغى موزاکه‌ره له توریکیا‌و باکورى کوردستادا ده‌ستپێبکرێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رچى زوتره ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ى له‌سه‌ر به‌ڕێز ئۆجالان له ٥ ى نیسانى ٢٠١٥وە به‌رده‌وامه کۆتایی پێبهێنرێت‌و ڕه‌وشى ته‌ندروستى‌و ئاسایشى گه‌ره‌نتى بکرێت.
تۆڕى هاوبه‌شى ڕێکخراوه‌کان + ڕێکخراوى ڕێپاک
١/٩/٢٠١٦
(ش ب)