"برایەتی چی؟ لە حەوشێکدا سێ کچیان لێ کوشتم"
10:21
ئایسەل ئیشک/ ژنها
شرناخ – دایکی جەمیلە چاغریا کە لە سەرەتای بەرخۆدانی جزیرەدا لە حەوشی ماڵەکەی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە ڕادەگەیەنێت، لە هەمان حەوشدا سێ کچیان لێ کوشتوم، چۆن لە گەڵ ئەوان دەبم بە برا؟ با باسی برایەتی لای من نەکەن.
ساڵی ڕابردوو لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە کاتی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر شارۆچکەی جزیرەی باکوری کوردستان، ٢٠ کەس لە ماوەی چەند ڕۆژی سەرەتای بریارەکەدا لەناو ماڵ و حەوش و باخەکانیاندا کرانە ئامانج و کۆمەڵکوژ کران، یەکێک لەوانە کیژۆڵەیەکی بچوک بوو بەناوی "جەمیلە چاغریا".
دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر مەرگی ناوادەی جەمیلە، ئەمینە چاغریای دایکی دەڵێت: "لەماڵەوە بە جزیر بانگی جەمیلەمان دەکرد، کچەکەم لە حەوشی ماڵ گولـلەباران کرا. لە ساڵی ١٩٩٠ یش بە هەمان شێوە هیچ کەس نەیدەتوانی لەماڵ دەرچێت، هەرشوێنێک گەمارۆ درابوو، تۆپێکی هاوەن کەوت لەماڵەکەمان، حەوت کەسیان لەماڵەکەماندا کوشت دوو كچم لەگەڵ پێنج لە کەسوکاری هاوژینەکەم، یەکێکیان فاتمە بوو، ١٠ ساڵ تەمەنی بوو وەک جەمیلە."
ئامینەی دایکی سێ کچی شەهید وتیشی: "لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا هەمان دەستی ڕەش لەسەر کارە بۆ کوشتنی رۆڵەکانمان، ئەو کاتیش جزیرەیان ئابڵۆقەدبوو، کەس نەیدەتوانی لە ماڵ دەرچێت، پاشان جزیرەیان تۆپباران کرد، هەمان ئەوانە بوون کە ئەمڕۆ کۆمەڵکوژی گەلەکەمان دەکەن، ئەو کاتیش تەرمی کچکانم بە پارچەکراوی چەندین ڕۆژ لە ماڵدا مایەوە، رێگەیان پێنەدەداین بیبەین بۆ گۆڕستان، ئەو کات منیش بریندار بووم و پەردەی گوێم تەقی، تەرمی هەردوو کچکەم لەگەڵ پێنج کەسیتر کە کەسوکاری هاوژینەکەم بوون بە بێدەنگی ناشتمان."
ئامینە باسی لە شەوی شەهیدبوونی جەمیلە کردو وتی: "باوەڕم نەکرد کە مردبێت، تا بەیانی قسەم لەگەڵ دەکرد، دەستم نایە سەر دڵی و وتم هەڵسە کچم، بەڵام دەنگی نەبوو، تا بەیانی لەسەر پێ بووین بۆ ئەوەی کارێکی بۆ بکەین، ڕێگەیان نەدا بیگەیەنین بۆ نەخۆشخانە، نەماندەتوانی سەر لەماڵ دەرخەین، باوکی بە جەمانەیەک تەرمی جەمیلەی پێچیەوە بۆئەوەی نە ئاڵاوسێت، چونکە ڕێگەیان نەدەدات تەرمەکەشی بنێژین."
ئامینەی دایکی سێ کچی شەهید بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "دواین جاری قژ و دەستی کچەکەم خەنە کرد، پاشان شوشتم و کفنم کرد، سێ کچم بەدەستی خۆم کفن کردوە، ئەوانەی جگەریان سوتاندوم هەرگیز لێیان نابەخشم، واز لە تێکۆشان و دۆزی خۆم ناهێنم، هەتا ماوم لەگەڵ دەوڵەتێکیش نابم بە برا کە سێ کچی لێ کوشتوم، با باسی برایەتیم بۆ نەکەن."
(ش ب)