"حکومەت ڕێگری یەکەمە لەبەردەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ"
10:04
ژنها
سلێمانی – ئەندامێکی ڕێکخراوی نمای عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدات، کە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق بۆتە بابەتێکی نێونەتەوەیی و ژنانیش قوربانی یەکەمی ئەو پێشێلکاریانەن.
دوێنێ لە هۆتێل رامادای شاری سلێمانی دیدارێک لەلایەن ڕێکخراوی "نما"ی عێراقی بۆ کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنوسان سازکرا بۆ، ئامانج لەو دیدارە تاوتوێکردنی لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی "دیدار لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ" ئامانج لەم دیدارە خستنەڕوو و هەڵسەنگاندنە بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ بوو لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا ئاستی پێشێلکاریەکان، هۆکارەکانی زیادبوونی و ڕووبەڕوونەبوونەوەی تیشکیان خرایە سەر.
لەوبارەیەوە بەسۆز محمەد ئەندامی ڕێکخراوی "نما" بۆ مافەکانی مرۆڤ، بۆ (ژنها) قسەی کرد و سەرنجی ڕاکێشایە سەر کار و خەباتەکانی ڕێکخراوەکەیان و پێشێلکاریەکانمی مافی مرۆڤ.
بەسۆز وتی: "لە قۆناغێکی وەهادا زیاتر پێویست بە تاوتوێکردنی مافەکانی مرۆڤ و سازکردنی ئەو جۆرە چالاکیانە هەیە، چونکە پێشێلکاریەکان لەبەرزترین ئاستدان، ئێمەش وەک ڕێکخراوێکی عێراقی کار بۆ ئەوە دەکەین."
بەسۆز ئاماژەی بەوەدا کە مافەکانی ژنان دوو جار پێشێل دەکرێن، وتیشی: "زیاترین ڕۆڵی لە پێناو مافەکانی مرۆڤ دەکەوێتە ئەستۆی تاک بۆ ئەوەی چیتر کۆمەڵگاکەمان نەچەوسێتەوە."
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤیش ناوبراو وتی: "هەوڵەکان تا ئاستێک هەن، بەڵام لە ئاست پێویستیەکاندا نین، بە تایبەتیش لە ئێستادا."
لەسەر ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە جەختیشی کردەوە: حکومەت ڕێگری یەکەمە لە خەباتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسانان."
(ش ب)