سلێمانی، چالاکی ژنان بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەچوو

09:16


ژنها

سلێمانی – لە ژێر دروشمی ژنان بۆ ئازادی رێبەرەکەیان لە مەیدانن، لە شاری سلێمانی چالاکیەکی گردبوونەوە بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەچوو.

ئێواره‌ى دوێنێ، له‌ پارکى نالى له‌ شارى سلێمانى، رێکخراوى ئازادى ژنانى کوردستان چالاکییه‌کى بۆ ئازادى ئۆجالان ئه‌نجامدا، که‌ ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ ژنانى چالاکوانى سیاسى و مه‌ده‌نى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانیش به‌شداریان کرد، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى و گه‌نجانى وڵاتپارێز و رێکخراوى ژنى گه‌نجى شۆڕشگێڕ به‌شدار بوون.

له‌ چالاکیه‌که‌دا ژنان دروشمه‌کانى "بێ سه‌رۆک ژیان نابێ. تا ئازادى رێبه‌رمان، ده‌ست له‌ تێکۆشان به‌رناده‌ین. دوژمن باش بزانه‌، ئاپۆ هێڵى سورمانه‌. به‌ گیان به‌ خوێن له‌گه‌ڵتین، ئه‌ى سه‌رۆک" وترانەوە.

شه‌هێن محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ئازادى ژنانى کوردستان لێدوانێکى هاوبه‌شى نوێنه‌رایه‌تى کۆنگره‌ى ستار و نوێنه‌رایه‌تى هه‌ده‌په‌ و ریکخراوى ژنانى ئازادى خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "ده‌وڵه‌تى تورکیا که‌ دژایه‌تى گه‌لى کوردى بۆخۆى کردووه‌ به‌ ستراتیژیه‌ک، به‌ داگیرکردنى جه‌رابلوس، ئه‌م شه‌ڕه‌ى گه‌یاندۆته‌ ئاستێکى نوێ. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هێزانه‌ى به‌هۆى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیانه‌وه‌ ته‌ماشاوانن ئه‌م شه‌ڕه‌ وه‌ک شه‌ڕى نێوان کورد‌و تورک نیشانده‌ده‌ن، به‌ڵام وا نیه‌، شه‌ڕه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ى که‌ تێکۆشانى دیموکراسى‌و ئاشتى به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن."

راشیگه‌یاند: "ته‌نها لایه‌نێک که‌ ده‌توانێت ڕێ له‌و دوژمنایه‌تیه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک بگرێت ڕێبه‌رى گه‌لى کورد به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌. عه‌بدوڵا ئۆجالان کۆتاجار له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌ به‌روارى ١١ی ئه‌یلولدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌یدا جارێکیتر ڕایگه‌یاندبوو ئاماده‌یه‌ بۆ ئاشتى‌و ده‌خوازێت کێشه‌ى پرسى کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا به‌ ڕێگایه‌کى ئاشتى چاره‌سه‌ر بکات."

پاشان ژینۆ که‌ریم، ئه‌ندامى بەڕێوەبەری رێکخراوى ژنانى گه‌نجى شۆڕشگێڕ، قسه‌ى کرد و وتى: ئێمه‌ وه‌کو ژنانى گه‌نجى شۆڕشگێڕ هه‌میشه‌ له‌پێناو ئازادى رێبه‌ره‌که‌مان له‌ چالاکى و مه‌یداندا ده‌بین، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئازادى خۆمان له‌ ئازادى رێبه‌ره‌که‌ماندا ده‌بینینه‌وه‌.

وتیشى: بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو کچان و ژنان رۆژانه‌ له‌پێناو ئازادى سه‌رۆک ئاپۆ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ى که‌ دوژمن له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ دایناوه‌ بشکێنن، تاوه‌کو رێگه‌ له‌به‌رده‌م به‌رقه‌راربوونى ئاشتى و ئازادى له‌ کورستان بکرێته‌وه‌ و بێگومان پرۆسه‌ى ئاشتى و ئازادى به‌ ئیمرالیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، ماوه‌ى ١٨ ساڵه‌ له‌ زیندانى دوورگه‌ى ئیمرالى لە ژووری تاکەکەسی زیندانى کراوه‌.

له‌ دواهه‌مین دیداریشیدا که‌ رۆژى ١١ی ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئۆجالانى برایدا ئه‌نجامیدا، ئۆجالان باسى له‌وه‌ کرد، که‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تى تورکیا راستگۆ بێت و ئاماده‌ بێت، ئه‌وا له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا ده‌توانن پرسه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ٨٠ ساڵى دیکه‌ش شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌بێت.
( ش ب)