زیلان هەورام: هێزە نێودەوڵەتیەکان هاوکاری گۆشەگیرین
10:52
سۆرگول شێخۆ/ ژنها
تل تەمەر – فەرماندەی هێزەکانی "هەپەژە" ڕادەگەیەنێت، دەستی چەپەڵی زۆربەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە پشت گۆشەگیری هەیە و بە ئاشکرایی هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن.
زیلان هەورام، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ژنان(هەپەژە) لە ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە گۆشەگیری توندکراوی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
زیلان هەورام ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا بە پێشێلکردنی بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد، دەیەوێت بەردەوامی بە بوونی خۆی بدات، هەر بۆیە دوای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤانە، ڕێبەر ئاپۆ خرایە ژێر گۆشەگیری توندکراو. بەرامبەر بەرخۆدانی گەل، ڕێبەر ئاپۆ بە ئامانج گیرا."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە دەزگای بەرگەگرتنی ئەشکەنجە(سی پی تی) بێ ئەوەی سەردانی ئیمراڵی بکەن، گەڕاونەتەوە ئەوروپا و وتیشی: "ئەو هەڵوێستە مایەی قبوڵکردن نیە، دەستی چەپەڵی زۆربەی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە پشت گۆشەگیری هەیە و بە ئاشکرایی هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن."
فەرماندە زیلان ئاماژەی بەوەشدا کە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە پێناو هەموو گەلانی ژێردەست و چەوساوە تێکۆشان دەکات و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات گەلی کورد دەستی کردوە بە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، دەبێت ئەو هەڵمەتە بەردەوام بکرێت و هەر کەس خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئاپۆ بە ئەرکی خۆی بزانێت. گەل داوای ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکات و بە دروشمەکانی بێ سەرۆک ژیان نابێت، لە سەر گۆڕەپانەکانی تێکۆشانن."
زیلان ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆجالان بۆ گەلی کورد هێڵی سورە، جەختیشی کردەوە: "هەربۆیە نابێت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چیتر چاو لەو دۆخە بپۆشن، دەبێت گوێ بۆ هاوار و بانگەوازی گەلانی جیهان بەتایبەتیش گەلی کورد، ڕادێرن، هەرچی زووە هەڵوێستێک بنوێنن."
فەرماندە زیلان وتیشی: "هەر ژنێک ئامادەیە بۆ رێبەرەکەی گیانی خۆی فیدا بکات، ئەمڕۆ هەزاران ژن لەناو تێکۆشانی ئازادیدا تێدەکۆشن، ژنان رۆژ بە ڕۆژ خۆیان بە هێز دەکەن و دەبنە خاوەن ئیرادە، دڵنیام لەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆش بە تێکۆشان و ئیرادەی ژنان کۆتایی دێت، هەر هێزی ژنیش دەتوانێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکات."
زیلان هەورام، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ژنان(هەپەژە)، لە کۆتاشیدا ڕایگەیاند: "هەمیشە لە دژی ئەو شەڕە تایبەتە تێکۆشاوین کە سیستەمی دەسەڵاتداری لەسەر کەسایەتی تاکی کوردا بەرێوەی بردوە، بانگەشەی ئێمە بۆ تێگەیشتنی رێبەر ئاپۆ چەند مەزنە بە گوێرەی ئەوەش تێدەکۆشین."
جێگەی ئاماژەیە لە مانگی ڕابردوو بە کۆنفرانسێک هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە – ژنان(هەپەجە – ژن) ناوی خۆی بۆ هێزەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە) لە رۆژئاوای کوردستان گۆڕی.
(ش ب)