کۆبانێ، وارگەی ئەو باوەڕیەی بووە بە ئیرادە(١) - دۆسیە

15:29
دۆسیە" class="social-twitter">

ژنان بەرخۆدانی ١٣٦ ڕۆژە دەگێڕنەوە

زاهیدە ئەحمەد / ژنها

کۆبانێ – لە کۆبانێ بە پێشەنگی بەرخۆدانی ژنان کە ماوەی ١٣٦ ڕۆژی خایاند، هیواکان ون نەبوون و باوەڕی بە ئیرادەیەکی مەزن و سەرکەوتن بە ئەنجام بوو، ژنانی کۆبانی کە ڕاستەوخۆ بەشداریان کردوە لە بەرخۆدانە بە شکۆکەی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤دا، ساتەکانی بەرخۆدانیان بۆ باس کردین و ڕایانگەیاند: "لە ئەنجامی بەرخۆداندا سەرکەوتین."

چەتەکانی داعش بە هاوکاری تورکیا، سعودیە، قەتەڕ و هێزە دەسەڵاتدارەکان لە ١٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ. بەر لەو هێرشەش لە ئەنجامی بێ بەرگری هشێتنی شەنگال، لە ٣ی ئابی هەمان ساڵدا فەرمانی ٧٤مین لەسەر دەستی چەتەکان دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدی بەرێوەچوو. چەتەکان بە کردەوە ناڕەواو دڕندەکانیان ترسیان خستە دڵی سەرجەم گەلانی جیهان، بەڵام لە کۆبانێ بەرامبەر بە بەرخۆدانی ئارینەکان و گوڵان و هاوڕێکانیان شکستیان هێنا.

سبەی دووەم ساڵوەگەڕی سەرەتای هێرشە، لە هەمان کاتدا سەرەتای دەستپێکردنی ئەو بەرخۆدانەیە کە بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان لە کۆبانێی وارگەی بەرخۆدان تۆمار کرا.

جیهان بە بێدەنگی سەیری دەکرد و ڕێڤان، ئارین، گەلهات، زەهرا، دەستینا، ژیان و بە هەزاران گیانفیدا، سنگیان کردبوە قەڵغان بەرامبەر شمشێری نەزانی، دڕندەیی و پلانەکانی دوژمانی مرۆڤایەتی، ئەوان لە جیاتی جیهان تەنها شەڕیان نەکرد، بەڵکو بوون بە ڕێنیشاندەر و سمبۆلی ئەو ئازادیەی بە گیان بەدیدێت.

لە ١ی نۆڤەمبەر لە سەرتاسەری جیهان چالاکی بۆ پشتیوان کردن لە بەرخۆدانی کۆبانێ ئەنجامدران. هاوکات گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان، خاوەنداری لەو بەرخۆدانە کرد، بەتایبەتیش لە باکوری کوردستان کە هەر لەسەرەتادا لە شارۆچکەی پیرسوس دەستینا کرد بە چالاکی ئێسکگرتن.

"وەک ژن لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕمان کرد"

سارا خەلیل، ئەندامی بەرێوەبەری کۆنگرەی ستار لە کۆبانێ یەکێک لەو ژنانەیە کە بەرخۆدانی هەڵبژارد و تەرکی کۆبانێی نەکرد، سارا ئاماژە بەوەدەدات کە جەماوەری کۆبانێ ساڵانێکی درێژە لە بەرامبەر ڕژێمی ئەسەد بەرخۆدانی دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٢دا، وەک یەکەم هەنگاوی شۆڕشی ڕۆژئاوا کۆبانێیان لە ڕژێم پاککردۆتەوە.

ناوبراو وتی: "بەدەرخستنی رژێم لە کۆبانێ ئاگری شۆڕش دەستی پێکرد، وەک ئەوەی بەردێک لەسەر چەپکە گیایەک هەڵگریت ئاوا گەشاینەوە، هێندە خۆشحال بووین وەک ئەوەی جارێکیتر لە دایکبووینەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش ژنان زیاتر بەشداریان کرد لە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتیەک، هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ وتی'شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆرشی ژنانە'. سەرەتا چەتەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی سەر بە کانتۆنی کۆبانێ، پاش بەرخۆدانی زۆر هێرشەکە گەیشتە ناو شار، هەر کەس چەکی هەڵگرت و ژنان چونە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، ئێمە لە ئەنجامی بەرخۆدان سەرکەوتین و گەلەکەمان گەڕایەوە سەر زێدی خۆی."

"بە بەرخۆدانی سەرکەوتین"

سەمیرە عەلی، ئەندامی کۆنگرەی ستار ئەویش یەکێک لەو ژنانەیە کە بەشداری کردوە لە بەرخۆدانی کۆبانێ و وتی: "هاوڵاتیان بە ناچاری کۆچبەری باکور بوون، ئەوانەی دووچاری کۆچبەریش بوونەوە لە هەلومەرجێکی سەختدا دەیانگوزەراند، شەڕڤانان نەیاندەویت تراژیدیای کۆبانێ لە شەنگالیش دووبارە ببێتەوە، بۆیە ڕێگەیان بۆ هاوڵاتیان کردەوە و لە کۆبانێیان دەرخستن، بەڵام ئێمە چەندین دایک ماینەوە و شانبەشەنای شەڕڤانان سەنگەرەکانمان دەگرت و خزمەتی ڕۆڵەکانمان دەکرد. زەحمەتی زۆرمان بینی بەڵام لە ئەنجامی هەموو بەرخۆدانیەک سەرکەوتین."

"ژن لە شەڕدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا"

لای خۆشیەوە کەلیمە دەمیر، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ کە تا دوای ڕۆژ لەناو بەرخۆدانی کۆبانێ مایەوە بەو شێوەیە باسی لەو ڕۆژانە کرد: "زۆرێک لە دایک و ژنانی کۆبانێ مانەوە، لە کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدانیش چەند کەسێک ماینەوە، هەرچەند هەلومەرجەکان زۆر سەختیش بوون، بەڵام هەوڵماندا بە ئەرکی خۆمان هەڵسین و تەرمی رۆڵە شەهیدەکانمان دەهێنا، برینەکانمان جوان پاکدەکردنەوە، تابوتەکانمان دەڕازاندەوە و بەخاکمان دەسپاردن، بۆ ئەوەی پاشان هەڤاڵانیان و کەسوکاریان گۆڕی رۆڵەکانیان بدۆزنەوە و گەر کەمێکیش بێت لە خەفەتەکانیان کەم بێتەوە، هەموو زەحمەتیێکمان لە بەرچاو دەگرت و تەرمی شەهیدانمان بە خاکدەسپارد، بۆ ئێمە گرنگ ئەوە بوو خاوەنداری بکەین لە ڕێبازی پیرۆزیان، زۆر کارمان پێکەوە دەکرد، هەندێک جار چەکی شەرڤانانمان ئامادە دەکرد، هەندێک جار شەهیدانمان دەناشت، هەندێک جار دەچوونیەن بەرەکانی شەڕ و هەندێک جاریش خواردن و پێداویستی شەڕڤانانمان ئامادە دەکرد. بە گشتی بە هۆی بەرخۆدانی هەمووان پێکەوە سەرکەوتین."

سبەی: شیرین عوسمان کە لە بەرخۆدان چاوێکی خۆی لەدەستداوە ساتەکانی بەرخۆدانی دەگێڕێتەوە.

(ش ب)