"ناوەندی بڕیاری یەکێتی شەرعیەتی نیە"
17:01
ژنها
ناوەندی هەواڵ - لەرونكردنەوەیەكدا بەناوی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە"، راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەناو حزبەكەدا بەبێ پەسەندنەكراوی پەیڕەوی ناوخۆ رەتدەكەنەوەو پێیانوایە "شەرعیەتی نیە".
ئەو رونكردنەوەیە دوای كۆبوونەوەیەك هات كە ئەمڕۆ هەینی لەدەباشان بەرێوەچوو و لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو حزبە بڵاویكردەوە، بەئامادەبوونی ئەو مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییانەی لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی، جیاوازییان هەیە، بە سەرکردایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.
لەرونكردنەوەكەدا هاتووە "راگەیاندنێكی هەر ئۆرگانێك، یان ناوەندێك، لەپەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند نەكرابێ، لای زۆرینەی ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتیی، بەهیچ چەشنێ، شەرعییەتی نییە".
هەروەها باس لەوەكراوە "بابەتی هەستیاری ئاوهای بەشێكی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، كە راگەیەندراوە، دوور و نزیك، لەمەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتیی باس نەكراوە؛ هەروەها رەزامەندی ئەنجومەنی ناوەندیشی لەسەر وەرنەگیراوە".
جەخت لەوەشكراوەتەوە كە "دوای هەوڵێكی بەرپرسیارانە بۆ ئارام راگرتنی دۆخی ناو یەكێتییو دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، بەمزوانە ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەداتو دوا سیاسەتو هەڵوێستی یەكێتیی، رادەگەیەنین".
ئەوەش دوای ئەوەدێت، جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیو كادرانی پێشكەوتوو، شەوی رابردوو ناوەندی بڕیاری یەكێتی-یان راگەیاند، بەهۆی رەخنەو تێبینیەكانیان لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی حزبەكەو پێگەی لەئاست رووداوەكاندا.
(ش ب)