سێیەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوێد بەڕێوەچوو
10:29
ژنها
ستۆکهۆڵم – سێیەمین کۆنگرەی دایکانی کورد لە سوێد دوای دوو ساڵ کاروخەباتی دایکان لە ژێر دروشمی "دايك كلتوره، ژن ژيان ئازادی" بەسەرکەوتووی بەرێوەچوو، لە ئەنجامی کۆنگرەشدا دەستەیەکی نوێی بەڕێوەبەری کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون هەڵبژێردران.
کۆنگرەی کۆمەڵەی دایکانی کورد لە شاری ستۆکهۆڵم-ی سوێد، بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگران لە ٣ی ئەم مانگە لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.
کۆنگرە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و بە سرودی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد. دواتر نەسرین پشدەری، بەرێوەبەری کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوێد، چۆنێتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دواتر گوڵاڵە خزری، وتەبێژی کۆمەڵەی دایکان لێدوانی کۆمەڵەی دایکانی خوێندەوە و کۆنگرەی لە دایکان و ژنان پیرۆز کرد.
هاوکات دیوانی کۆنگرە کە لە هەریەک لە ئامینە راد، ئوجەل دورما و گوڵاڵە پێکهاتبوون، هەڵبژێردران و ڕاپۆرتی کاروخەباتەکانی کۆمەڵەی دایکان خوێندرایەوە،
دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی کاروخەباتەکانی ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، ژنان بەشێوەی دەنگدان دەستەیەکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکەیان هەڵبژارد کە پێکهاتبوو لە (خاوەر قه تارى، مەعسومه ئەمين، گوڵاڵه خزرى، ڕابیعە ڕەحمەتی، ئوجەل دورما، ئامینە راد و تارا سەعید).
پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوەخۆی کۆمەڵە دووبارە بە کۆی دەنگ وەک خۆی مایەوە. هەروەها بڕیاردرا هەر تاکێک ببێت بە ئەندامی کۆمەڵە بڕی ٢٥٠کڕۆنی سوێدی ببەخشێت بە کۆمەڵە.
هەروەها لە میانەی بڕیارەکانی کۆمەڵەی دایکاندا، هەریەک لە نینا حەسەن و ڕێزان محمەد وەکو سەرپەرشت و چاودێرەی ئابوری لە کۆمەڵەکە و هەریەک لە نگین وەتەنی و عالیەش وەک بەرپرسی ئامادەکاری کاروباری کۆنگەرەی داهاتوو دەستنیشان کران.
کۆنگرە کەماوەی ڕۆژێکی خایاند بە سەرکەوتووی و بە جۆشێکی گەرمەوە کۆتایی هات.
(ش ب)