کۆبانێ، وارگەی ئەو باوەڕیەی بۆتە ئیرادە(٣)
11:49
شەڕڤانانی یەپەژە: شەڕی مان و نەمانمان دەکرد
بنەڤش ساریا/ ژنها
کۆبانێ - شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) لە دووەمین ساڵیادی بەرخۆدانە بەشکۆکەی کۆبانێ ساتەکانی سەختترین شەڕ و بەرخۆدانی دەگێڕنەوە.
ژنە شەرڤانەکان کە بوون بە سەمبۆلی بەرخۆدان و ئازادی بۆ جیهان ڕادەگەیەنن، باوەڕیمان بە سەرکەوتن هەبوو، هەموو ئەو هەڤاڵانەی بە قارەمانێتی مەزن گەیشتنە کاروانی نەمران، پێشەنگیان بۆ شۆڕشی مرۆڤایەتی کرد، کۆبانێمان ئازاد کرد و ئێستاش بە ڕۆحی شەهیدان لە کۆبانێی ئازاد دەژین.
لە کۆبانێ بەرخۆدانی مێژووی بە پێشەنگی ژنان سەری هەڵدا، بۆ هەموو جیهان بووە سەرچاوەی باوەڕی سەرکەوتن. شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، سەرەڕای هەموو باوەڕیەکی مەزن، توانیان بە ئیرادەی ژن، ژیان بژیێننەوە.
شیلان جەبار ئەو شەرڤانەی تا دواین سات لەناو بەرخۆدانی کۆبانێ ماوەتەوە لەو بارەیەوە وتی: "سەرەتا چەتەکانی داعش پەلاماری گوندی "زۆر مخار"یاندا، لەوێ شەرڤانانی (یەپەژە) و (یەپەگە) هەبوون، پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت هاوڵاتیان لە گوند دەرهێنران و سێ ڕۆژ و سێ شەو شەرڤانان بەرخۆدانیان کرد، لە ئەنجامی بەرخۆدانیدا هەڤاڵان شەهید بوون، زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکانمان لە دەستی چەتەکان دەربهێنین، بەڵام شەڕەکە هێندە دژوار بوو وە بە چەکی لولە درێژ هێرشیان دەکرد، نەمانتوانی خۆمان بگەیەنین بە ناو گوند بۆ هێنانەوەی تەرمی شەهیدان."
"بە چەکی قورس شەڕیان دەکرد"
شیلان ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری هاتنە ناوەوەی داعش بۆ ناو کۆبانێ بە کارهێنانی چەکی قورس و تەکنیکی زۆری شەڕ بوو، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "لە دەستماندا تەنها کلاشینکۆف و نارنجۆک هەبوو، چەتەکان لە سێ لاوە هێرشیان کرد، زۆرێک هەڤاڵمان لەو هێرشانەدا شەهید بوو، کاتێک شەڕ گەیشتە گوندی "ئاشمێ"، چەتەکان هەوڵیاندا، دەبابە بهێننە ناو گوند، بەڵام هەڤاڵان تا دواین سات بەرخۆدانیان کرد، لەو شەڕەدا هەڤاڵ هۆگر و پۆلێک هەڤاڵی ترمان شەهید دا. لە گوندی "جەبل فەرەج"یش بۆ ئەوەی دوژمن بەرەو پێشتر هەنگاو نەنێت، هەڤاڵێکمان بەناوی (گەڤەر) چالاکی فیدایی ئەنجامدا، ئەوەش بووە هۆکارێک کە بەردەوامی بە شەڕ بدەین و زیاتر بە ئیرادە شەڕ بکەین."
"ژنان پێشەنگی شەڕ بوون"
شیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی: "چەتەکان لە لای کانی کوردانەوە پەلاماری ناوەندی شاریاندا، داستانێکی مەزنی بەرخۆدانی تۆمار کرا، بەلام لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانیە پۆلێک هەڤالی پێشەنگمان شەهید و بریندار بوو، بێ گومان گورزی سەختیش بەر چەتەکان کەوت. لەسەرەتای شەڕی ناو شاردا، هەڤاڵ (ڕێڤان) چالاکی فیدایی بەرامبەر چەتەکانی داعش ئەنجامدا، سات بە سات هەڤاڵان ڕۆحی بەرخۆدانیان گەشتر دەکرد، هەڤاڵانی ژن بەتایبەتی لە شەڕدا پێشەنگیان دەکرد، سەرجەم هەڤاڵانمان شانبەشانی یەکتری دەوەستان و بەرپەرچی دوژمنانیان دەدایەوە، شەڕێک بوو لە جیهاندا نمونەی نەبوو، بەڕاستی شەڕی مان و نەمانمان دەکرد."
"بەڵێنی ئازادکردنی کۆبانێمان دابوو"
شیلان لە کۆتایشدا وتی: مرۆڤ ناتوانێت ئەو ساتانە وەک خۆی بگێڕێتەوە، چونکە ساتەکان هێندە مێژوویین گێڕانەوەیان ئەستەمە، لە زستانێکی وەها سارد دا کە چاومان لەسەرمان نەدەکرایەوە، بەڵێنی ئازادکردنی کۆبانێمان دا بە گەلەکەمان و ئەڤیندارانی ئازادی، لە کۆتایشدا هەموو ئەو شۆڕشگێرانەی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەشداریان لەو بەرخۆدانەدا کرد، سڵاو دەکەم، لێرەوە بەو قارەمانانەی گیانیان بەختکرد ڕادەگەیەنم با دەرونتان ئاسودە بێت، وەک ئەوەی بەڵێنمان دابوو، سەرکەوتین."
"گەلی کۆبانێ نوێژی جەژنیان کرد"
هاوکات شەڕڤانی (یەپەژە)، پەنابەر لەمعان، بەوشێوەیە باسی بەرخۆدانی کۆبانێی بۆ کردین: "منیش بەشداریم کرد لە شەڕی ناو شاردا، لە تەنیشتم بە دەیان هەڤاڵم شەهید بوون، هەموویان لە پێناو سەرکەوتنی کۆبانێ گیانی خۆیان بەخت کرد. کاتێک داعش وتی؛ 'بۆ نوێژی جەژن لە کۆبانێ دەبین'، ئێمەش بەڵێنماندا کە تەنیا هاوڵاتیانی کۆبانێ لەو شارە جەژن پیرۆز بکەن، هەرچەند چەند ڕۆژیش درەنگ مابێت، بەڵام هەر گەلی بەرخۆدێری کۆبانێ بوو کە گەڕایەوە کۆبانێ و جەژنیان لە واری خۆیان پیرۆز کرد و جەژنێکیان لێ بوو بە دوان."
"گەمارۆی چەتەکانمان شکاند و دەستمان بە گۆڤەند گێڕان کرد"
پەنابەر سەرنجی ڕاکێشایە سەر سەرکەوتنی شەڕڤانان لە کۆبانێ و وتیشی: " لە کەسایەتی زەهرا پەنابەر، سەرجەم شەهیدانی بەرخۆدان بە ڕێزداری بیردێنمەوە. شەڕڤانان شانبەشانی یەکتری توانیان گەمارۆی سەر کۆبانێ بشکێنن و گۆڤەندی سەرکەوتن بگێڕن، باڕۆحی هەڤاڵانی شەهیدمان شاد بێت، چیتر کۆبانێ خەمگین نیە."
(ش ب)