لە دێرک زوڵم و ستەمی نەوەدەکان بەردەوامە
14:38
ژنها
مێردین – ژنانی شارۆچکەی دێرکی باکوری کوردستان رادەگەیەنن، کە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان بەشێکە لە بارودۆخی نائاسایی ناوچەکە و بەردەوامی سیاسەتی ساڵانی نەوەدەکانە.
لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ لە شاری دێرکی سەر بە شارۆچکەی مێردینی باکوری کوردستان، باری نائاسایی ڕاگەیاندرا، دوای کۆتایی هاتنی بڕیاری باری نائاسایی گەمارۆی سەر ناوچەکە بەردەوامە.
ژنانی شارۆچکەکە لەو بارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، زوڵم و ستەمی نەوەدەکان بەردەوامە، هاوکات ڕاشیانگەیاند: کە هێرشەکان دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان زیاتریان کردوە.
لەو بارەیەوە مەهدیە کوتلایە وتی: "زوڵمان لێدەکەن، مامۆستایانی منداڵەکەنامن لە کار دووردەخەنەوە، ڕێگە نادەن منداڵەکانمان بخوێنن، شارەوانیەکانمان دەکەنە بارەگای خۆیان، هاوسەرۆکانی شارەوانی دەستگیر دەکەن، بە هەموو شێوەیەک دژی دەستبەرداگرتنەکان دەوەستینەوە. ئێمە گەلێکین لە پێناو مافەکانمان تێدەکۆشین زوڵممان لە کەس نەکردوە، زوڵمیش قبوڵ ناکەین، لەپێناو مافەکانمان تێدەکۆشین و کۆڵنادەین."
هەروەها جاهیدە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان خاوەنی شارەوانیەکانن و وتی: "شارەوانیەکان بەزۆر دەستیان بەسەر داگیراوە، دەست لە شارەوانیەکانمان بەرنادەین، چونکە ئەوان بە ئیرادەی گەل بەدەستهێنراون."
لای خۆشیەوە ئامینە ئایدن، وتی: "بڕیاری دەستبەسەرداگرتن قبوڵ ناکەین، ئێمە دەنگمان داوە بۆ خۆبەڕێوەبەری بەدیبێت، نەک بۆ دەوڵەتی خوێنمژ.دەبێت تێکڕایی گەلی کورد یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر داگیرکەراندا سەرکەوین."
هەروەها فاتمە دینچی ژنێکیتری شارۆچکەی دێرکە و بەو شێوەیە باسی لە دەستبەر داگرتنی شارەوانیەکان و گەمارۆی سەر شارۆچکەکەی کرد: "ئێمە ژیانێکی یەکسان و ئازادمان دەوێت دوور لە چەوساندنەوە، بەڵام وەک دەبینین دەستیان گرتوە بەسەر ئیرادەی گەل، ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی ساڵانی نەوەدەکان."
(ش ب)