"ژیانی ژێر دەسەڵاتی داعش تەنها دۆزەخێکە"
13:44
ژنها
عەفرین – هاوڵاتیانی گوندی ئوم لخۆشی هەرێمی ئەلشەهەبا، داوای ئازادکردنی سەرجەم ناوچەکە لە چەتەکانی داعش و هێزەکانی سەر بە کولیسیۆنی سوری دەکەن.
گوندی ئوم لخۆشی سەر بە هەرێمی ئەلشەهبا لە باشوری حەلەب، دوای چەندین ساڵ لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕزگار کراوە، هاوڵاتیانی ئەو گوندە ساڵانێکە نەیانتوانوە جەژن پیرۆز بکەن و لە ژێر زوڵمی هێزە چەکدارە جۆر بە جۆرەکان چەوسێندراونەتەوە، لەو بارەیەوە، هاوڵاتیان دەڵێن هیواخوازین شارۆچکە و گوندەکانی ناوچەکە لە چەتەکان پاک بکرێنەوە.
فاتیمە حاجی، لەو بارەیەوە دەڵێت: "چەتەکانی داعش ژنانی گوندیان خستبووە ژێر گوشار، بە زۆر چارشێوە و عەبایان پێ لەبەر دەکردین، زۆر خۆشحاڵ بووم بە رزگارکردنی گوند لە چەتەکانی داعش، ئەو جەژنە بۆ ئێمە لە بەرامبەر تابلۆکانی مرۆڤایەتی جەژنی سەرکەوتن و ئازادیە."
لای خۆشیەوە ئامینە عوسمان، ئاماژە بەوە دەدات، کە ساڵانێکە جەژنیان پیرۆز نەکردوە و وتیشی: "لە کەشی جەژن و خۆشی بێبەشکرابووین، ئێستا زۆر خۆشحاڵین، هیوادارین سەرجەم ناوچەکە لە چەتەکان پاکبکرێتەوە، چونکە ئەوان دژی مرۆڤایەتی و پێکەوە ژیانی گەلانن، لە ژێر دەسەڵاتی داعش شتێک بەناوی ژیان بوونی نیە."
هاوکات حەسەن نەجم، هاوڵاتیکێکی گوندەکەیە و دەڵێت: کاتێک ئەو گوندە لە ژێر دەستی داعش بوو، ژیان وەک دۆزەخ بوو،ئێستاش لە سایەی کچ و کوڕانی گوندەکەمان کۆتایی بە تیرۆری داعش هاتوە، بارودۆخی گوند لە سایەی هێزە شۆڕشگێرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێت."
(ش ب)