ژنانی ڕۆژئاوا بۆ ئازادی ئۆجالان چاوپێکەتنیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدا
15:51
ژنها
قامیشلۆ – بە دەستپێشخەری کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆ گردبوونەوەیەک لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان ئەنجامدرا.
لە چالاکیە جەماوەریەکەدا بەسەدان ژن لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە، ژنان بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانە سەر دۆخی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان، لە چالاکیەکەدا لافیتەی (ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانە)یان بەرزکردەوە و بەردوام دروشمی "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانە)یان وتەوە.
دوای ئەوەی ئاپۆڕای ژنان لە بەردەم بارەگاکە کۆبووەوە، لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن ڕێکخراوی کۆنگرەی ستارەوە خوێندرایەوە.
لێدوانەکە کە لەلایەن مامۆستا ژیان محەمەد خوێندرایەوە، هاتوە: "دەوڵەتی تورکیا کە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد وەک ستراتیژیایەک بەڕێوەدەبات، دواین جاریش لە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باکوری سوریا لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ و داگیرکاری سەر شاری جەرابلوس، شەڕەکەی گەیاندە بەرزترین ئاست. هەرچەند کەسانێک دەیانەوێت شەڕەکە وەک شەڕی نێوان کورد- تورک پیشان بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیەیە، ماوەی پێنج ساڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان مۆدێلی سیاسەتێکی دیموکراتی بەڕێوەدەچێت، بێگومان هەموو ئاشتیخواز ئازادیخوازەکان لەگەڵ گەلی کوردا بەشداریان کردوە لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگا. بەڵام ئەوانەی چاویان بەو دەسکەوتە مەزنانە هەڵنایەت تاوانی جەنگ ئەنجامدەدەن، لەناویان نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم هێزە نێودەوڵەتیەکان بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ شاری جەرابلوس بێدەنگیان نواند."
هەروەها ڕاگەیاندرا: "شۆرشی ئازادی بە پێشەنگایەتی ئەزمونی دیمورکراسی ژنان، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وەک ژنانی کورد بە قوربانی گرانبەها بووینەتە خاوەن پیگەیەکی بە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو شۆرشی ئازادیدا. بەو ڕەنج و ماندووبونیەش توانیومانە شکست بە گەورە دوژمنی مرۆڤایەتی (داعش) بێنین."
لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕاگەیاندرا: "دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خەونی عوسمانیەکان بەدیبێنێت، لەناوە خۆ و دەرەوە تورکیا دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات، دەیەوێت ناوچەکە بکات بە ناوەندی سیاسەتی خۆی و دیموکراسی و هیوای گەلان بۆ هاوسەنگی و بەرژەوەندیەکانی بەکار بێنێت، بەو هۆیەشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ناسەقامگیری قوڵتر دەکاتەوە."
لە لێدوانەکەدا سەرنج ڕاکێشراوەتە سەر چاوپێکەوتنی ئۆجالان و هاتوە: "دواین جار ڕێبەر ئۆجالان جارێکیتر ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغی ئاشتی دیار کردوە، بۆیە دەبێت نەتەوەیەکگرتوەکانیش زەمینی تێکۆشانێکی ئاشتیانە بۆ ئۆجالان پێشبخات، بۆ ئەوەش بەر لە هەر شتێک پێویستە هەلومەرج و یاساکانی ئیمڕاڵی گۆڕانکاریان تێدا بکرێت و گۆشەگیری کۆتایی بێت."
پاشان شاندێک کە لە پێنج کەس پێکهابوو، لەگەڵ کاربەدەستانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە قامیشلۆ چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا، لە چاوپێکەوتنەکەدا شاندی ژنان یاداشتنامەیەکیان پێشکەش بە تەوەیەکگرتوکان کرد.
چالاکی مەزنی ژنان بە دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.
(ش ب)