"هیوادارین لە نزیکترین کاتدا بەرەو ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی هەنگاو بنێین"

08:24


ژنها

کەرکوک – نولوفەر کۆچ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) لە وتەیەکیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەدا ریگەیاند: ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م خه‌باته‌ى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ده‌رگا له‌پێش کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکاته‌وه‌.

کۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌که‌ى که‌نه‌که‌، دوای دوو رۆژ دوێنێ کۆتایى هات، زۆربه‌ى زۆرى هێزه‌ کوردییه‌کان به‌شداریان کرد، ماوه‌ى دوو رۆژى خایاند له‌ شارى که‌رکوک و گفتوگۆ کرا له‌سه‌ر کێشه‌کانى ئێستاى کوردستان، به‌ تایبه‌تیش کێشه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان.

نیلوفه‌ر کۆچ، هاوسه‌رۆکى که‌نه‌که‌ له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا قسه‌ى کرد و وتى: ناکۆکى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان کوموکورتییه‌کى گه‌وره‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هێزه‌ کوردیه‌کان یه‌کگرتوو بن ئه‌وا کورد مافى خۆى زووتر به‌ده‌ستدێنێت، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م خه‌باته‌ى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ده‌رگا له‌پێش کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکاته‌وه‌.

نیلوفه‌ر کۆچ راشیگه‌یاند: ئه‌م دوو رۆژه‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان گفتوگۆمان کرد له‌سه‌ر کێشه‌کانى باشورى کوردستان، بۆیه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ و ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان رۆڵێکى ئه‌رێنى ده‌بینێ.

هاوسه‌رۆکى که‌نه‌که‌ ئه‌وه‌شى وت: باشورى کوردستان بۆ هه‌موو کوردستان خاوه‌ن پێگه‌یه‌که‌، به‌ڵام ئه‌و کێشانه‌ى ئێستا هه‌یه‌، ده‌بێته‌ ئاسته‌نگه‌ بۆ خه‌باتى هه‌موو کورد، ئه‌وه‌تا له‌ رۆژئاوا پێشکه‌وتنێکى باش هه‌یه‌ و ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینین که‌ رۆژئاوا ده‌بێته‌ خاوه‌ن ستاتۆیه‌ک.

هاوسه‌رۆکى که‌نه‌که‌ دووپاتی‌ کرده‌وه‌: که‌ ئه‌و یه‌کێتیه‌ى له‌نێوان هێزه‌ سه‌ربازییه‌ کوردییه‌کاندا هه‌یه‌ له‌ شه‌ڕ دژى داعش، پێویسته‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانیشدا دروست ببێت.

نیلوفه‌ر له‌ کۆتایشدا وتى: له‌م کۆنفراسه‌وه‌ سڵاو ده‌نێرین بۆ رێبه‌رى گه‌لى کورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان، که‌ ماوه‌ى ١٧ ساڵه‌ له‌ زینداندا به‌رخۆدان ده‌کات، هه‌روه‌ڵا سڵاو ده‌نێرین بۆ هه‌موو تێکۆشه‌رانى کوردستان.

بڕیاره‌ ئه‌نجامنامه‌ى کۆنفرانسه‌که‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌که‌وه‌ بۆ راى گشتى بڵاوبکرێته‌وه‌، که‌ له‌لایه‌ن کۆنفرانسه‌که‌وه‌ ده‌ستنیشان کراون.
(ش ب)