ژنانی کەرکوک: ئیرادەی کۆمەڵگە بە ژنێکی هۆشیار پێشدەکەوێت
13:08
ژنها
کەرکوک – لە بەردەوامی هەڵمەتی رێکخراوی ژنانی ئازاد (رژاک) بۆ پەروەردە و پێشخستنی ژنان، ژنانی کەرکوکیش بەشداریان کرد لە خولێکی سێ ڕۆژەدا.
ژنانی بەشداربووی پەروردەر هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگە و گرنگی ئەو جۆرە پەروەردانە کرد.
لاڤین نورەدین ئەندامی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەو باریەوە وتی: "ئێمە وەک رژاک هەمیشە یەک لە کارە گرنگەکانمان پەروەردەکردنی ژنانە، ساڵانە چەندین خولی پەروەردە بۆ ژنان دەکەینەوە، ئەمساڵیش وەک زنجیرەیەک خولی پەروەردەیی هەرێمی و مەرکەزیما بەو مەبەستە لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ژنان بەڕێوەبرد."
ناوبراو جەختیشی کردەوە خۆشی وەک بەشداربووێک خۆشحاڵە بەوەی کە دەبینێت ژنان گرنگی بە پەروەردەی خود دەدەن و وتیشی: "لەو خولەدا ٨ ژن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەشداریان تیا کرد، بۆ نمونە لە ڕۆژی یەکەمدا شێوازی پەروەردەکردن و پەروەردەکانی رێبەر ئۆجالان بە نمونە گفتوگۆی لەسەر کرا. لە ڕۆژی دووەمدا لە سەر کۆمەڵگەی رەگەزپەرست و سروشتی جیاوازی ژنان و پیاوان و لە ڕۆژی سێیەمیشدا لەسەر ڕۆڵ و ئەرکەکانی ڕێکخراوەکەمان لەناو سیستەمی نەتەوەی دیموکراتی بە تێروتەسەلی گفتۆی لەسەر کرا."
لاڤین نورەدین سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگی پەروەردە بۆ ژنان و بەردەوامی بە قسەکانی دا: "ئێمە وەک ژن دەتوانین سەرەتا خودی خۆمان پاشان پیاو و کۆمەڵگە پەروەردە بکەین، چونکە تا خۆمان لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری رزگار نەکەین ناتوانین باس لە گۆڕینی مرۆڤی بەرامبەر و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بکەین. کۆیلایەتی ژنان تەنها پەیوەست نیە بە تاکی ژن، بەڵکو سێبەری سیسستەمی پیاوسالاری بەسەر هەردوو رەگەزدا زاڵە. "
لاڤین نورەدەین لە کۆتایشدا ئەوەی خستە ڕوو: "وەک ژنان دەبێت پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین ئایا پێویستیمان بە چ ئایدۆلۆژیایەک هەیە؟ ژن پێویستی بە ئازادیە ئازادیش بە دۆزینەوەی رێگەی ئازادی دەستپێدەکات، دەبێت وەک ژنان خۆمان لە ئایدۆلۆژیای رزگاری ژناندا قوڵ بکەینەوە. ئەوەش بەڕێگەی پەروەردە دەستەبەر دەبێت، هەر بۆیە پەروەردە گرنگە."
هەروەها ژنێکیتر لە بەشداربووانی خولەکە بەناوی شنۆ عەبدولخاڵق عەبید، لەسەر نامۆبوونی ژن لە بەرامبەر راستینەی خۆی و ڕابردووی وتی: " هۆکاری سەرەکی لە خۆ نەناسینی ژنان سیستەمی باوکسالاریە، هەموو شتێکی لە بیر ژنان بردۆتەوە، چونکە بە هەزاران ساڵە لەسەر ژن ئەو سیستەمە حوکم دەکات، لە بنەڕەتدا کاری سەرەکی ئەو سیستەمە شکاندنی ئیرادەی ژن و شاردنەوەی راستی ژن بووە لە ڕاستینەی خۆی، ئەوەش هۆکارە بۆ نامۆ بوونی ژنان بە مێژووی خۆیان. هەمیشە لاوازی بە ژنەوە لکێندراوە و لەسەری سەپێندراوە."
شنۆ داواکاریەکی ئاراستەی ژنان کرد: "داواکارم لە ژنان بە گرنگی دان بە خۆ پەروەردەکردن هەوڵی ڕزگار بوونیان بدەن لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالار، چونکە ژنان زۆرترین ڕۆڵیان گێراوە لە مێژوو بەڵام وەک دەبینین کراوە بە موڵکی پیاو، بە کۆیلەکردنی ژنان کۆمەڵگە بەدیل گیراوە، کۆیلایەتی ژنان واتا کۆیلەکردنی هەموو کۆمەڵگە."
هاوکات، دلڤان ئەکرەم، باسی لە گرنگی خۆپێشخستنی ژنان کرد لە بورەکانی هزریەوە و وەک تاکە چەکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگەی پێناسە کرد: "گەر لە دۆخی ئێستای ژنان بڕوانین دەبین بە ئاستی بێ ئومێد بوون گەیشتوون، بیرو ڕاو خزێندراوەتەوە چوارچێوەیەکی تەسک و دەمارگریەوە، کە تاک ناتوانێت بە ئازادی بیروڕای خۆی دەربڕێت. زوڵم و ستەمی کۆمەڵگە وای لەتاک کردوە بەرامبەر داواکردنی مافەکانی دەستەوەستان بوەستێت و هێزی ئیرادە بەکار نەهێنێت، بە تایبەتیش ژنان لە چوار لاوە خراونەتە ژێر گوشار، بۆیە ژنان ناچار بەخۆسوتاندن دەکرێن."
دلڤان، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری قوڵبوونەوەی هەموو گرفتەکان پەروەردەی لاوازی کۆمەڵگەیە و بۆیە وەک تاکێک گرنگی بە پەروەردەی خود دەکەم و پێویستە لە ڕێگەی خۆ پەروەردکردن بگەین بە ئاستی ژنێکی هۆشیار."
(ش ب)