"دڕندەترین شێوازی شەڕ لە شرناخ بەڕێوەدەچێت"

10:43

ژنها

شرناخ – هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان، رایگەیاند کە دڕندەترین شێوازی سیاسەتی شەڕ لە شاری شرناخ بەرێوەدەچێت، کە لە جیهاندا نمونەی نەبووە، بۆیە دەبێت خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەل بکەین.

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) ڕایگەیاند: "ویستمان جەژن لەناو گەلەکەماندا بین، بەڵام وەک هەمیشە ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی فاشیزمانە بووینەوە، ڕێگەیان نەدا بچینە ناو خێوەتگاکان، سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکانیش بەرخۆدانی گەلی شرناخ بایەخی گرنگی هەیە. بە هەزاران جار ڕێگریان لێکردین، بەڵام دیسان خۆمان گەیاندە گەلەکەمان."

فیگەن ئاماژەی بەوەشدا کە سەرباز و پۆلیس ناوچەکەیان داگیرکردوە و جەختیشی کردەوە: "ڕێگە بە سیاسەتمەدارانی گەل نادرێت، بچنە ناوچەکە، بەڵام وەک دەبینین سەرباز و پۆلیس هەموو شوێنێکیان داگیرکردوە، تەنها هاوکار و هاودەستانی ئاکەپە دەتوانین بەسەربەستی بگەڕێن، ئەو دڕندەییەی لە سەر شرناخ بەڕێوەدەچێت لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبینراوە، ئەو شەڕەی لەسەر ئەو جوگرافیایە بەڕێوەدەبرێت شێوازێکی نوێیە، گەمارۆ و قەدەغە بۆ هەمیشەیەیی لە هیچ وڵاتێکی جیهان نەبینراوە، پێشتریش لانی کەم ٦ جار بڕیاری باری نائاسایی لێرە ڕاگەیانداوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە سیاسەتی سەر شرناخ بە ڕێوەدەچێت تەنیا سەربازی نیە، بەڵکو لە قوڵترین ئاستی فاشیزم دایەو بە شێوەیەکی تایبەت کار لەسەر ئەو شارە دەکرێت، وتیشی: هێرشێکی ئایدۆلۆژیا و سیاسیە، دەیانەوێت شرناخ و جۆلەمێرگ وەک ناوەندی پارێزگا نەمێننەوە، ئەمەش ڕق و نەفرینی سیاسەتی ئەوان پیشان دەدات."

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "لە شرناخ بەرخۆدانێکی بە شکۆ و بێوێنە تۆمار دەکرێت، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ تەسلیم گرتنی ئیرادەی گەلی شرناخ، گەل بە هەموو شێوەیەک خاوەنداری لە خاک و بوونی خۆی دەکات، دەبێت هەر کەس لەو بەرخۆدانە تێبگات و خاوەنداری لێبکات."

(ش ب)