"دەبێت سیستەمی پەروەردە بکرێت بە سیستەمی پەروەردەی دایک"
11:11
ژنها
کەلار - مامۆستایان و خوێندکارانی ژن لە دەڤەری گەرمیان ڕادەگەیەنن کە سیستەمی خوێندن بەرەو داڕمانە بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی سیستەمی دایک پەرە بە سیستەمێکی نوێی خوێندن بدرێت.
ژنان ڕادەگەیەنن: پەروەردە بەرەو داڕمانە، مامۆستا هیچ ڕۆڵێکی نەماوە و هەموو جومگە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا بوونەتە قوربانی سیستەمی دەسەڵاتداری.
لەو بارەیەوە جوانا جەلیل، خوێنکاری زانکۆ و ڕۆژنامەوان لە کەلار وتی: "لایەنی پەروەردەیی لە زانکۆ و خوێندنگاکان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، ئەوەندەی گرنگی بە بابەتە دیاریکراوەکانی ناو زانکۆکان دەدرێت گرنگی بە چۆنێتی پەروەردەکردن نەدراوە و کاتی بۆ تەرخان نەکراوە."
جوانا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو لە قۆناغی سێیەمی زانکۆدا دەخوێنێت، بەڵام تا ئێستا گەشتێکی زانستی نەکردوە ناوبراو جەختیشی کردەوە: " زانکۆکانمان جێگەی زانست و ڕۆشنبیربوون نین وەک ئەوەی دەوترێت، گەر سیستەمی پەروەردە بەو شێوەیە بەردەوام بێت نابێت چاوەڕوانی ئاییندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵگاکەمان بکەین."
ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگی پەروەرەی خێزانی لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە و ڕەخنەی ئاراستەی میدیا کوردیەکان کرد و وتیشی: "تا ئێستا کەناڵێکی تایبەت بە منداڵان نیە، ئەگەر هەشبێت حزبێک لە پشتیەوەیە و هزری حزبایەتی و خێڵگەرایی لەناو منداڵان بڵاو دەکەنەوە کە رێگرە لە بەردەم پێگەیشتنی منداڵان بە شێوەیەکی تەندروست. بەتایبەتیش ئەو درامایانەی لە هەندێک تیڤی پێشەکەش دەکرێن، گەورەترین کارەساتن بۆ کۆمەڵگاکەمان، کەلتور و ئەخڵاقی کۆمەڵگا بەرەو داڕووخان دەبەن. ئامانجی سەرەکیشیان لە پێشەکەشکردنی ئەو درامایانە ئەوەیە گەنجان بیر لە هیچ لایەنێکی نەتەوایەتی نەکەنەوە و کۆمەڵگا بشێوێنن."
هەروەها مەهاباد فایەق، وەک خوێندکار و دایکێک بەو شێوەیە لەسەر دۆخی پەروەردەی خوێندن قسەی بۆ کردین: "لە ناوچە دابڕێنراو و دەستبەسەرەکان پێویستە زیاتر گرنگی بە پەروەردە بدرێت، بە تایبەتیش پەروەردەی ژنان، دەبێت ژنان بە ئاستێک بگەیەنرێن بتوانن لە هەموو شوێنک خاوەن بیروڕای خۆیان بن. ئەگەر دایکێکی پەروەردەکراو بێت ئەوا منداڵێکی خاوەن ئەزمون و پێگەیشتوو پێدەگەیەنێت."
ناوبراو بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "دەبێت سیستەمی خوێندن لە شێوەی سیستەمی دایک بێت، تەنیا سیستەمی دایکە دەتوانێت بە گوێرەی ڕاستی کۆمەڵگا منداڵ پەروەردە بکات و نەوەیەک بەرهەم بێنێت کە پشت بە خۆی ببەستێت. نابێت پەروەردەی کۆمەڵگەی ئێمە بە گوێرەی سیستەمێکیتر بێت. بەتایبەت ژنان خۆیان لە هەموو ڕوێکەوە پێشبخەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو سیستەمەی پەروەردە ڕەت بکەینەوە کە بەزۆر بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا دەسەپێنرێت."
لای خۆشیەوە مامۆستا نەورۆز فاتح، لە کەلار ئاماژەی بە رۆڵی ژنان کرد لە پەروەردەدا و بەو شێوەیە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد: "بە هۆی داسەپاوی ئەقڵیەتی پیاوسالاری وەک ژنان نەمانتوانیوە ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، هەمیشە لە چوارچێوەی هزری پیاو جوڵاینەتەوە، بۆیەش پێویستمان بە پەروەردەی تایبەت بە ژنانە، تا بتوانین کاریگەریەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە هزری خۆمان بسڕینەوە، چونکە تا ئێمە وەک ژنان خۆمان پەروەردە نەکەین ناتوانین وەک پێویست منداڵەکانیشمان پێبگەیەنین، هەر بۆیە دایک و مامۆستا خاوەن هەمان ڕۆڵن."
ئەو مامۆستا ژنە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیستەمی خوێندن بە گشتی لە هەرێمی کودستان بەرەو داڕمانە، وتیشتی: مامۆستایانیش هیچ ڕۆڵێکیان نەماوە لە سایەی ئەو دۆخەی دروستکراوە، مامۆستا ئەو کەسەیە دێت و دەچێت هیچیتری بۆ نەماوەتەوە. خوێنکاریش ئیتر وەک پێشان خوێندن بە هەند ناگرێت و لە کاتی خۆی ناچێتە خوێندنگە، هەموویان بوون بە قوربانی ئەو سیستەمەی دەسەڵاتداران کە بە ئارەزووی خۆیان کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن."
مامۆستا نەورۆز باگەوازیشی لە مامۆستایان کرد کە بە گەڕانەوە و نەگەڕانەوەیان بۆ خوێندنگاکان خاوەن یەک هەڵوێست بن و نیو موچەیی پەسند نەکەن.
(ش ب)