ئەگەر دەوڵەت دیوار دروست بکات ئەوا کێڵگەکانی لەدەست دەدات
15:28
بنەفش ساریا/ ژنها
کۆبانێ – ژنە کوردێکی کۆبانێ ڕادەگەیەنێت گەر تورکیا دیواری شەرم لێبکات، ئەوا کێڵگەکانی لەو دیوی سنور دەمێننەوە.
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەستی بە داگیرکردنی سنور کۆبانێ کرد، هاوڵاتیانی ئەو شارە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن و لەسەر سنور لەناو بەرخۆدانێکی بێوێنەدان.
سەفا تەمی، یەکێک لەو ژنە گوندنشینانەیە کە گەر دیوار لەسەر سنوری کۆبانێ و شاری ڕوحا لێبکرێت کێڵگەکانی دەکەوێتە ئەو دیوی دیوار، سەفا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "ڕێگە بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نادەین لە سەدەی ٢١ مین دیواری شەرم لێبکات."
ناوبراو وتیشی: "ڕۆژانە دەێمە ناو کێڵگەکەم، کێڵگەکەم زیانی زۆری بۆمبی فرمێسک ڕێژ و گازە کیمیاویەکانی بەرکەوتوە، چەند ڕۆژیشە هەم بەشداری چالاکی دەبم هەمیش کاری کێڵگەکەم دەکەم، بەڵام گەر دیوار لێبکەن کێڵگەکەم لە دەستدەدەم، چونکە ئێمە تا ئێستا دانمان بەو سنورە دەسکردانە نەناوە و هیچ حسابێکیش بۆ دەوڵەت ناکەین.
سەفا بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد کرد دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا وتیشی: بانگەوازی من ئەوەیە وەرن با پێکەوە خاوەنداری لە خاکی خۆمان بکەین، ڕێگە نادەین هیچ کەس لێکمان جیاکاتەوە."
جێگەی ئاماژەیە دوای چەندین ڕۆژ هێرش و پەلاماردانی بەرخۆدێرانی سەر سنور دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ شەممە، دەستی کردوە بە دروستکردنی دیوارێک لە سەر سنوری کۆبانێ.
(ش ب)