پەیامێک بۆ میدیاکانی باشوری کوردستان
11:53
ژنها
ناوەندی هەواڵەکان – چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی پەیامێکی ڕەخنە ئامێز ئاراستەی ڕاگەیاندەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە چەندین پێشنیاری لە خۆ گرتوە.
نەجیبە قەرەداغی لە پەیامەکەیدا کە لەسەر لاپەڕەی کەسی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ڕادەگەیەنێت: " لە جیاتی ئەو کەناڵە بۆشانە کە تەنها درۆ بۆ ئەجندای ئەم لا و ئەولا دەکەن با پەخشی کەناڵەکانیان بکەن بە ١٢ سەعات، یان ژمارەی میدیاکانیان بۆ نیوە کەم بکەنەوە.
ئەو پەیامەش لە کاتێکدایە کە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، شکستیان بە کەرتی دارایی و وەبەرهێنان هێناوە، ڕاگەیاندنەکانیش لە سەرەتایی بڕیاری وەزارەتی دارایی (بۆ پاشەکەوت کردنی موچە) ڕۆژانە هەواڵی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ناڕەزاییەتیەکانیان دەگوازنەوە.
دەقی پەیامەکەی چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی:
"بۆ هەموو دەزگاکانی میدیایی لە باشوری کوردستان:
ڕۆژانە نەهامەتی خەڵکی لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەبیسین و دەبینین و دەیخوێنینەوە، بەڕێی ئێوە هەر یەکە و بە شێوازێک لە هاواری خەڵکی لە دەست ئەو دەسەڵاتە تالانچییە ئاگاداردەکرێینەوە و ویژدانمان ئازارمان دەدات. بۆ ئەوەی بە پەیامەکانتان باوەڕبکەین و چیدیکە نەبنە تەنها دیاردەی دەنگی بەتاڵ، گەمە بە ئازارەکانی خەڵکی نەکەن و توڕەییان بەکارنەهێنرێت ، فەرموون ئەم پێشنیارەمان قەبوڵ بفەرموون:
خەرجی هەموو تێچووی پەخش و مووچەی کارمەندانتان بکەن بە نیوە، ئەو نیوە پاشەکەوتە لە سەندوقێکدا کۆی بکەنەوە و مانگانە بەسەر ماڵباتی شەهیدان و کەسوکاری ئەنفالەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دابەش بکەن. تەنها وەک لە دانپیانانی یەکێ لە میدیاکارانی پارتی ئاشکرایکرد ، تێچووی ساڵێکیان یەک ملیار دۆلارە، کە دیارە ئەو ملیارە هی خەڵکە و دەدزرێت. پارتی فەشەلی هێناوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە ئیدارەدانی بژێوی خەڵکی، ئیدارەی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ با میدیاکاران و دەزگاکانیان، دەستپێشخەری بکەن، لە جیاتی ئەو هەموو بودجە کە هی خەڵکە و، حزبەکان دزیویانە ، بیگێڕنەوە بۆ خەڵکی..با لە جیاتی ئەو کەناڵە بۆشانە کە تەنها درۆ بۆ ئەجندای ئەم لا و ئەولا دەکەن با پەخشی کەناڵەکانیان بکەن بە ١٢ سەعات، یان ژمارەی میدیاکانیان بۆ نیوە کەم بکەنەوە و خەرجیەکی کە خزمەت بە خەڵک ناکەن بدەنەوە بە خەڵک. تەنیا بۆ جارێک ڕاستگۆ بن..."
جێگەی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستاندا لەماوەی ٢٠ ساڵدا نزیکەی ٣٠ کەناڵی ئاسمانی و بەدەیان کەناڵی هەرێمی کراونەتەوە، کە زۆری خەرجی هەندێک لە کەناڵەکان جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیانە.
(ش ب)