"٤٠ ڕۆژە نەتوانراوە کەیسی تاوانێک بجوڵێندرێت"
11:29
ژنها
سلێمانی – ڕۆژنامەوانێک ڕادەگەیەنێت: چونکە وەدات پەنجەکانی بۆ سەرکەوتن بەرزکردەوە بۆیە تیرۆر کرا.
ڕۆژنامەوانان و چالاکانی ژن لە شاری سلێمانی سەبارەت بە کەیسی وەدات حسێن(دوای ٤٠ ڕۆژ لە تیرۆرکردنیدا) کە بەشێوەیەکی دڕندانە لە شاری دهۆک تیرۆر کرا و تا ئێستاش هیچ کەس بە هۆیەوە دەستگیر نەکراوە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
لەوبارەیەوە ژینۆ محمەد ڕاگەیاندنکار لە تەلەفزیۆنی(KNN)، بە بەرزکردنەوەی هەردوو پەنجەی(ئاماژەی سەرکەوتن) دەستی بە قسەکردن کرد، ناوبراو وتی: "چونکە وەدات پەنجەکانی بۆ سەرکەوتن بەرزکردەوە، بۆیە تیرۆر کرا. ترسیان لەو ئاماژەیە هەبوو بۆیە بەر لە هەر شتێک پەنجەکانی شکێندرا، خێڵێک هەیە دەیەوێت ئازدی تیرۆر بکات، ئازادی بکوژێت. منیش ئەمڕۆ هاتوومە بۆ ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو تیرۆر، ترس و تۆقاندنە بکەم. ئێمە وەک ڕۆژنامەنوس دەزانین ئەو کارە تیرۆرە تەنها کاری ئەوانەیە کە لە قەلەمەکانی ئازاد دەترسن."
ئاڵا کەمال بەرپرسی پەیوەندیەکانی ڕێکخراوی ئاسودە و چالاکی بواری ژنان، وتی: "دیارە دەیانەوێت تیرۆری ڕۆژنامەنوسان بکەن بە نەریتێک، هەموو دەنگە ئازادەکان و قەلەمە ئازادەکان لە ژێر هەڕەشەی کوشتن دان، بەو کارە تیرۆریە دەیانەوێت ڕۆژنامەنوسان چاوترسێن بکەن لە هەرێمی کوردستاندا."
ناوبراو وتیشی: "ئەوەی لە هەمووی زیاتر نیگەرانی کردووم، وا ٤٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو تیرۆرە، دەبوا تا ئێستا دۆسیەی دادگامان لە بەردەست بووایە، نەک تەنها دادگا بەڵکو زۆر لایەنی تریش هەن کە دەبوایە ئێستا هەڵوێستی خۆیان دیار بکردایە وەک دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا. هەرهیچ نەبووایە قسەیەکیان لەسەر ئەوە کردبایە بۆچی تا ئێستا نەیانتوانیەوە ئەو دۆسیەیە بجوڵێنن. هەروەها دەزگاکانیتری ڕاگەیاندن کە لە پاڵ لایەنەکاندان تا ئێستا هەڵوێستیان نەبووە، هەروەها مامۆستایانی ئایینیش دەبووایە لەسەر ئەو تاوانە هەڵوێستیان هەبووایە. ئەو بێ هەڵوێستیە ڕەواکردنی ئەو جۆرە تیرۆرەیە کە لەسەر ڕۆژنامەوانان بەڕێوەدەچێت. وەک فەیلەسوفانیش وتویانە گەر کەسێک کوژرا وبکوژەکەی نەدۆزرایەوە دیارە دەسەڵات خۆیەتی."
هەوراز ئەحمەد پەیامنێری کەناڵی ڕێگا، ڕایگەیاند: "چل رۆژ بەسەر تیرۆری ڕۆژنامەوان وەدات حسێن تێدەپەڕێت، بەڵام وەک دەبینرێت، هاوشێوەی کەیسەکانی سۆران، سەردەشت و کاوە، دەستە ڕەشەکان هێشتاش ونن، خۆ دیارە کێ بکوژەکەیەتی، بەڵام بە مەبەست ون دەکرێن، ئەمەش دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان جارێکیتر لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، دوای ٢٥ساڵ هێشتاش حزبەکان دەستیان زاڵە بەسەر دادگادا.
هەوراز وتیشی: وەک ڕۆژانامەوانانی ژن لە هەرێمی کوردستان لەو دۆخە نیگەرانین، ئەگەر باسی ئازادی دەربڕین دەکەن، با بکوژانی ڕۆژنامەنوسان بدۆزێتەوە."
(ش ب)