لە کۆنفرانسی پلاتفۆرمی دابڕاندا بزوتنەوەی 'فێمێنیزمی ڕۆشنگەری' تاوتوێکرا
12:14
ژنها
سلێمانی – وتەبێژی کۆنفرانسی" ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" کە لە دواین ڕۆژی خۆی بەڕێوەدەچێت ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەی بزووتنەوەی "فێمێنیزمی ڕۆشنگەری" دەتوانێت چارەسەری پرسەکانی ژنان بکات.
پلاتفۆڕمی دابڕان، دووەمین کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتی خۆی بە دروشمی " ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" لە شاری سلێمانی ڕێکخست و ئەمڕۆش لە سێیەمین ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی خۆی بەڕێوەدەچێت.
هاوکات لە دواین ڕۆژدا شاندی باکوری کوردستان بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان بەشداری کرد و وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا ٣١ توێژەر، کە ١٠ توێژەریان لە وڵاتانی رۆژئاوا و ٤ توێژەریان لە وڵاتانی عەرەبییەوە میوانداری دەکرێن، هاوکات توێژەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری دەکەن.
لە ڕۆژی لە دووەمین كۆنفرانسی دابڕان، پڕۆژەیەكی نوێ راگەیاندرا بۆ ژنان کە بریتی بوو لە (فێمێنیزمی رۆشنگەریی). دکتۆرە بەسمە محەمەد مستەفا، وتەبێژی کۆنفرانسەکە لەسەر (فێمێنیزمی رۆشنگەریی) بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
بەسمە محەمەد، وتی: "دووەمین کۆنفرانسی دابڕان لە دواین ڕۆژی خۆی بەردەوامە کە لە ژێر ناوی " ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" بەڕێوەدەچێت.
بەسمە محەمەد، وتیشی:" رۆژی دووەم تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی هەوڵی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ژنی فێمەنیزمی رۆشنگەری ژنان. ئەمەش وەک پڕۆژەیەکی نوێ وبیرۆکەیەکی گرنگی نوێیە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی مۆدێرن کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکەین. زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات ژنان لە لایەنی هزری و ڕۆشنگەریەوە گۆڕانکاری لە خۆی و کۆمەڵگاکەیدا بکات."
هاوکات جەختیشی کردەوە: " ژنان هاودەنگ بوون لەسەر ئەو پرۆژەیە، هەرچەند ئەو بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیاندراوە، بەڵام پێم وایە دەتوانێت زۆرترین کار بۆ ژنان بکات و زیاترین ژن بەشداری تیا بکەن، چونکە شێوازێکی ڕێکخراوەیی نیە بەڵکو بزووتنەوەیەکی هزریە، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی ژنانی کورد و بزووتنەوەکانی ژنان. هەموو ژنانیش دەتوانن بەشداری ئەو بزووتنەوەیە بکەن بە پڕۆژە و بیرۆکەی خۆیانەوە."
ناوبراو وتیشی: "کۆمەڵێک چالاکوانی زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو هاتنە پێش و ئەوەش وەک دەسکەوتێکە بۆ کۆنفرانسەکەمان، پێم وایە ئەو هەڵسەنگاندن و ڕەخنانەی ئامادەبووان کردیان، دەتوانێت چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکان بە تایبەتیش پرسەکانی ژنان بکات."
لە وەڵامی تا چەند سێبەری پیاوسالاری بەسەر تەوەری فێمەنیزمی ڕۆشنگەری دا زاڵ بووە، دکتۆرە بەسمە محەمەد مستەفا، وتەبێژی کۆنفرانسەکە وتی: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا سێبەری پیاوسالاری بەسەر هەموو ژیاندا زاڵە، تێکۆشانی زیاتر و کاتی زۆری دەوێت تا بتوانین کاریگەری پیاوسالاری نەهێڵین."
جێگەی باسە کە پلاتفۆڕمی دابڕان ساڵی پار یەکەم کۆنفرانسی دامەزراندنی بوو بە سەرکەوتووی ئەنجامیدا، جگە لە دەرکردنی گۆڤاری " دابڕان و بەڕێوەبردنی سایتی " دوڕیان" و کارابونی بازنەکانی دابڕان لە بڵاوکردنەوەی بیری رۆشنگەری، ساڵانە کۆنفرانسی خۆی لە پرسەکانی ئەمڕۆی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی کوردستان و ناوچەکە و جیهان دەبەستێت.
(ش ب)