سەمبۆلی تێکۆشانی ژنان لە مانگرتن دایە

10:59

ژنها

ناوەندی هەواڵ – لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی(کەجەدە) ماوەی٢٤ ساڵە لە ناو تێکۆشانی ئازادیخوازی ژناندا خەبات دەکات، ئێستاش لە مانگرتنی بێ کۆتایی دایە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە.

لەیلا گوڤەن لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندێکی شاری قۆنیا لە دایکبووە، بە ڕەسەن کوردی ئەنادۆڵی ناوینە، بچوکترین ئەندامی خێزانەکەیەت کە لە حەوت خوشک و برا پێکهاتوون، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا و لە تەمەنێکی بچوکدا بە گوێرەی دابونەریتەکانی کۆمەڵگا هاسەرگیری پێدەکرێت، ماوەی پێنج ساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەسەر دەبات و دوای دەگەڕێتەوە کوردستان، دایکی کوڕ و کچێکە.

لەیلا لە ساڵی ١٩٩٠ دەست بە خەباتی سیاسی دەکات و لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆر بە چانسم بەوەی تەڤگەری ئازادیخوازیم ناسی، چونکە دوای ئەوەی هاتمە ناو خەباتی سیاسی وەک ژنێک خودی خۆم ناسی، زانیم کە کوردم، ناسنامە و بوونم قەدەغە کراوە، ئەوەش هەمیشە وەک پرسیارێک بووە کە کردوومە و بەگوێرەی ئەوەش پەرەم بە تێکۆشانی خۆم داوە."

لەیلا یەکێک لەو ژنانە بووە کە هەم منداڵەکانی خۆی بەخێو دەکات هەمیش بە دەست و پەنجەی خۆی بژێوی ژیانی دابین دەکات، دوای چەند ساڵێک لە خەباتی سیاسی لە ساڵی ١٩٩٤ دا دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری "هاداپ" لە شاری قۆنیا، هاوکات سەرۆکایەتی لێژنەی ژنان دەکات لەناو هەما پارتدا. لەیلا لە بارەی خەباتەکانیدا دەڵێت: "کاتێک ڕێبەری گەلی کورد دەستگیکرا بڕیارم دا بە شێوەیەکی پرۆفیشنال کار بکەم بۆ ئەوەی بتوانم بەرپرسیارێتی خۆم بە جێ بێنم."

لەیلا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٩ دا دەبێت بە کاندیدی پەرلەمان و لە ساڵی ٢٠٠١ دا دەچێت بۆ ئەنقەرە و لەوێ دەبێت بە سەرۆکی دەستەی ژنان لەناوەندی "هاداپ". هەر لەو ساڵەدا دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی هەمان پارتی تا ساڵی ٢٠٠٤. لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەبێت بە سەرۆکی شارەوانی لەناوچەی "کوچوک دیکلی" سەربە سەیهان لە شاری ئەدانا. دوای پێنج ساڵ لە ئەرکەکەی، لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی ٢٩ی ئاداری ٢٠٠٩دا دەبێت بە سەرۆکی شارەوانی وێرانشار، بەڵام دوای هەشت مانگ لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی "کەجەکە" دەستگیرکرا و ماوەی پێنج ساڵ لە گرتوخانە مایەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی مانگی حوزەیراندا وەک پەرلەمانتاری شاری ڕوحای پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) هەڵبژێردرا.بەڵام حکومەتی ئاکەپە ئیرادەی گەلی پێشێلکرد و هەڵبژاردنەکانی پەسەند نەکرد. لەیلا بە بێ کۆڵدان لە ٢٦ ی مانگی ئاداری ٢٠١٥ دا لە کۆنگرەی ئاسایی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی(کەجەدە) بوو بە هاوسەرۆک."

(ش ب)