ژیانی دوو گیراوی بریندار لە ژێر مەترسیدایە
15:40
ژنها
ئیزمیر – ژیانی دوو گیراوی سیاسی کورد لە گرتوخانەی ئیزمیری تورکیا لە ژێر مەترسیدایە ئەوەش بە هۆی ئەوەی چارەسەری برینداریان بۆ نەکراوە.
هەریەک لە سیبەل چاپراز، ئەندامی ئەنجومەنی دەبەپە لە شاری جۆلەمێرگ و ئەرگین ئاکتاش گیراوانی سیاسی لە گرتوخانەی شاری ئیزمیری تورکیا بە هۆی ئەوەی چارەسەری پزیشکیان بۆ نەکراوە، ژیانیان لە ژێر مەترسیدایە.
سیبەل چاپراز، لە ٢٧-١١-٢٠١٥ بە هۆی دەستڕێژی گولـلەی پۆلیس بۆ ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران بریندار بوو، دوای ئەوە دەستگیر کرا، سەرەڕایی ئەوەی بریندار بوو، بەڵام تا ئێستاش برینەکانی ساڕێژ نەبوونە، ئەوەش دوای ١٥ نەشتەرگەری، بەڵام هەلومەری گرتوخانە ڕێگە بە ساڕێژبوونی برینەکانی نادات، لە چەندین ڕاپۆرتی پزیشکیشدا ئاماژە بەوە دراوە کە ناکرێت سیبەل لە گرتوخانەدا ڕابگیرێت بە هۆی سەختی برینەکانی.
هاکات گیراوی سیاسی ئاکتاش کە هەردوو دەستی نیە، ٣ جاریش ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ بەرزکراوەتەوە کە ناکرێت لە گرتوخانە ڕابگیرێت، بەڵام هێشتاش ئازاد نەکراوە.
بۆ هەردوو برینداری زیندانی کراو و سەرجەم ئەو گیراوانەی کە تیمار ناکرێن، گیراوانی گرتوخانەکانی ئیزمیر دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردوە. هاوکات کۆمسیۆنی ناوەندی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لەناویاندا پارێزەر ئەرەن کەسکینیش هەیە، چەندین جار سەردانی گرتوخانەیان کردوە.
پارێزەر زەینەب جەرەن، کە یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤە و چاوی بە هەردوو گیراوی سیاسی کەوتوە، ڕایگەیاند: "ئەو گیراوانە لە ژوری تاکەکەسی ڕادەگیرێن، ئاوی گەرم و سەرشۆریان نیە، ڕێگە بە گیراوان نادرێت چاویان بەیەکتری بکەوێت، زۆرجار ڕێگە بە کەسوکاریشیان نادرێت چاویان پێیان بکەوێت."
ناوباراو ئاماژەی بەوەشدا دۆخی هەردوو گیراو لە ژێر مەترسیدایەو باگەوازی بە پەلەی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
(ش ب)