بە چالاکیەکی بەشکۆ داوای ئازادی ئۆجالان کرا
09:16
ژنها
سلێمانی - بە رێپێوانێکی شکۆدار و جەماوەریی، گۆشەگیریی سەر رێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا.
لە باشوری کوردستان گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە رۆژبەرۆژ کاردانەوەی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، ئێوارەی دوێنێش جەماوەری شاری سلێمانی بە خۆپیشاندانێکی جەماوەری داوای ئازادی ئۆجالانیان کرد.
خۆپیشاندانەکە بە دەستپێشخەریی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و بە بەشداریکردنی گەنجانی وڵاتپارێز و رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (رژاک) و ژمارەیەکی زۆر لە جەماوەری شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
بەشدارانی رێپێوانەکە لە سەهۆڵەکە کۆبوونەوە و دواتر بە وتنەوەی دروشمی شۆرشگێرانە و بژی سەرۆک ئاپۆ و بەرزکردنەوەی ئاڵا و پۆستەری ئۆجالان و دروشمی (بە بەرخۆدان پیلانگێڕیی شکستی هێنا)، هەتا پارکی نالی بەپێ رۆیشتن.
لەگەڵ گەیشتن بە پارکی نالی کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەو پارکە دەست بە چالاکییەکی چادر هەڵدان کرابوو بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان، حاجی ئازاد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکان، تیشکی خستە سەر چالاکییەکە و وتی:"ئێمە چالاکی ئەو چادرهەڵدانەمان دەستپێکرد بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگە هیچ هەواڵێکی نییە، هەربۆیە لێرەوە داوا دەکەین لە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەردەوامی بە چالاکییەکان بدەن، ئێمەش لێرەوە بەردەوام دەبین و بەرخۆدان دەکەین بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و بە زووترین کات پارێزەرەکانی و رێکخراوە مەدەنییەکان هەوڵ بدەن چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن و ئێمەش دڵنیا بینەوە لە تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالان".
دواتر بێریڤان کانو، لەسەر ناوی خۆسەری دیموکراتی باکوری سوریا، لە لێدوانێکدا وتی:"بەناوی خۆسەری دیموکراتی باکوری سوریا، سڵاو لە هەمووتان دەکەم، خۆبەخاوەن زانینی رێبەر ئاپۆ، خۆبەخاوەن زانینی ئازادییە، خۆبەخاوەن زانینی رێبەر ئاپۆ، جەوهەری مرۆڤایەتییە، ئەو داگیرکارییەی سەر جەرابلوس، بەتەنیا لەسەر جەرابلوس نییە، داگیرکردنی ئیرادەی میلەتەکەمانە".
دواتر چەند وتەیەک لەلایەن نوێنەری هەدەپە و وتەبێژی رێکخراوی ژنانی ئازاد پێشەکەش کران، بەدەم وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.
(ش ب)