شەرڤین مەزڵوم: هاوسەرگیری سپی خانەیەکی شێرپەنجەییە لەناو کۆمەڵگادا
11:13
ژنها
رۆژهەڵات - .شەڕڤین مەزڵوم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ئاژانسی (ژنها) بارودۆخی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت
شەڕڤین مەزڵوم ڕادەگەیەنێت: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێ، ئەوەش بەهۆی ئەو سیاسەتەیە کە لەسەر ژنان لە ئێران بەڕێوەدەچێت، سیاسەتی ئێران هەمیشە دژ بە ڕەنگی ژن بووە لەناو کۆمەڵگادا، بەتایبەت کار دەکرێت بۆ ون کردنی ژنان لەناو هەموو کایەکاندا، وەک دەبینرێت لەسەر ژنانی کورد بە تایبەت و لەسەر هەموو ژنانی ئێران ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەچێت، بە ئاشکرایی دژایەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان دەکرێت، بەگشتیش هیچ شتێک لەبارەی ژن، مافی ژن، ناسنامە، بوونی ژنان و شێوازی ژیانی ژن لە ئێران بوونی نیە. هەمیشە لە پێناو نەهێشتنی هزر و ئیرادەی ژنان سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات، یاسا و شەریعەت لەناو هەوڵدان دان. بە هۆی ئەوەی ڕێگە نەدراوە ژنان خاوەن هەڵوێست بن و بەشداری بکەن لە سەرجەم خەباتەکانی کۆمەڵگا، نەبوونی ڕەنگی ژن بۆتە هۆی لاوازبوونی ریشە و ڕەنگەکانی کۆمەڵگا بە گشتی. ڕژێم بەرامبەر لە ڕێکخستن بوونی ژنان دەترسێت، بۆیە بە هێرشکردنە سەر ژنان هەوڵی دروست کردنی بەرەیەکی دژ بە ژنان دەدرێت لە لایەنی سیاسیەوە.
بەکارهێنانی ژنان لە ئەنجامگیرکردنی پلانەکاندا
بەتایبەتیش دەیانەوێت بەدەستی ژنان، ئەو سیاسەتەیان ئەنجامگیر بکەن، ناکۆکی بخەنە نێوان ژنان و ژن و کۆمەڵگا لە یەکتری داببڕێنن، بە رێگەی ناوی خوشکانی زەینەب سیاسەتێکی زەلکاوی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت، پێی دەڵێت تۆ خوشکی حەزرەتی زەینەبی بەو شێوەیە، دەست دەگیرێت بەسەر فکر و ڕامانی ژن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوەی بە خوشکانی زەینەب دەکرێت بەسیجکردن، ئالودەکردن و بەکارهێنانیانە بۆ ئامانجە گلاوەکانیان دژ بە جەوهەری کۆمەڵگا، ئاڵودەکردنی کۆمەڵگا لە کەسێتی ژنان و گەنجان گورزدانە لە هەردوو ڕیشە سەرەکیەکەی کۆمەڵگا، هەموو ڕێ و ڕێبازێکیش بۆ سەرخستنی ئەوە بەکاردێنێت. چونکە ژن ڕەنگ و دەنگی ئاشتی و ئازادین، ئافرێنەرن، گەنجانیش پێشەنگن لە وەرچەرخان و گۆڕانکاریدا. بۆیە گەر سەرنج بدەین ئەو دڕندایەتیەی لە ئێران بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، لە جیهاندا نەبینراوە.
وتیشی: بەکارهێنانی ئایین دژی ڕێساکانی ئاینی ئیسلامە، چەواشەکردنی حەقیقەتی باوەڕیێکی پیرۆزە لەناو کۆمەڵگادا، بۆ نمونە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان وەک رێبازێک بۆ ئالودەکردن و تەسلیم گرتنی کۆمەڵگا، دوورە لە ئەخلاق و کلتوری مرۆڤایەتی، تاکێک لە ناو کۆمەڵگادا ئالودە کرا ئیتر ناتوانێت بیر لە شتێکی تر بکاتەوە، ناتوانێت بیر لە کۆمەڵگاکەی، ئازادی و پرسە نەتەوەییەکانی بکاتەوە، بەو شێوەیە لە لایەنی فکریەوە بە ئامانجی دەگرن.
