'ژن و ئەفراندن و ئازادی مەزن' لە کتێبێکی شیرین تاهیردا
14:30
ژنها
ناوەندی هەواڵ – 'ژن و ئەفراندن و ئازادی مەزن' بەرهەمێکی نوێی شیرین تاهیر نوسەر و چالاکی ژنانە.
لەم ڕۆژانەدا لە سەرەتایی پاییزی ٢٠١٦دا کتێبی (ژن وئەفراندن وئازادیی مەزن) لە دووتوێی ٣١٥ لاپەڕە بە دیزاینیکی جوان وبە ناوڕۆکێکی پڕ لە بابەتی هزری ژنانەو ئیرادەی ئەوینەوە چاپ وبڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی نوسەر(شیرین تاهیر) و لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستانەوە چاپکراوە.
ناوەڕۆکی کتێبەکە وتارو لێکۆڵینەوەیە بەسەر چوار بەشدا پۆلینکراوە، هەربەشێک لە بەشەکانی سەربەخۆییەک لە بابەتەکانیدا هەیە، بەشی یەکەمی بە ناونیشانی( ئاگری سوور.. ڕێگای گەنجینەی فیکر) ە لە (دە) وتارپێکهاتووە سەرجەم وتارەکان بابەتی گرنگن بۆ هەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینەی ژن، بەشی دووەم بە ناونیشانی (ژن لەسەر باڵی هەورەکان) ە چەندین لێکۆڵینەوەیە لەسەرنووسەرانی پێشەنگ و ژنانی درەوشاوەی سەدەی ژن، بەشی سێیەم بە ناونیشانی (ژن لە سنوری هێڵی سووردا) ئەم بەشە قۆناغی سەرەتاو گەشەکردنی دەرکەوتنی توانای ژنە لە کاری سینەماو ڕاگەیاندندا، بەشی چوارەم لێکۆڵینەوەومێژوویەکی کورتە لەسەر( ژنانی جەنگاوەر- ئەمازۆنییەکان) کە دەکرێ وەک سیمبۆلی سەربەخۆیی ژن وناسینی ژنلۆژی بیانخوێنینەوە.
شیرین تاهیر- نووسەرو چالاکی بواری ژنانە زیاتر لە دە ساڵە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (تەوار)ە، نووسەر چەندین بەرهەمی چاپکراوی هەیە لە شیعروچیرۆک ولێکۆڵینەوە.
(ش ب)