دەستاڕی دایکانی ڕۆژئاوا

10:06


سۆرگول شێخۆ/ ژنها

تل تەمەر- ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەوری دەستاڕی دێرینی خۆیان کۆدەبنەوە و گەنم دەهاڕن.

لە وەرزی پایزدا لە حەوشەی هەر ماڵێکی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان کۆدەبنەوە و بە ڕەنجی دەست و بازوویان بەرهەمی واتادار و بێوێنە دەئافرێنن.

دایکان لە دەورەی دەستاڕەکەیان کۆببوونەوەو بە نۆرە گەنمیان دەهاڕی.

شێخە محەمەد تەمەن ٥٤ ساڵان، یەکێک لەو دایکانەیە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بۆ زیندوکردنەوەی کەلتوری ڕەسەنی خۆیان هەموو ساڵێک بە دەستاڕ گەنم دەهاڕن، دایە شێخە وتی: "دەستاڕ ئامرازێکی کۆنە، بەتایبەتیش بەر لەوە ئاش دروست بکرێت دەستاڕ ڕۆڵی زۆری هەبووە، وەک ژنانی تل تەمەر سودی زۆر لە گەنم دەبینین و بۆ چەندین خواردن بەکاری دێنین وەک: ئارد، ساوار، بڕوش و گەنمی کوتاو ...هتد.

هەروەها هاژێ فەسلە، ژنێکیترە بەو شێوەیە باسی لە ساڵانی ڕابردوو کرد: "پێشان کچ و کوڕان بەیەکەوە دەستاڕیان دەهێڕاو بە شێوەی گروپ هاوکاری یەکتریان دەکرد. پێشان هەموو کارێکمان بە هەرەوەزی دەکرد، جاران کاری زیاترمان دەکرد، کێڵگە و باخەکانمان بەدەست و ڕەنجی خۆمان دەڕواند و بەرهەمێکی بە تامیشمان دەست دەکەوت، بەڵام ئێستا زۆر کەم بۆتەوە، زیاتر هەر کەس بیر لە خۆی دەکاتەوە، سنورەکان تەسک کراونەتەوە و هەر کەس بە دوای شتی ئامادە دەگەرێت، بەڵام شتی ئامادە بەشی کەس ناکەن و ڕۆژێک دەبڕێن."

هاژێ ئاماژەی بەوەشدا کە ساڵانی ڕابردوو سەرەڕای نەبوونی دەرفەت بەڵام کاری زۆرمان دەکرد، ئاومان لە ڕووباری خابوور بە مل دەکێشا، دایکانمان لەو کاتە چەندین هونەری وەک تەشی، دەستاڕ، تەونی چنینیان دەزانی ئێمەش دەمانەوێت بەردوامی بەو کەلتورەی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی لەناو نەچێت لە هەمان کاتیش بژێوی ژیانمان دابین دەکەین."
(ش ب)