لەشفرۆشی کە گەیشتۆتە ئاستی هەرە بەرز، دەوڵەت خۆی لە خۆیدا هێمایەکە بۆ بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگا، دەوڵەتی ئێرانیش کە دەوڵەتی دژ بە ژنە، تەنانەت بازرگانی بە جەستەی ژن دەکات و وەک کاڵایەکی بێ نرخ مامەڵە لەگەڵ ڕاستینەی ژن دەکات، ئەوەش دوورە لە هەموو بنەما ئەخلاقیەکان.
بە کرێدانی منداڵدانی ژنان
هاوسەرگیری سپی خانەیەکی شێرپەنجەییە لەناو کۆمەڵگادا، رێ لە بەر بە لاڕێداچوونی کۆمەڵگا دەکاتەوە، تەندروستی، کەلتور، ئەخلاق، دەرونی کۆمەڵگا و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی بنەبڕ دەکات. ئامانجی دوژمنان بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مردووە لە کەسێتی ژناندا. کار بۆ ئەوە دەکرێت هەر ماڵێک بکرێتە فاحیشەخانە، ئەوەش فەرمیەتی پێدراوە، پەیوەندیدار بەو بابەتە، بەکرێدانی منداڵدانی ژنە، نەخۆشی ئایدیزیش کە لەناو کۆمەڵگای ئێران بڵاو دەبێتەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
شەرڤین مەزڵوم لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی ئابوری کۆمەڵگا و وتی: بێ کاری، هەژاری، نەبوونی هەلی کار و پڕۆژەی پێشخستنی ئابوری کۆمەڵگا بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە کە ڕژێمی ئێران لەسەر بەشەکانی کۆمەڵگا پەیڕەوی دەکات، زیادبوونی ئەو دیاردانەی کە پێشتر باسمان لێوە کرد سەرچاوی خۆیان لەو دۆخەی ئابوری دەگرن کە دەوڵەت لە ڕێگەی بەکار هێنانی دام دەزگاکانیەوە بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی.
ناوبراو ئاماژەی بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و وتی: لە بێ یاسایی ڕژێمدا ڕێگە بە پیاو دراوە کە وەک کاڵایەک مامەڵە لە گەڵ ژنان بکات، لە کرداریشدا کاربەدەستانی سەر بە ڕژێم درێغی ناکەن لە مامەڵەی ناشرین و چەوساندنەوەی ژنان، ماف بە پیاو دراوە دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک، بەڵام ماف بە ژنان نەدراوە لە بەرامبەر ئەو هێرش و دەستدرێژیانە پارێزگاری لە خۆی بکات. نەک سیستەمی پاراستنی تاک بەڵکو سیستەمی پاراستنی خانەوادە بوونی نیە، پیاو لە یاساکاندا وەک دەوڵەت و سوپا پیرۆز کراوە، خۆم لە زیندانی ئێراندا ژیاوم بۆیە، ئەو بابەتانەی باسیان لێوەدەکەم شت گەلێک نین کە زارەکی بن، بەڵکو خۆم و هەموو کەس بە چاوی خۆی دەیانبینێت. تا ئێستا کۆتای ژن لە پەرلەماندا لە سەدا ٤% بوو، ئەمساڵ بەرزکراوەتەوە بۆ %١١، ئایا ئەو ڕێژەیەی ژنان تا چەند کاریگەریان دەبێت." ئەمە پرسێکە ڕەوشی ژیانی کۆمەڵگای ئێران وەڵامی داوەتەوە.
شەرڤین مەزڵوم باسی لە زیادبوونی فڕێدانی منداڵ و لەدایکبوونی منداڵان بە نایاسایی کرد و بۆ بەردەوامی هاوسەرگیری سپی دەگەڕێنێتەوە، جەختیشی کردەوە: ئەو منداڵانە چۆن بەردەوامی لاوازکردنی کۆمەڵگان لە هەموو لایەنێکەوە، لە هەمانکاتدا بەخێو دەکرێن بۆ بەکارهێنانیان بە گوێرەی ئامانجی خۆیان، بە ڕێگەی ئەو منداڵانەی دەوڵەت گەورەیان دەکات کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر دەبرێت.
