دایکی وەدات حسێن: پەنجەیەکی ئەندامێکی خانەوادەکەمان خوێنی لێبێت، حکومەت دەناسین
09:51
ژنها
سلێمانی - دایکی وەدات حسێن شەهیدی قەلەم ڕادەگەیەنێت، گەر دوای ٢٠ ساڵیتریش پەنجەی ئەندامێک خانەوادەکەمان خوێنێ لێبێت، تەنها حکومەت دەناسین. هاوکات داواشیان کرد کە بە ئاشکرایی پێیان ڕابگەیەنن کوڕەکەیانیان کوشتوە.
سەرلەئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ٢٢ی ئەیلول، چلەی ماتەمینی وەدات حسێن شەهیدی قەلەم، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵەی رۆژنامەنووس و چەندین ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی حزب و رێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا چەندین وتار لەلایەن نوێنەرانی ڕێکخراو، دەزگا و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکان و کەسوکاری وەدات حسێن شەهیدی قەلەم پێشکەش کران.
لە وتارەکاندا ئاماژە بەوەدرا کە وێڕای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر تیرۆری وەدات حسێن، بەڵام تا ئێستا بکوژانی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەستگیر نەکراون.
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی- عێراق، وەک بەرپرسی یەکەمی ئەنجامدانی ئەو کارە تیرۆرستیە دەستنیشانکران.
هەروەها دوو دایکی وەدات حسێن کە لە مەراسیمەکدا ئامادەبوون بۆ ئاژانسەکەمان(ژنها) قسەیان کرد.
مەمیخانی دایکی وتی: "زۆر بەداخەوە کە گەنجان چارەنوسیان بەو شێوەیە تاریک دەکرێت، هەر کەسەو کاروپیشەیەکی هەیە، کوڕەکەشم دەچووە سەر کارەکەی، کوڕەکەمیان برد، بە دڕندەترین شێوە تیرۆریان کرد، هەموو کەلوپەلەکەیان برد و تا ئێستاش تەلەفۆنەکەی لەلای حکومەتە، هەموومان کوردین، لە سایەی چی وایان لە کوڕەکەم کرد، کوڕەکەم لە ڕێگای کوردایەتی و ئازادی و خۆشگوزەران کردنی گەلەکەی دەژیا؟."
وتیشی : "ئێمە دەزانین کێ و بۆ وایان لە کوڕکەم کردوە، ئەگەر ئەوان بەراستی حکومەتن، ئەگەر ئەوان هێزن، ئەگەر ئەوان مەردن با بێن ڕووبەڕوو پێمان بڵێن ئێمە وامان کرد، بۆچی دەیشارنەوە، هەموومان باش دەزانین. ئەوەی بەسەری کوڕەکەمیان هێنا، کارێکی دوورە لە ئەخڵاقی ئاینەکان، بۆیە هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان ئەو کردەوە نامرۆڤانەی و ئەوانەی بەناوی ئاینەوە سەری خەڵکی دەبڕن. کوڕەکەم ڕۆژنامەوان بوو، بەهۆی کارەکەیەوە تیرۆر کرا، بەڵام ڕاستە کوڕەکەم ڕۆیشت بەڵام کەسێکیتر شوێنی دەگرێتەوە.'
دایکی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن لە کۆتایشدا بە نیگەرانیەوە ڕایگەیاند: "بەرامبەر ئەو کردەوە دڕندانەیە جەماوەری شاری دهۆک بێدەنگیان نواندەوە، لە دهۆک هەموو شتێک بۆتە خۆڵەمێش و کەس دەنگی نیە."
هەروەها دایە گولیزار، هاوژینی دووەمی باوکی وتی: "وەدات خاوەن ئەرک و ویژدانێکی بە ئەخڵاق بوو، بەیانی زوو خوشک و براکانی دەبردە سەر کار و خۆشی دەچووە سەر کارەکەی، ئەو لەناو خانەوادە و دەرەوەش کەسێکی خۆشەویست و بەڕێز بوو، دڵێکی پاک و سەربەرزیەوە کاری دەکرد، باکی بە هیچ نەبوو."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە سەرجەم دەلیلەکانیان ون کردوە، کە بریتیبوونە لە: کامێڕاکانیان سڕیەوە، شایەتەکانیشیان ترساند هەر بۆیە هیچ بەڵگەیەکمان لە دەستدانیە، بەڵام دڵنیاین لە سەر کارەکەی و بە هۆی جیاوازی هزریەوە تیرۆر کرا. بەڵام لێرەوە ڕایدەگەیەنم تا دواین ساتی ژیانمان. ڕەنگە کەسانێکیش هەبن بڵێن ئەو خێزانە ئیتر بێدەنگ دەبێت، بەڵام ئێمە لەوانە نین بێدەنگ بین، هەموو عەشیرەتی وەدات ئامادەیە و پاڵپشتیمان دەکەن، تا بیست ساڵیتریش پەنجەیەکی کەسێکمان خوێنی لێبێت، ئەوا حکومەت دەناسین."
(ش ب)