چیای شەنگال، ژنان کەلتوری ڕەسەن زیندوو دەکەنەوە
10:23
پاکیزە خەلیل – ژنها
شەنگال - ژنانی ئێزیدی بە درێژایی مێژوو بەها ماددی و مەعنەویەکانی خۆیان پاراستوە، ئێستاش لە ژێر هەلومەرجی سەختی ژیاندا ئامادەکاری خۆیان دەکەن بۆ دروستکردنی خواردنە ڕەسەنەکانی خۆیان.
هاوڵاتیانی ئێزیدی کە تەرکی زێد و چیای خۆیان نەکرد بە خۆراک و کەلوپەلی ڕەسەنی خۆیان بەردەوامی بە ژیان دەدەن، ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال، بەدروستکردنی چەندی جۆرە خواردنی دێرینی خۆیان، هەم ژیان دەگوزەرێنن، هەمیش بەردەوامی بە کەلتوری ڕەسەنی خۆیان دەدەن.
بەرفێ ئەلیاس یەکێک لەو ژنانە و دانیشتووی گوندی "کۆلکا"یە. بەرفێ لە بارەی کارەکەی وتی: "چەندین خواردن لە گەنم دروست دەکەین، یەکێک لەوانە مەهیرە(دۆینە)، بۆ ئەوەی ئەوخواردنە سازکەین دەبیت سەرەتا گەنمەکەمان ئامادە بێت، دوای ئەوەی گەنم دەشورێتەوە، لە جۆنی دەکوترێت، پاشان لە بەر خۆر دادەنرێت و دەیخەینە بەر با بۆ ئەوەی توێکڵەکەی لەگەڵ با بڕوات، پاشان دیسان دەیشۆینەوە ماوەی کاتژمێرێک لە سەر ئاگرێکی بە گوڕ دایدەنێین، بەو شێوەیە دەکوڵێت و بۆ خواردن ئامادە دەکرێت. لە کەلتوری خواردنی ئێمەدا زۆرێک خواردنی جۆراوجۆر دروست دەکرێن، بەڵام وەک خەڵکی ئێزیدی زۆر حەزمان لە خواردنی دانەوێڵە یە بەتایبەتیش ئەو خواردنانەی لە گەنم دروست دەکرێن. "
(ش ب)