ئامینە ئەحمەد: بڕیارمان داوە کۆڵنادەین
12:29
ژنها
سلێمانی – چالاکوانێکی ژنان ڕادەگەینێت، بە هێزی ژنانی جیهان دەتوانرێت کۆتایی بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنرێت.
دوای ڕاگەیاندراوەکەی دوێنێی هاوبەشی ژنان لە شاری سلێمانی بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکەری سەر کوردستان، ئامینە ئەحمەد، ئەندام لە تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
ئامینە وتی: "وەک ژنانی کورد داوا دەکەین چیتر ئەو جەنگە بەردەوام نەبێت، ئێمەش ئەو مرۆڤانەی کە هەست بە مرۆڤ بوون دەکەین، ئێمە گەلێکین لە پێناو ئاشتی دەجەنگین. ئێمە پەیاممان ئاراستەی هەموو وڵاتانی جیهان کرد، کە کوردستان ئەو وڵاتە نیە داگیرکەری کردبێت بەڵکو هەمیشە ویستوویە وڵاتەکەی لە دەستی داگیرکەران بپارێزێت."
جەختیشی کردەوە: " وەک ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان بڕیارمان داوە کە نەوەستین و هەمیشە بانگەشەی ئاشتیمان هەبێت بۆ گەلەکەمان. "
ئامینە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ژنانی جیهان دەست لەو وڵاتانە بکێشنەوە کە دەستیان لە داگیرکەری و هەڵگیرساندنی شەڕ هەیە وتیشی: "داوا لە ژنانی هەموو جیهان دەکەین پشتگیری خۆیان بۆ ژنانی کورد ڕابگەیەنن، چونکە هەرچوار پارچەی کوردستان گەمارۆ دراوە، شەڕڤانان بە بەردەوامی لە جەنگدان و گەمارۆ لە سەر ژنانی کورد هەیە. زۆر بەداخەوە دەبووایە ئێستا ژنانی جیهان پشتگیری خۆیان لە وڵاتانی جیهان دەرخستایە و پشتگیری خۆیان بۆ ژنانی کورد پیشاندابوایە کە زوڵم و زۆریان لەسەرە و خاک و نیشتیمانیان زەوت کراوە، کوا ئەو ژنانەی لە سەرانسەری جیهان بانگەشەی ئاشتی دەکەن، مەگەر ئاشتی و مرۆڤایەتی شتێکە هەرگیز لە کوردستان بەدینایەت؟."
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئاشتی دەکەن چاویان لە جەنگ و داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆشیەوە، بەڵام ئەوان وەک ژنان بەردەوام دەبن و بێ سنور تێدەکۆشن.
(ش ب)