دوو ساڵەی گەریلا لە باشوری کوردستان
10:10
ژنها
ناوەندی هەواڵ – دوو ساڵ لە مەو بەر گەریلاکانی "هەپەگە" و "یەژاستار" بۆ بەرگری کردن لە خاکی هەرێمی کوردستان گەیشتنە باشوری کوردستان.
لە سەرەتای مانگی ئابی سالی ٢٠١٤ دا، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان رووبەروی هێرشی داعش بوەوە و شەنگال و گوێر و مەخمور و شوێنیتر داگیرکران،هێزەکانی گەریلا یەکسەر هاتنە ناو بەرەی شەر و بەربەستێکیان دژی هێرشی داعش دروستکرد و لە بەرگری و لە ئازادکردنی زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا، دژی داعش، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری شەریان کرد و سەدان شەهید و برینداریان دا.
بەو پێیە دوای گەیشتنی شەنگال، لە ٨ی ئەیلولی ٢٠١٤دا پۆلێک گەریلا گەیشتە مەخمور و لە ٩ی مانگیش گەیشتنە شاری کەرکوک، گەریلاکان بەدروشمی "شەڕ بۆ ئازادی باشوری کوردستان"ڕوویان لە شاری کەرکوک و شارۆچکەی مەخمور و چەند ناوچەیەکیتر کرد، گەریلاکان بەشداریان کرد لە چەندین هەڵمەتی دژ بە چەتەکانی داعش و توانیان چەندین شارۆچکە و گوند ئازاد بکەن.
هاوکات سەرکەوتنی گەریلاکان و بەتایبەتیش گەریلاکانی یەژاستار لەو ناوچەیە کاریگەری زۆری بەجێهێشت لەسەر کۆمەڵگەو هێزەکانی بەرگری. لە شەڕ، بەرگری و هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکاندا چەندین گەریلای یەژاستار و هەپەگە بە قارەمانی گیانیان بەختکرد، وەک: "گەریلا و ڕۆژنامەوان دەنیز فورات، ئاڤێستا هارون، مەروان گەزگۆر ئارمانج کوردە، بنەفش دەنیز و .... "، ئەوان وەک هەمیشە لە ژێر دروشمی کوردستان یەکپارچەیە و ئامادەین لە هەر بستێک خاکی ئەو وڵاتە تێبکۆشین بەرخۆدانیان هەڵبژارد.
وەک خۆیان دەڵێن ئەوان تەنیا دژ بە دوژمنان شەڕیان نەکرد، بەڵکو دژی هەموو سیاسەتەکانی لەنێوبردن و نکۆڵی کردن و تواندنەوە خۆڕاگیران نواندوە. دوای دوو ساڵ لە مانەوەیاندا لە شاری کەرکوک و دەوروبەری گەریلاکان ئێستا بوونەتە خاوەن پێگەی ستراتیژی خۆیان و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگڕێن لە بەرگریکردن لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان لە چەتەکانی داعش.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەندین جار بە فەرمی و نافەرمی داوا لە گەریلاکان کرا لە خاکی هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکەن. لە بەرامبەر دروست نەبوونی دووبەرەکی و ئاڵۆزی "کەجەکە" بڕیاریدا گەریلا بکێشێتەوە، بەڵام لە ٢٠١٥/٣/١٣ لە بناری قەندیل جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێ کوردستان(کەجەکە) و فاتیمە عادل ئەندامی کۆنسەی کۆما جڤاکێ کوردستان کەجەکە پێشوازیان لە شاندێکی هاوبەشی شارەکانی باشوری کوردستان کرد. سەرەتا یاداشتی (کەمپینی یەکڕیزی گەریلا و پیشمەرگە ) لەسەر ناوی هەموو بەشداربووانی شاندەکە خوێندرایەوە و ڕادەستی جەمیل بایک کرا ، یاداشتەکە لە ناوەڕۆکدا داوای مانەوەی گەریلاکانی پەکەکەی لە بەرەکانی شەڕی دژ بەداعش لە باشوری کوردستان و یەکڕیزی نەتەوەیی دەکرد.
شاندەکە پەنجا کەسایەتی بوون کە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی شارستانی و زیندانیانی سیاسی و ژنان و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتی سەربەخۆی پێکهاتبوو ، لە دیدارەکەدا بەشداربووانی شاندەکە داوای مانەوەی هێزەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە بەرەکانی شەڕی دژ بەداعش لە باشوری کوردستان کرد .
هەر بۆیە لەسەر خواستی هاوڵاتیان لە باشوری کوردستان، کە وەک پێویستیەکی نەتەوەیی و ئاسایشی بابەتەکە تاوتوێ دەکرێت، تا ئێستاش گەریلا لە بەرەکانی جەنگ لە کەرکوک و مەخمور و چەند ناوچەیەکیتر لە بەرەکانی جەنگدان.
گەریلاکانی یەژاستار، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان بەجۆشەوە بەرگری لە خاک و خودی خۆیان دەکەن، یەکێک لەو گەریلایانەی قسەی بۆ کردین رایگەیاند، هەرچیەکیش ڕووبدات مۆڕاڵ و ورەی ئەوان ناڕوخێت.
سەنگەر و سنوری گەریلاکان زۆر پتەون، بەر لە چەند حەفتەیەکیش فەرماندە بێریتان ڕووکەن لە بەرەکانی کەرکوکەوە ئاماژەی بەوەدابوو لە ئامادەکاری تەواو دان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر هێرشێک.
(ش ب)