کۆتایی هێنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەناو شۆڕەشدا
10:19
ڕۆزا حسۆ / ژنها
عامودە – ئەو ژنانەی تێکڕای ژیانیان لەناو شۆڕشدا گۆڕانکاری بەسەر هات، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان لە زنجیری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتگەرا ڕزگار دەکەن.
ژنان بە بێ هیچ ترس و گومانێک، بەو پەڕی باوەڕ بە خۆبوونەوە، لەناوەندی شەقام ڕادەوەستن و ترافیک بەڕێوەدەبەن، لە کاتێکدا پێشتر لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەو دیمەنە زۆر نامۆ دەبینرا.
دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان سەرجەم ئەو کۆت و بەندەیان شکاند کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بەسەریان سەپێندرابوون. ژنان پێشەنگی خەباتەکانی سەرلەنوێ بونیاندانەوەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان دەکەن.
لیمانا ئەحمەد ١٩ ساڵان لە شارۆچکەی عامودەی سەربە کانتۆنی جزیرەی ڕادەگەیەنێت، دوای شۆڕش لەناو چوار دیواری ماڵ دەرچووە و هەست بە ئازادی دەکات، ئێستاش وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ کار دەکات.
لیمانا لەو بارەیەوە وتی: "ژیانێکی زۆر ئاساییم هەبوو، هەستم دەکرد دەژیم و تەواو، هیچ کارێک نەبوو بیکەم، دوای شۆڕش لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شۆرشی ژن منیش هەنگاوێکم نا بۆ ناو خەباتەکان، کاروخەباتەکان لەسەر من کاریگەری زۆریان هەبوو، ئیتر ئیرادە و هێزی خۆم ناسی، ئەمڕۆش خۆشحاڵم بەوەی خزمەت بە گەلەکەم دەکەم، ژنانیش کاتێک ڕەنج و ماندوو بوونیمان دەبینن، زۆر خۆشحاڵ دەبن."
لیمانا بەو شێوەیە باس لە کاتی دەستپێکردنی لە دایکبوونی شۆڕشی ژنان کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان: "بەر لە شۆڕش دەسەڵاتداران پیاوان بوون، ژنان هەمیشە لە دوای پیاوەوە دەڕۆشت بە ڕێگا، ژنان هیچ سەربەخۆییەکیان نەبوو، بەڵام ژنان توانیان بە ئیرادەی خۆیان بسەلمێنن کە هیچ جیاوازیەک لەنێوان پیاو ژنان دانیە، تەنانەت ژن هۆشیار تر و سەرکەوتوو تریشە. ئێستاش بەشداری دەکات لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا وەک سیاسەت، شەڕ، بەڕێوەبەری و بونیادنانەوە."
لیمانا ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان وەک چوار ژن لەناوەندی هاتوچۆدا کار دەکەن و وتیشی: "کاتێک دەستمان بەو کارە کرد، بۆ گەلەکەمان هەندێک سەرنجڕاکێش بوو، باوەڕیان نەدەکرد ژنێک بتوانێت لەسەر شەقامەکان بوەستێت و خەڵکانێک بەڕێووەببات، بەڵام دوای بەرخۆدانی یەپەژە بەرامبەر بە چەتەکانی داعش ڕوانینی کۆمەڵگاش لەسەر ئێمە گۆڕانکاری بەسەر هات، هەرچەند زۆر جار ڕووبەڕووی هەڵوێستی ناشیاویش ببینەوە بەڵام بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی پیاوسالاری."
لیمانا لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "خەباتەکانی هاتوچۆ و شوفێری زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ژنان لەناو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا جێگە و پێگەی خۆیان بە هێز بکەن، دڵنیاشین لەوەی ژن دەست بۆ هەر خەباتێک ببات سەری دەخات."
(ش ب)