"هونەرمەندی ڕاستەقینە شۆڕشگێڕترین کەسە"
12:14
ژنها
ناوەندی هەواڵ – هونەرمەند زۆزان گابار، لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باس لە ئەرک و ڕۆڵی هونەرمەند لەم قۆناغەدا دەکات و ڕادەگەیەنێت، هونەرمەندی ڕاست کەسێکی هەرە شۆڕشگێڕەو لەدژی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەوەستێتەوە.
"شۆڕشی ڕۆژهەڵات شۆڕشێکی کەلتوریە"
زۆزان گابار ئەندامی ناوەندی چاندی بێستون لە بارەی ئەرکی هونەرمەندان لەو قۆناغەدا وێرای پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، دەڵێت: ''کاتێ مرۆڤ چاو لە هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەست بە جیاوازی زۆر دەکەین لە گەڵ هونەر لە پارچەکانی تری کوردستاندا، ڕۆژهەڵات ئەو بەشەی کوردستانە کەلە بواری هونەردا کە سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەکی باش هەتا ئێستاش خۆی پاراستووە. وە بۆچوونێکی ڕێکخستنی ئاپۆیی-ش هەیە لەسەر ڕۆژهەڵات کە پێی وایە شۆڕش لەو بەشەدا لەڕێگای کەلتورەوە پێش دەکەوێت، دیارە هونەریش بەشێکە لەکەلتور کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت."
"هونەرمەندی پێشەنگی کردنی شۆڕشەکانە"
ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین شێوازی کار لەناو هونەرمەندان-دا هەیە کە هەندێک لەوانە کاری زۆر باش دەکەن، هەروەک ئەوەی لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوادا چەند بەرهەمێکی جوان و بەواتا ئەنجامدران کە مرۆڤ دەبێ سوپاسیان بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستە هەنگاوێکی تریش بهاوێژن نەک ئەوەی کە بۆ سەرهەڵدانی ڕۆژئاوا کراو ئیتر ڕاوەستن چونکە هونەرمەند لە هەموو دونیادا پێشەنگی شۆڕشەکانن بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد کە بەساڵانە لەژێر دەستی داگیرکاریداین، ئێستا دەرفەتی شۆڕش دروست بووە بۆیە پێویستە هونەرمەندان سەرکێشی بکەن."
"بەناوی پرۆفیشنالی هونەرمەند لە راستینەی کۆمەڵگا دابڕاون"
ناوبراو ئاماژە بە دابڕانی هونەرمەند لە کۆمەڵگە دەکات و دەڵێت: "لەلایەکی تریشەوە ئەمڕۆ دەبینین بەشەکانی تری هونەر وەکو شانۆ، نیگارکێشی و سینەماو..... بەداخەوە بەناوی پرۆفیشناڵ بوونی کارەکان دابڕان لە کۆمەڵگای خۆمان دەبینین، هەندێک لە هونەرمەندان کەوتوونەتە سەرەوەی کۆمەڵگاو دابڕاون لە ئێش و ئازار و پێویستیەکان، وە ڕاستینەی کۆمەڵگای خۆیان کە ئەمە مەترسیەکی گەورەیە چونکە هەبوونی هونەرمەند لەگەڵ کۆمەڵگای خۆی و بینەرانی هونەرەکەی دایە. هونەرمەند ئەوەیە کە بەهونەرەکەی هەست و ڕۆحی گەلەکەی بژیەنێت نەک بەناوی پێشکەوتنەوە کارو بەرهەمەکانی پێشکەش بە چینێکی بیرۆکرات و دەسەڵات دار بکات بە بەهانەی ئەوەی کە کۆمەڵگا تێناگات و تەنها ئەو کەسانە لە هونەرەکەی ئەو تێدەگەن لەبەر ئەوەی کارێکی جیاوازە، بەبڕوای من ئەوە نەک خۆ خەڵەتاندن بەڵکو نەزانیەکی گەورەیە. بۆیە بە بڕوای من پێش کەوتنی ئەم هێڵ و شێوازەی هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مەترسیەکی گەورەیە. کەسێک کە لە کۆمەڵگا دابڕاوەو ڕەوشی ناهەمواری گەلەکەی، برسی بوون و تاڵانی و شەهید خستنی گەنجان نەبینێ و تەنها لە ئاستێکی ژووردا هونەر بۆ کەسانێکی دیاری کراو پێشکەش بکات، ئەو مرۆڤە ناتوانێ بڵێ من هونەرمەندی ئەو گەلەم بەڵکو زیاتر لەوە ڕانت کردن و خۆژیاندنە لەسەر نرخ و بەهای گەل."
"هونەرمەندی ڕاستەقینە شۆڕشگێڕترین کەسە"
زۆزان گابار هونەرمەند و ژنە گەریلای کورد، لە بەشێکیتری هەڵسەنگاندنەکانیدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر گرفتە سەرەکیەکانی هونەر و دەڵێت: "کێشەیەکی تر لە نێوان هونەرمەندان-دا ئەوەیە کە هەندێ کەس ڕوو لە شێوازی دەرەوە دەکەن و بە بەرهەمەکانیان خزمەتی سیستەمی مۆدێرنیتە دەکەن، لەکاتێکدا هونەرمەند دەبێ خاوەن هەڵوێست بێت چونکە هونەرمەندی ڕاست کەسێکی هەرە شۆڕشگێڕەو لەدژی سیستەم ڕادەوەستێ، بەڵام ئەوە نابێت کە قسەی من لە دژی سیستمە بەڵام کردەوەی من بکەوێتە خزمەتی سیستم. ئەگەر کردارو گوتن نەبێتە یەک ئەوکاتە خزمەتی گەل و کۆمەڵگا ناکرێت. بۆیە پێویستە ڕێ لەبەردەم تەشەنە سەندن و فراوان بوونی ئەو شێوازە بگرێت و دەرفەتەکانی تر کە دەتوانرێ خزمەتی هونەری ڕاستی پێ بکرێت بەکار بهێنرێن."
(ش ب)