ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، لەسەر فیلمی 'ڕەشەبا' لێدوانێک ڕادەگەیەنێت
10:51
ژنها
شەنگال – ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە شەنگال سەبارەت بە فیلمی ڕەشەبا لێدوانێکی ڕاگەیاند و وێڕای شەرمەزارکردنی دەرهێنەری فیلمەکە، رادەگەیەنێت: تا دواین سات چاوەڕوانی کچان و دایکانمانیان کە بگەڕێنەوە بۆ ناومان، تا بە هەلهەلەو چەپڵەلێدان پێشوازیان لێبکەین.
پاش فەرمانی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ کە چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، بە هەزاران خەڵکی ئێزدی کوژران و هەزاران لە ژنانی ئێزدی رفێندران، خەڵکی ئێزدی دووچاری کۆچبەری دەربەدەری بوونەوە، "رەشەبا" پاش فەرمانەکە یەکەم فیلمە کە لە بارەی کۆمەڵگای ئێزدیە دروست دەکرێت، ئەو فیلمە باس لەوە دەکات ئەو ژنانەی لە دەست چەتەکان رزگار بوون لە لایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون.
ئەمەش ناڕەزایی زۆری ژنانی ئێزیدی بەدوای خۆی هێنا، لەوبارەیەوە ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە شەنگال لێدوانێکی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند، خۆخێ جندی لەسەر ناوی ئەنجومەن قسەی کرد و وتی: "ئەو فیلمە دەستدرێژیە بۆ سەر راستی ژنانی ئێزیدی و ئێزیدخان. بە هەموو شێوەیەک بێ ویژدانی حسێن حەسەن دەرهێنەری فیلمی "ڕەشەبا" و ئەوانەی هاوکاریان کردوە بۆ دەرهێنانی فیلمەکە ئیدانە دەکەین.
هەروەها ڕاشیگەیاند: "گەلێک ڕاستی کۆمەڵگەی ئێمە هەبوون بۆ ئەوەی بیخەنە ڕوو، بۆچی لە فیلمەکەدا باس لە سوتاندنی ١٩ ژن و منداڵ لەلایەن چەتەکانی داعش بە زیندووی ناکات؟ ئامانجی ئەو دەرهێنەرە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی ئێزیدیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە خۆیان ڕیسوا کرد. لە فیلمەکەدا باس لەو کیژۆڵەیە دەکرێت کە لەدەستی چەتەکان ڕزگاری بووە و باوکی دەیەوێت بیکوژێت، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستی، تا ئێستا بە سەدان کچ و ژن لە دەستی چەتەکانی داعش ڕایانکردوە کە بە هەلهەلە و چەپڵە لێدان پێشوازیان لێکراوە، تا ئێستا یەک ژنیش لەوانە دەرنەکراوەو نەکوژراوە، بە پێچەوانەوە ئەوان لەلای ئێمە بەهای تایبەتیان هەیە، چونکە ئەوان بە زۆر ڕفێنراون. کەسانی وەک حسێن حەسەن دەیانەوێت کۆمەڵگەی ئێزیدی لەبەر چاوی جیهان ڕەش بکەن، ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە کە فەرمانی سەر ئێزیدیەکان بە جینۆساید نەناسرێت و وەکو کافر دەمان ناسێنن. هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ڕێگری بکەن لە بە جینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژی سەر گەلی ئێزیدی لە سەر ئاستی جیهاندا، بەڵام ئەوان هەرچیەکیش بکەن ناتوانن لە ماف و بەرخۆدانی خۆمان دووربخەنەوە، سورین لەسەر ئەوەی بگەیەن بە ئامانجەکانمان."
لە بەشێکیتری وتەکانیدا خۆخێ جندی لەسەر ناوی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە شەنگال وتی: "ئێزیدیەکان گەلێکن هەرگیز درۆ لەسەر خۆیان قبوڵ ناکەن، تاکە کەسێکیشمان بمێنێت ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەین و درۆ و چەواشەکاری قبوڵ ناکەین، خۆزگە بە گیان و ماڵ بمانتوانیایە ئەو کچ و ژنانەی لەدەستی چەتەکان ماون ڕزگاریان بکەین. مەگەر تۆزێک ویژدانتان نیە؟ مەگەر بێ دایکە و هەست بە خەم و ئازارەکانی دایکان ناکات؟ کچانی ئێزیدی کارێکی بەدڕەوشتیان نەکردوە تا سزا بدرێن، ئەوانەی بەدڕەوشتی و بێ شەرمی و بێ ویژدانیان کردوە، ئەوانەن کە شەنگالیان فرۆشت. ئەوانەن کە بەناوی خوداوە سەر منداڵەکانیان دەبڕی، ئایا حسێن حەسەن بۆچی ڕاکردنی پێشمەرگەکانی پەدەکە لە شەنگالی نەکردە فیلم؟ کچەکانمان بە زۆر خرانە ژێر دەسەڵاتی داعش، تەنها دەستدرێژیان نەکراوەتە سەر، بەڵکو گۆشتی منداڵەکانیان دەرخواردی دایکان ئێزیدی دا. بە زیندووی ئەوانیان سوتاند، حسابی ئەوە لە بەدیلگیراو و ڕفێنراوەکان ناپرسین، حسابی ئەوانە لە خیانەتکار و دوژمنان دەپرسینەوە."
خۆخێ جندی لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڵوێستی کۆمەڵگەی ئێزیدیەکان بەرامبەر بەو ژنانەی لە دەستی چەتەکان ڕایانکردوە و وتی: "بابە شێخ ئەو کچانەی حەلال کردوە، ئەو ژنانەی لە دەستی چەتەکان ڕزگاریان دەبێت، دەیانبەین بۆ شەرەفەدین، لالەش و بە ئاوی زم زم مۆریان دەکەین ، چونکە ئەوان بێ گوناحن، پاکن، تەنانەت پاکترین کەسن، ئەو کەسانەی کە هۆکارن بۆ بەدیلگیرانی کچان و ژنانی ئێزیدی تاوانبارن، ئەوان داوێن پیسن. ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی، جارێکیتر دەرهێنەر و هاوکارانی ئیدانە و ڕیسوا دەکەین، لە بەرامبەر هەموو درۆ و چەواشەکاریەک هەڵوێستمان دەبێت، بەرخۆدانی بە بنەما دەگرین وەک ئەوەی لە چیای شەنگال بەرخۆدانمان کرد. هەر کەسێکیش بیەوێت کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕەش بکات ئەوا ڕیسوا دەبێت، تا دواین سات چاوەڕوانی کچان و دایکانمانیان کە بگەڕێنەوە بۆ ناومان، تا بە هەلهەلەو چەپڵەلێدان پێشوازیان لێبکەین."
(ش ب)