حەقە و مامە رەزاییەكان بەشێوازی تایبەت جەژن پیرۆز دەکەن
10:29
ژنها
دوکان- جەژن لای حەقە و مامە رەزاییەكان تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەشێوازێكی جیاواز پێشوازی لە رۆژانی جەژن دەكەن، لەبری گەڕان و سەردانكردنی بەرامبەر، لەدووەم رۆژی هەموو جەژنێكدا سەرجەمیان لە خانەقای كەلكەسماق كۆدەبنەوە و جەژنەپیرۆزە لە یەكتر دەكەن.
دوێنێ سێشەمە(١٣-٩-٢٠١٦) کە دەکاتە دووەمین رۆژی جەژنی ڕەمەزان، سۆفی و مورید و باوەڕدارانی تەریقەتی نەقشی کە پێکهاتوون لە حەقە و مامەڕەزاییەکان بە ژن و پیاوەوە لە شارەکانی قەلادزێ، ڕانیە، دوکان، پیرەمەگرون، کەرکوک، تەقتەق و شوێنەکانیتر کۆبوونەوە بۆ پیرۆز کردنی جەژن. لە کەشێکی مەعنەوی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، لەسەر بیروڕایی کە هەموو براو خوشکن، لە دووەمین ڕۆژی جەژندا لە خانەقای کەلکە سماق لە سەر یەک خوان کۆبوونەوە بە دروسکردنی خواردن و رێوڕەسمی ئایینی جەژنیان پیرۆز کرد.
جێگای ئاماژەیە لێرە دا ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتی ئامادەکاریەکان دەگرنەبەر بۆ بەرێکردنی میوان و ئامادەکردنی خواردن، ژنێک وەک کابان سەرپەرشتیاری خواردن ئامادەکردن دەگرێتە ئەستۆ. ژنانی تریش هاوکاری دەکەن. هەروەها لە کۆڕی ژناندا، بە گفتوگۆ، پاڕانەوە و حەیران وتن ڕۆژەکە بەڕێ دەکەن، ژنان دەکەونە ناو زکر و حاڵەتێکی عیرفانی و لەناخی دڵینانەوە هاوار دەکەن "حەقە".
بزوتنەوەی حەقا بزوتنەوەیەکی سۆفیگەریە سەربە تەریقەتی نەقشبەندیە، لەلایەن کەسایەتیە ئایینیەکانی ئەو تەریقەتە وەک؛ شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە و مامەڕەزاوە پێشخراوە، لەناویدا بنەماکانی سەرکی ژیان بریتین لە (دادپەروەری، برایەتی و هاوبەشی)، باوەڕ بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە و تا ئاستێک لەم تەریقەتەدا ژنان ماف و ئازادی خۆیان هەیە بۆ نمونە نەبونی ژن بە ژنی، ڕەدکردنەوەی فرەژنی و یەکسانی لە میراتدا.
لەو بارەیەوە ئەوانەی ڕوویان لەو خانەقای کردوە ئاماژەیان بەوەدا مەبەستیان لەو کۆبوونەوەیە، برایەتی و پتەو کردنی لایەنی کۆمەڵایەتیە.
باس لەوەش دەکەن کە لە ساڵی ١٩٣٤دا شێخی ئەو تەریقەتە لەلایەن حکومەتی عێراق دەستگیرکراوە، بۆ ئازادکردنی سەرجەم باوەڕداران بە لەبەر کردنی یەکجۆر گونی و دار دەستێکەوە خۆپیشاندانیان کردوە و توانیویانە شێخ عەبدولکەریمی شێخی ئەو کاتەی تەریقەت ئازاد بکەن.
حاجی خانم لەوبارەیەوە وتی: هەموو جەژنێک بەو شێوەیە پیرۆز دەکەین، و لە هەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەسەدان کەس کۆدەبینەوە.
ناوبراو وتیشی ئەو شتەی وەک مافی ژن باسی لێوە دەکرێت لێرەوە بە خو و ڕەوشت بڵاو بۆتەوە بۆ کۆمەڵگە و سەرچاوەی هەموو دادپەروەریەک لەو باوەڕیەوە هاتوە.
(ش ب)