دیلەک ئۆجالان: تا دواین ساتی ژیانم واز لە تێکۆشان ناهێنم

10:32

ژنها

ئامەد – دیلەک ئۆجالان کە دژ بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە دەستی کردوە بە مانگرتن ڕادەگەیەنێت: لەو ڕۆژەی ئۆجالان پێشنیازی ئەوەی بۆ کردم بخوێنمەوە و کار بکەم، بە جددیەتێکی مەزنەوە تێدەکۆشم.

دیلەک ئۆجالان خوشکەزای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری ڕوحا، لە دایک بووی ١٩٨٧ی گوندی ئامارای سەر بە شارۆچکەی خەلفەتیە، منداڵی هەرە بچوکی خێزانەکەیەتی، دیلەک هەر لە تەمەنی منداڵیەوە لەگەڵ خوشک و براکانی فێری ئەرک و بەرپرسیارێتی دەبێت، دیلەک هێشتا شەش مانگ دەبێت کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، سەرەڕای هەموو هەلومەرجە سەختەکان قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتای لە گوندی ئامارا، قۆناغی ناوەندی لە گوندی جبیل و قۆناغی ئامادەییش لە خەلفەتی تەواو دەکات، دواتر بە هۆی هەلومەرجەکانی ژیان ناتوانێت بەردەوامی بەخوێندن بدات.

دیلەک کە ئێستا لە مانگرتندایە، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئۆجالان هیچ کات تەنها بۆ ئەوان نەبووە، بەڵکو ئەو هەر لە منداڵیەوە بۆ گەل بووە و وەک رێبەرێک تەماشای دەکرا. هاوکات دیلەک ئاماژەی بەوەشدا کە دوای ئەوەی ئۆجالان لە گرتوخانەی تاکەکەسی ئیمڕاڵی پێشنیازی بۆ کردوە کە بخوێنێت و خۆی پێشبخات، ئەو دەچێتە زانکۆی ئامەد، دوای تەواو کردنی زانکۆش بەشداری دەکات لە خەباتەکانی ژنان لە شاری ئامەد.

دیلەک لەسەر ئەو کاروخەباتانەش وتی: "لەو ماوەیەی لە ئامەد بووم زۆر کاری خۆبەخشم لە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان کرد. ناسنامەی بوونی خۆم لە دەزگاکانی ژناندا بەدەست هێنا، ئەو کاتە بینیم کە ناتوانم بە ئەقڵیەتی کارمەندێکی دەولەت کار بکەم، چونکە من هەرگیز حەزم نەکردوە لە ناو خەباتێکدا بمێنمەوە کە مرۆڤ بەرەو کوێر بوونی ئەقڵ دەبەن. هەر بۆیە ماوەی چوار ساڵ لە رێکخراوەکانی ژناندا کارم کرد.

دیلەک ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ناو پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە)دا یەکەمین هەنگاوی پراکتیکی دەنێت. لە ساڵی ٢٠١٥دا دەبێتە کاندیدی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). دیلەک لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی سآڵی ٢٠١٥دا وەک پەرلەمانتاری شاری ڕوحا هەڵبژێردرا. سەرەڕای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ١-١٠-٢٠١٥ بۆ جاری دووەم دیلەک وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرایەوە. ئەو جارەیان دیلەک تێکۆشانی خۆی دەباتە ناو پەرلەمان.

ئەمڕۆ دیلەک و ٤٩ سیاسەتمەداریتر لە رۆژی پێنجەمی مانگرتن دان، دژ بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە. دیلەک لە کۆتایدا ڕایگەیاند ئەو تا دوای ساتی ژیان واز لە تێکۆشانی ژنان و تێکۆشانی ئازادی گەلان ناهێنێت.

(ش ب)