"بۆ بەشداری کردنی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا تێکۆشانمان بەردوام دەکات"

11:13


ژنها

کەرکوک – ژنانی بەشداربووی کۆبوونەوە بەرفراوانەکەی کەنەکە ڕایانگەیاند، دەبێت زیاتر کار بۆ بە هێزکردنی پێگەی سیاسی ژنان بکەین، ئەوەشیان وەک پێویسیتەکای بەپەلە خستەڕوو.

کۆبوونه‌وەی‌ بەرفراوانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (که‌نه‌که)‌، که‌ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری کەرکوک بە بەشداری زۆربەی لایەنە کوردیەکان بەڕێوەچوو دوێنێ کۆتایی هات، لەسەر گرنگی کۆبوونەکە ژنان بۆ ئاژانسەکەمان دوان و سەرنجیان ڕاکێشایە سەر گرنگی بەشداری کردنی ژنان لە گۆڕەپانی ژناندا.

"گرنگە کۆبوونەوەکە بەرفروانتر بکرێت"

دڵسۆز زەنگەنە چالاکوانی مەدەنی، لەوبارەیەوە وتی: "وەک چالاکوانێکی مەدەنی بەشداریم کردوە لەو کۆبوونەوەیدا، بەر لە هەر لە شتێک دەستخۆشیان لێدەکەم، زۆر بە سودە، زۆرترین جیاوازی نێوان کەلتور، ڕەگەز و لایەنەکانی کۆ کۆردۆتەوە، هیوادارم ئەو کۆبوونەوەیە ببێت بە کۆبوونەوەی هەرچوار لای کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، بە تایبەت لە باشوری کوردستان کە قەیرانێکی گشتگیر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. ئەوەی زیاتر سەرنجمدا دەتوانین بە ڕێگەی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە زیاتر لە یەکتری نزیک ببینەوە، هیواداریشم بەردەوام بێت و لە کۆتاییدا هەر کەس نەگەڕێتەوە ماڵی خۆی بەڵکو هەوڵ بدەین بۆ زیاتر بەرفراوان کردنی لە ئاییندەدا."

"کاتی هەنگاونانە بەرەو کۆنگرەی نەتەوەیی"

هەروەها جوان حەسەن سەرۆکی لێژنەی ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتی: " سەربارەت بەو کۆبوونەوەیەی کە ماوەی دوو رۆژی خایاند لە شاری کەرکوک، جێگەی دەستخۆی کردنە لە کەنەکە، کە هەڵساوە بە سازکرنی کۆبوونەوەیەکی بەو شێوەیە، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆی باشوری کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەکان، زیاتر باس لە چۆنێتی چارەسەرکردن و مامەڵە کردن لە گەڵ پرسەکانی باشوری کورستان کرا، ئەوەی جێگەی ڕەخنە کردن بوو، هیچ لە نوێنەری پارتەکانی ناو حکومەت چارەسەریەکی ئەو تۆیان پێشکەش نەکرد، لە کاتێکدا ئەوان بۆ خۆیان کێشەکانیان بەو ئاستە گەیاندوە بە پەکخستنی پەرلەمان، دەرکردنی کۆمەڵە وەزیرێک و ...هتد."

جوان ئاماژەی بە فەرامۆشکردنی پرسەکانی ژنان کرد و جەختیشی کردەوە: "بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان پرسی ژنان بەبەرچاوەی فەرمۆش کراوە، تەنانەت لە ناو هەڵسەنگاندنی نوێنەران لەو کۆبوونەوەیەشدا باس لە نەبوونی ئیرادەی ژن لە کایە سیاسیەکان نەکرا، باس لەوە نەکرا ژنان چۆن بوونەتە قوربانی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە."

ناوبراو وتیشی: هەرچی زووە دەبێت سەرجەم ڕێکخراو و کۆمەڵە و پارتیە کوردیەکان لە هەر چوار لای کوردستان کار بکەن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، دەبێت باشوری کوردستان بکەین بە دەروازەیەکی ئارام بۆ هەموو بەشەکانیتری کوردستانیش."

"بەشداری کردنی ژنان لەکایە سیاسیەکاندا زەروریەتە"

نیشتیمان کەمال ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، هەر لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە وتی: "سەرەتا ئەوەی وەک تێبینی دەکرێت لەو کۆنفرانسەدا کەمی بەشداری ژنانە، ئێمە لێ ڕاهاتووین، چونکە ژنان لە پێگە سیاسیەکاندا زۆر کەمن. لە کاتێکدا باس لە پرسە نەتەوەیی و سیاسیەکان دەکرێت، بەڵام ژنانێکی کەم ئامادەبوونە، بەڵام هەوڵ و چالاکیەکی زۆر هەیە بۆ بەشداری کردنی ژنان لە پرسە سیاسیەکاندا. بە پێی ئەو مێژووەی حکومڕانی کوردی هەیەتی لە باشوری کورستاندا، دەسکەوتەکان زۆر کەمن، لەو ماوەیەدا زیاتر سەرقاڵی کێشە ناوەخۆییەکان بوون و بابەتی ژنان فەرامۆش کراوە، لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکەدا کار دەکەین بۆ ئەوەی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا خاوەن پێگەیەکی بە هێزتر بێت."

نیشتیمان لە کۆتایشیدا ڕایگەیاند کە دەبێت هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکرێت ژنان لە ئایندەدا زیاتر بەشداری بکەن لە گۆڕەپانی سیاسی، ئەو پەیامەنەی لێرشە ڕاگەیاندران، دەبێت بگەیەندێن بە ناو پارتیەکاندا، کە چۆن بەشداری کردنی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا زەروریەتە."
(ش ب)