ئایا ئەو ژنەی بە برینداری ئەشکەنجە دەکرێت ئاڤاشین گابارە؟

12:37


ژنها

ناوەندی هەواڵ – دەوترێت ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، کە تیایدا گەریلایەکی یەژاستار بە برینداری لەلایەن سەربازانی تورکەوە بە دیل گیراوە و ئەشکەنجە دەکرێت، گەریلا ساعیمە ئاڤشین ناسراو بە (ئاڤاشین گابار)ە، کە لە ٢٨ ی مانگی ڕابردوو لە دەوروبەری شارۆچکەی ڕووبارۆکی شەمزینان لە شەڕێکدا برینداربووە.

لە گرتە ڤیدۆکاندا، ئەو ژنە گەریلایە کە دیارە زۆر بە سەختی بریندار بووە لەسەر بەردەکان ڕادەکێشرێت و ئەشکەنجە و بێڕێزی پێدەکرێت. بە گوێڕەی ئەو هەواڵەی پێشرتر لەوبارەیەوە ڕاگەیاندراوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو گەریلایە ناوی سەعیمە ئاڤشینە.

لە ٢٩ی مانگی ئابدا، هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە لێدوانێکی فەرمیاندا کە لە ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندوە: "لە ٢٨ ی ئەیلولدا هێزەکانمان دژ بە سەربازگەی (چەمێ کورکێ) لە شەمزینان چالاکیەکیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا، ٢ ئەفسەری پسپۆر کوژران، بەڵام گەریلایەکمان بە برینداری دەکەوێتە دەستیان. ناوی ئەو گەریلایەشمان، ساعیمە ئاڤشین ناسراو بە (ئاڤشین گابار)ە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژی ٢٩ ئابدا بڵاو کرانەوە لە پێکدادانەکانی دەوروبەری ماوان و ڕۆبۆسکی ناوچەی شەمزینان-دا ٣ گەریلای یەژا ستار گیانیان بەختکردووە. ئاشکرا بوو ئەو ژنەی لە ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسدا ئەشکەنجە کراوە، هەروەها ئەو ژنەش کە ناوەکەی نازانرێت و دەست و قاچی بریندار بوو بوو لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی شەمزینان لەلایەن تیمی تایبەتی دەوڵەتی تورکەوە بێڕێزی پێکراوەو شکەنجە کراوە.

لە وێنەو دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ئەگەری زۆرە ئەو ژنەی قاچی بریندار بووە هەر ئەو ژنە بێت، کە لە گرتە ڤیدیۆی کاتی دەستگیرکردنیدا ئەشکەنجە دەکرێت، بەڵام ڕووداوەکە وەک ئەوەی دوو شوێنی جیاواز و دوو کەسی جیان پیشان دەدرێت.

هەروەها لە زانیاریەکانیشدا مێژووی پێکدادانەکە ئاشکرایە کە ٢٨ مانگی ئابی ڕابردووە.
(ش ب)