ئامانجی فیلمی ڕەشەبا چەواشەکردنی کۆمەڵگای ئێزیدیە"

14:00


خەنسێ خدر / ژنها

شەنگال - رۆژ لە دوای رۆژ ناڕەزاییەکان بەرامبەری فیلمی (رەشەبا) زیاتر دەبێت، چونکە لەو فیلمەدا وا نیشاندەدرێت کە ئێزدییەکان ئەو کچانە دەکوژن کە لە دەستی داعش هەڵهاتوون، ژنانی چیای شەنگالیش رادەگەیەنن، ئامانج لە ڕەشەبا تەنها چەواشەکردنی کۆمەڵگەی ئێزیدیە.

شیرین قاسم، ژنێکی ئێزیدیە لە چیای شەنگال لەو بارەیەوە دەڵێت: "فیلمەکە لەسەر ژیانی ئێزیدیەکان نیە، ئەو درۆ و دەلەسانەی لەسەر دایک و خوشکەکانمان دەبەسترێن رەتدەکەینەوە، فیلمی رەشەبا لە جیاتی نیشاندانی راستیەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، پێچەوانەکانی نیشان دەدات، ئەوە وەکوو تاوانێک دژی هەموو کۆمەڵگای ئێزدیە و هەموو ئەو کەسانەی یارمەتی ئەو پڕۆژەیە دەدەن هاوبەشی ئەو دژایەتیەن. ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ چاومان لە رێگای ئەوانە کە بگەڕێنەوە بۆ ناومان، چۆن دەیانکوژین، ئەوە دەرهێنەری نیە، بەڵکو بێ ویژدانیە، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ئازاری ئەو ژنانە کەم بکەینەوە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە."

کنێ عەلی، ئەو دایکەی کە دوو ڕۆڵەی لەدەستی چەتەکاندایە وتی: دوو منداڵم لە دەستی داعش بە دیلگیراون گەر بە پارە بمتوانیا ڕزگاریان بکەم ئەوا سواڵم بۆ دەکردن، ڕۆژ تا ئێوارە لە بەرامبەر ڕۆژی پیرۆز دەپاڕێینەوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی ڕزگاریان ببێت. بۆیە هەموو ئەوانەی دەستیان لە بەرهەم هێنانی فیلمی ڕەشەبا هەیە شەرمەزاریان دەکەین."

لای خۆشیەوە ژنێکی گەنج بەناوی ئاسیا سلێمان وتی: "وەک کچێکی ئێزیدی بە توندی ئیدانەی حسێن حەسەن و کارە نەشیاوەکەی دەکەم، کاتێک دیلەکانمان دەگەڕێنەوە پێشوازیان لێدەکەین و خۆشحاڵ دەبین نەک ئەوەی بیانکوژین، ئەوان لەلامان زۆر پیرۆزن، لێرەوە بە حسێن دەڵێم ئەوەی تۆ باسی لێوە دەکەیت لە کۆمەڵگای ئێمە ڕووی نەداوە، ئایا ئامانجت چیە؟ بۆچی دەبێت کۆمەڵگامان لە بەرچاوی جیهان ڕەش بکەیت؟ ئێمە گەلێکین سەرمان بۆ زوڵم و ستەم نەوی نەکردوە، بۆیە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبینەوە."

هەروەها خەولێ سلێمان، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر دەرهێنانی ئەو فیلمە پیشاندا و وتی: "فیلمەکە دوورە لە ڕاستی و بریتیە لە چەواشەکاری و پێشێلکاری، وەک دەرهێنەرێک پێویستە بەخۆیدابچێتەوە و شەڕم دایبگرێت. ئێمە هەمیشە چاوەروانی ئەو ڕۆژەین کە ژنان بگەڕێنەوە و بە حەسرەتی بینیی ئەوانین."
(ش ب)