چالاکوانانی ژنان: ئۆجالان لە سەر ئاشتیخوازی گۆشەگیرکراوە

09:33

ژنها

سلێمانی – چالاکوانانی ژن ڕادەگەیەنن نابێت کەسی ئاشتیخواز بە هیچ شێوەیەک دەستگیر بکرێت و پشتگیری خۆشیان بۆ هەر چالاکیەک ڕادەگەیەنن کە لە پێناو مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.

ئێوارە دوێنێ لە پارکی نالی شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازاد و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز، بە بەشداریکردنی چەندین پەرلەمانتار و چالاکانی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن، چالاکیەکی ئێشکگری لە دژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی پێکرد، چالاکیەکەش هەڵدانی چادر و ئێشکگرتنە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

لەسەر ئەو جۆرە چالاکیە و کاریگەری خۆی لە سەر ڕای گشتی، هەر یەک لە دیمەن محەمەد و کیشوەر شەریف چالاکوانان، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

لەو بارەیەوە کیشوەر شەریف چالاکوانی ژنان و ئەندامی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) لەو بارەیەوە وتی: " ئامانجی ئێمە لەو چالاکیەدا ئەوەیە بە رێگەی پەیام و چالاکی دەنگی خۆمان بگەیەنین بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ئۆجالان لە مێژوودا بۆ ئێمە خەتی سورە، بۆیە ئێمەش وەک ژنان دەستپێخەرین لە هەموو ئەرکە مرۆییەکان، لە سەردەمێکی بەو شێوەیەدا، گۆشەگیرکردنی ئۆجالان لەلایەن ئێمەوە قبوڵ کراو نیە. تەنانەت سەرەڕایی گۆشەگیری توندکراو، رێگە بە کەس و کار و پارێزەرانیشی نادرێت چاویان پێی بکەوێت."

هەروها لای خۆشیەوە چالاکی بواری ژنان، دیمەن محەمەد وتی: "ئێمە دژی هەر گۆشەگیریەکین لەسەر هەر تاکێک بێت، بۆیە پشتگیری لە هەر چالاکیەک دەکەین کە بە مەبەستی مافەکانی مرۆڤ پێشدەخرێن."

دیمەن وتیشی: ئێمە هەمیشە دەجەنگین لە پێناو دەستەبەر بوونی مافی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، چونکە دەوڵەتەکان هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ سەرکوت کردنی دەنگە جیاوازەکان و سەرکردە شۆرشگێڕەکان و دەنگە ئازادەکان کپ بکەن. نابێت چیتر کەسە ئاشتیخوازەکان دەستگیر بکرێن."

(ش ب)