قەڵادزێ، سمیناری 'ئازادی ئۆجالان ئازادی ژنانە' بەڕێوەچوو

10:13

ژنها

سلێمانی - لە شارۆچکەی قەڵادزێی ناوچەی پشدەر، لەژێر ناونیشانی، (ئازادی ئۆجالان، ئازادی ژنانە) سیمینارێک بەڕێوەچوو.

دوای نیوەرۆی دوێنێ چوارشەممە ٧ی ئەیلول، لە كافتریای سۆفیا لە شارۆچكەی قەڵادزی، رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان 'رژاك' لەسەر بارودۆخی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە سازکرا.

سمینار سەرەتا بەڕێزگرتن بۆ گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی دەستی پێکرد.

ئەڤین زیلان، ئەندامی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سمینارەکەی بەڕێوەبرد و سەبارەت بە ئامانجی سیمینارەكە ئەوەی راگەیاند:"ئامانجی ئێمە لەو سمینارە ئەوەیە كە لە ئێستادا گۆشەگیری و فشارێكی زۆر لە سەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، ماوەیەكی درێژە هیچ کەس ئاگاداری بارودۆخی ئۆجالان نییە، دەبێت ئێمەی كورد خاوەن هەڵوێست بین لە بەرانبەر ئەو گۆشەگیرییە".

لە بەشێکی سیمینارەکە ئاماژەی بەوە کرد:"ئۆجالان بە درێژایی تەمەنی خۆی بەرگری لە مافی گەلی كورد و گەلانی بن دەستی ناوچەكە کردوە، بۆیە دەبێ گەلی کوردیش خۆی بەخاوەنی ئەو بزانێ ئاگادار بین لە بارودۆخ و سەلامەتی ئەو، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هەڵوێست وەرگرین".

ئەڤین زیلان لەو سیمینارە لە درێژەی قسەکانی خۆی دا و رەخنەشی ئاراستەی باشووری کوردستان کرد و وتی:"دەبینین لە باكوری كوردستان مانگرتن لە خواردن دەستی پێكردوە، لە بەشەكانی تریش هەڵویست هەیە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا سەركردەكانی باشوری كوردستان نە لێدوانێك نە بە ئیدانەیەك بەرانبەر بە رەوشی ئۆجالان، بەرانبەر رەوشی رۆژئاوای كوردستانیش هەڵوێستێك وەرناگرن".

لە بەشێکی تری سیمینارەکە ئاماژەی بەوە کرد:"ئەگەر ئێمە لە ئێستادا هاودەنگ و هاوهەڵوێست نەبین، مێژوو بەرۆكمان دەگرێت لە داهاتوودا، چونكە كوردستان فرە حزب و فرە نەتەوەی تێدایە، دەبێت بەدەم ئەو بانگەوازە بچین كە ئاپۆ كردی بۆ گۆنگرەی نەتەوەیی، دەبێت هەرچی زووە بكەوینە كار و هەماهەنگی، دەبێت ژنانی كورد هەڵوێست وەرگرن، چونكە ئازادی ئۆجالان، ئازادی ژنانە ".

(ش ب)