منداڵی دوو ساڵان ئاڵودە دەکرێن
بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تەنها شێوازێکن لە تاقیکردنەوەکانی ڕژێم لەسەر کۆمەڵگا، بە ئاستێک گەیشتوە ئیتر منداڵ ئاڵودەکراون، منداڵێکی دوو ساڵان بۆ ئەوەی نەگریت ئاڵودەکراوە، فێری ماددەی هۆشبەر دەکرێت، ئایا کێ بەر پرسیارە لە ئایندەی ئەو کۆمەڵگایە، هەموو تێکدان و وێرانکاریەک بە پلان بۆ داڕێژراوەی ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی کاردانەوەی کۆمەڵگا لە بەرامبەر خۆیان نەبیننەوە، گەر سەرنج بدەین بۆ بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر نرخی جگەرە زیاد کرا، هەرچەند ئێمە دژی جگەرەین، بەڵام ئامانجیان لەوەدا بێ هۆشکردنی کۆمەڵگایە.
ڕژێمی ئێران، بەرامبەر هەر تێکۆشان و خەباتێکی ژنان دەوەستێتەوە، ژنان وەک گەورەترین ئاستەنگ دەبینن بەرامبەر بە خۆیان. لە پەرلەماندا، بە ئاشکرایی بێڕێزی بە ژنان دەکرێت، پەرلەمان چونکە بە شوێنی پیاوی دەسەڵاتدار دادەنرێت و ژنیش ئەو بوونەوەرەیە کە مامەڵەی مرۆڤی لەگڵ ناکرێت، ئەقڵیەتێک لە سەر کارە کە بە هەموو شێوەیەک دژی بەهاکانی ژنانە، سیستەمی رژێمی ئێران سیستەمی کوشتنی ڕۆحیەتی ژنە بە هەموو بەهاکانیەوە. گەر هەست و هزری ژن تێکەڵی سیاستە ببێت، سیمای راستیەکان زوو ئاشکرا دەبێت، ئەقڵیەتی سەردەستی تاکڕەو لاواز دەبێت. ئەوەش گەورەترین مەترسیە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ئەنجامی هێزی زۆر خۆی دەسەپێنێت و بەردەوامە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژار، باسی لەوەش کرد کە هەرچەند ژنان لە زۆر بواردا دەخوێنن، بەڵام تا ئێستاش ژنان بۆیان نیە هەر کارێک بکەن و هەر پۆستێک وەربگرن، بەتایبەتیش لە خوێندنی یاسادا ئەوە بەرچاوە، تەنیا ناوی پارێزەرە، ژن گەر پارێزەریش بێت بەلام شایەتی دوو ژن بەرامبەر پیاوێکە، ئەوەی لە پراکتیکدا دەردەکەوێت، ئەنجامی ئەقڵیەتی ژن کوژە، بۆیە هیچ چاوەڕوانیەک لەو سیستەمە ناکرێت.
خۆکوژی دیاریدە نیە بەڵکو دووچار کردنە
شەرڤین خۆکوژی وەک دیاردەیەک نا بەڵکو وەک دووچارکردن و هاندانی دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگا بەناو کرد، دووپاتیشی کردەوە: "هەرچەند خۆکوژی لە ئەنجامی داخستنی هەموو ڕێگەچارەکانی بەردەم ژنان و گەنجان بێت، بەڵام خۆکوژی ڕێگەچارە نیە، ڕێگەچارە کاردانەوەیە بەرامبەر بەو سەپاندنە نایەکسانانەی لە یاسا و سەرجەم دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەن، بەتایبەت لە کوردستاندا بەردەوامی ئەو کۆمەڵکوژیەیە کە ڕۆژانە لەسەر کاسبکاران، جیاخوازان و چالاکوانان بەڕێوەدەچێت. بۆیە لێرەوە بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، ڕێگەیتریش هەیە خۆکوشتن چارەسەری نیە، دەبێت گەنجانی سەرجەم پێکهاتەکان باش بزانن، کێشەکانمان هەمانن، بۆیە ڕێگەچارەکانیشمان هاوبەشن، بۆیە هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی ڕۆشن گرنگە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتی، نەتەوەی دیموکراتی یەکێک لەو پڕۆژە چارەسەریانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشیخستوە بەرامبەر بە سیستەمە ستەمکارەکان کە تەسکراونەتەوە بە نەتەوە و باوەڕی و ئایدۆلۆژیایەک. بە پێشەنگی فەلسەفەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشان ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرەو پێشچوندایە و بەردەوامە."
لە کۆتایشدا شەڕڤین مەزڵوم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، وتی: هەموو ئەو سیاسەتەی بەناوی ئیسلامیەت پەیڕەو دەکرێن، هیچ پەیوەندیەکی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە، بەڵکو دژە ئاینە و دژی مرۆڤایەتی و سەرجەم پێوانەکانی کۆمەڵگای ئەخلاقیە.
(ش ب)