ئەو دارەی چیرۆکی بەردباران کردنی ژنێک دەگێڕێتەوە

13:38

ژنها

منبج – لەو شوێنەی چەتەکانی داعش ژنێکیان لێ بەردباران کرد، دارێک ڕوواوە و بێ تاوانی ئەو ژنە بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە.

چەتەکانی داعش لە کاتی داگیرکردنی شاری منبج-ی ڕۆژئاوای کوردستان، جۆرەها شێوازی ئەشکەنجەیان لە بەرامبەر هاوڵاتیان بەکارهێنا و بە چەندین شێوازی دڕندانە هاوڵاتیانیان دەکوشت، یەکێک لە شێوازی دڕندەییان هاوڵاتیانیان بەستونێک دەبەستەوە و لە بەرچاوی هەموو خەڵکی تا مردن بەردبارانیان دەکردن و تەرمەکەشیان لە مەیدان دەهێشتنەوە بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵی هەر کەسێک.

لە چوارڕیانی ئەمنی شارەکەدا، نزیک وێستگەی ئۆتۆمبێل، ژنێکی سی ساڵان لەسەر دەستی چەتەکان بە بەردباران کردن لەلایەن چەتەکانی داعش دەکوژرێت، لە کاتی بەردباران کردنیشی دا بەزۆر هاوڵاتیان و کەسوکاری ئەو ژنە دێنن بۆ تەماشاکردنی.

لە شوێنی نەمام ناشتنی کەنار شەقام نیوەی جەستەی دەخەنە ژێر خاک و پاشان بە دڕندەترین شێوە تا مردن بەردباران دەکرێت.

دوای دوو مانگ لەو تاوانە نامرۆڤانەیە لە هەمان ئەو شوێنەی ئەو ژنە سی ساڵانەی تیا بەردباران کراوە نەمامی دارێک دەڕوێت، ڕەنگە ئەوە بە هەڵکەوت نەبێت، ڕەنگە ئەو دارە بۆ ئەوە ڕووا بێت تا بێ تاوانی و ئازارچەشتنی ئەو ژنە بۆ مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە.

(ش ب)