لە کۆبانێ نەخۆشخانەیەکی لەدایک بوون کرایەوە

10:01


ژنها

کۆبانێ ــ لە شاری کۆبانێ نەخۆشخانەیەکی لەدایک بوون لەلایەن دەزگاو ڕێکخراوەکانی هاوکاری کردنەوە کرایەوە.

ڕێکخراوی مانگی سوری کورد لقی کانتۆنی کۆبانێ، ڕێکخراوی ICOR هاوکاری و چەندین ڕێكخراوی تر بۆ لەدایک بوونی منداڵان لە شاری کۆبانێ نەخۆشخانەکەیان کردەوە. پێش چوار مانگ بەهاوکاری دەستەی تەندروستی کۆبانێ ئامادە کاری کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە کرابوو.

لە مەراسیمی کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا نوێنەرانی ڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیک، دەیان هاوڵاتی کۆبانێ و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و پارتە سیاسیەکان ئامادە بوون.

لە مەراسیمەکەدا عائیشە ئەفەندی لەسەر ناوی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ناسان ئەحمەد لەسەر ناوی مانگی سوری کورد، خالیسە حاج عەبدولقادر لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار و حیکمەت ئەحمەد لەسەر ناوی دەستەی تەندروستی کۆبانێ قسەیان کردو کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیان لە تەواوی ژنان پیرۆز کردو سەرنجیان ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە لەدوای ئەو هەموو کاولکاریە، کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە هەنگاوێکی گرنگە.

دواتر لەلایەن عائیشە ئەفەندیەوە نەخۆشخانەکە کرایەوەو شیرینی بەسەر ئامادە بوواندا دابەشکرا.

ئەو نەخۆشخانەیە پێکدێت لە ٢٤ تەخت بۆ نەخۆش، ژووری نەشتەرگەری گەورەو بچووک، بەشی چاودێری منداڵان و بەشی خزمەتگوزاری.

لە نەخۆشخانەکەدا ٥ دکتۆری پسپۆڕی ژنان، ٢ دکتۆری هەناوی، ٢ دکتۆری منداڵان و دکتۆرێکی بێهۆش کردن لەگەڵ پسپۆرێکی تاقیگەیی کار دەکەن و ٢٤ کاتژمێر بە ڕووی نەخۆشدا کراوەتەوەو بەبێ بەرامبەر خزمەتی هاوڵاتیان دەکات.
(ش ب)