یونسێف، لەسەر دۆخی منداڵانی ئاوارە ڕاپۆرتێک بڵاودەکاتەوە

12:40

ژنها

ناوەندی هەواڵ - رێکخراوی یونسێف لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات ٥٠ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە شوێنی خۆیاندا نەماون، ٢٨ ملیۆنیان بەهۆی شەڕو ململانێکانیان بە بێ ویستی خۆیان ئاوارەبوون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی بەپەلەی منداڵان (UNICEF)، له‌ راپۆرتێكدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی‌ بەوە كردووه‌، منداڵان سێ-یەکی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێک دێنن بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٥، هەروەها نیوەی ئاوارەکانی جیهانیش منداڵانن، بەشێوەیەک لە دەیەی رابردوودا ژمارەی منداڵانی ئاوارە دوو قات بەرزبووەتەوە.

تێد چایبان، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی یونسێف لەجەنەوا ده‌ڵێت، پێویستە ئەو منداڵانە وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت‌و پارێزگارییان لێ بکرێت‌و خزمەتگوازرییەکانی وەک خوێندنیان بۆ دابینبکرێت.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ئێستادا ١٠ ملیۆن منداڵی ئاوارە هەن، هەروەها یەک ملیۆنێش دوای مافی پەنابەری دەکەن‌و تا ئێستا چارەنووسیان دیارنییە. ١٧ ملیۆنەکەی دیکەش بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە شوێنەکانی خۆیان نەماون، یان رۆیشتوونەتە شوێنێکی دیکە لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا، یاخود لە یەکێک لەوڵاتە دراوسێکانیانن.

هه‌روه‌ها ٤٥%ی هەموو منداڵە ئاوارەکانی جیهان لە وڵاتانی سوریاو ئەفغانستانەوە هاتوون. ژمارەی ئەو منداڵانەی بە تەنها سەفەریان کردووە زیادی کردووەو ١٠٠ هەزار منداڵ بەبێ هیچ کەسێکی نزیک لە ٧٨ وڵاتی جیاواز لە ٢٠١٥ داوای مافی پەنابەرییان کردووە.

منداڵە کۆچەرو ئاوارەکان لە کاتی گەشتەکانیاندا تووشی چەندین مەترسیی‌و سەرکێشی دەبنەوە وەک خنکان لەدەریا، خراپی خۆراک، کەمیی ئاو و وشکبوونەوە، ڕفاندن، دەستدرێژیکردن‌و کوشتن. هەروەها لە کاتی گەیشتن بە وڵاتی نوێشدا توشی جیاکاریی‌و فۆبیای بێگانە دەبنەوە.

(ش ب)