ژنان لە چیای شەنگال، سڵاو لە مانگرتنی ئامەد و ستراسبۆرگ دەکەن

11:56

دلڤین مراد – ئیلهام حاجی / ژنها

شەنگال – ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال سڵاویان ئاراستەی مانگرتوانی ستراسبۆرگ و ئامەد کرد.

ژنان لە چیای شەنگال بە هەست و بەرپرسیارێتی خاوەنداری کردن لە بەرخۆدان و مانگرتنی کوردان لە هەر شوێنێکی جیهان دەجوڵێنەوە، ژنان لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە سڵاویان ئاراستەی چالاکوانانی مانگرتن کرد لە هەریەک لە شاری ستراسبۆرگ کە ماوەی ١٩ ڕۆژ و مانگرتنی شاری ئامەد کرد کە ئەمڕۆ لە ڕۆژی شەشەمدا بەردەوامە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال نەعام ئەلیاس بۆ ئازادی ئۆجالان پشتگیری لە چالاکوانان کرد و وتی: ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال بە هەموو شێوەیەک پشتگیری خۆمان بۆ مانگرتوانی دەرەوەی وڵات کە ئەمڕۆ لە ١٩ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە ڕادەگەیەنین، داوا دەکەین هەرچی زووە کۆتایی بەو گۆشەگیریە بێت کە هەموو گەلی کوردی خستۆتە ناو گومان و دڵەڕاوکێ. لەو ڕۆژەی کودەتا دەستی پێکردوە گومانەکانمان زیاتر بووە، داوا دەکەین هەرچی زووە پارێزەر و کەسوکاری سەرۆک ئاپۆ چاویان پێی بکەوێت."

ناوبراو سڵاوی ئاراستەی بەرخۆدانی مانگرتوانی چالاکیە بە شکۆکەی ئامەدیش کرد کە ئەمڕۆ لە رۆژی شەشەمی دایە. جەختیشی کردەوە: "لە بەرامبەر هەموو گوشار، هێرش و دەستگیرکردنی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان هیچ کاتێک سەری بۆ دوژمنان نەوی نەکردوە، ئێمەش بە بڵندکردنی بەرخۆدان لێرەوە خاوەنداری لە گەلەکەمان دەکەین."

جانێ حەیدەر ئەندامی ئەنجومەن لەوبارەیەوە وتی: "سڵاوی خۆمان ئاراستەی بەرخۆدانی مانگرتوانی دەرەوەی وڵات دەکەین، زیاتر لە دوو حەفتەیە لە مانگرتندان بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ، لێرەوە پێیان ڕادەگەیەنین دەستمان لەناو دەستتانە و تا دواین دڵۆپی خوێن لەگەڵتانداین. لە ئامەدیش ٥٠ سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ دەستیان بە مانگرتن کردوە، داوا دەکەین هەرچی زووە هەواڵێک لە سەرۆک ئاپۆ بزانین. جارێکیتر سڵاویان ئاراستە دەکەم سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."

لای خۆشیەوە خاتون عەمەر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی بەو شێوەیە پشتگیری خۆی بۆ چالاکوانانی مانگرتن دەربڕی: "هەموو چالاکوانانی ئازادی سڵاو دەکەم، بەرخۆدانیان پیرۆز دەکەم، ئێمەش لێرەوە داوای ئازادی و ئاشکراکردنی رەوشی سەرۆکەکەمان دەکەین."


هاوکات حەزەر مەندۆ ئەندامێکیتری ئەنجومەنی ژنانی شەنگالە و ئیدانەی هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ناوبراو دووپاتیشی کردەوە: "هەمو ئەوانەی باسی مافی مرۆڤ دەکەن تەنیا بانگەشن و هیچیتر ماوەی ١٧ ساڵە سەرۆکێکی وە سەرۆک ئاپۆ خاوەن هزر و ڕامان و فەلسەفە لە گرتوخانە ڕادەگیرێت، ئێمەش لە تەنیشت مانگرتوان داین سڵاو لە بەرخۆدانیان"

لە کۆتایشدا لەیلا محەمەد لە چیای شەنگالەوە چالاکوانانی مانگرتنی شاری ستراسبۆرگ و ئامەدی سڵاو کرد، لەیلا ڕایگەیاند: "تا سەرۆک ئازاد نەبێت گەلی ئێزیدی ئازاد نابێت، ئێمەش دەست لە تێکۆشان بەرنادەین، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هیچ لە بارەی دۆخی سەرۆکەکەمانەوە نازانین، مانگرتنی گەلەکەمان و سیاسەتمەداران بە گەرمی سڵاو دەکەم."

(ش ب)