ژنانی ئێزیدی 'تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی'یان ڕاگەیاند
14:56
ژنها
شەنگال - رۆژی ٢٥ی ئەیلول ژنانی ئێزدی لە چیای شەنگال دووەمین کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، لەو کۆنفرانسەدا ژنان جوڵانەوەیەکی نوێیان دروست کرد بە ناوی (تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی TAJÊ ))
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ ) بە راگەیەندراوێک ئەنجامنامەی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدیان بۆ رای گشتی راگەیاند.
لە سەرەتای ئەنجامنامەکەدا هاتوە:" ئێمە وەکوو ژنانی ئێزدی لە رۆژی ٢٥ی ئەیلولدا بە ئامادەبوونی ٣٠٠ بەشداربوو، دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدیمان پێکهێنا، کچانی ئێزدی کە هەموو ژیانیان بۆ تێکۆشان تەرخان کردوە، نووریە کەسپیر، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، سەرۆکی کۆنگرەی ستاری رۆژئاوا و نوێنەرانی ژنانی ئێزدی لە رۆژئاوا و ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکان بەشداری کۆنفرانسەکەی ئێمە بوون".
یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی لە یەکەمین ساڵیادی فەرمانی (کۆمەڵکوژی) ساڵی ٢٠١٤دا بەڕێووەچوو، لە یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدیدا ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی شەنگال دامەزرا.
هەروەها ژنانی ئێزدی لە ئەنجامنامەکەدا رایانگەیاند:" لە دووەمین کۆنفرانسماندا بە پێویستمان زانی، کە لەسەر بنەمای بەهێزتربوون، بەرەو رێکخستنێکی فراوانتر پێشڕەوی بکەین، لەسەر ئەو بنەمایەش خۆمان وەکوو تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (TAJÊ ) راگەیاند، ئەنجومەنێک لە ٣١ کەسمان هەڵبژارد، پێویستە ئەنجومەنەکە بەڕێوەبەری و کۆردیناسیۆنەکەی هەڵبژێرێت".
لە بەشێکی دیکەی ئەنجامنامەکەدا هاتوە، کە ئێمە سوێند و بڕیاری سەرکەوتنی خەڵکەکەمان دووبارە کردەوە، زەمینەکان بۆ پێکهێنانی رێکخستن و پاراستنی جەوهەری ئامادە بکەین.
ژنانی ئێزدی لە کۆنفرانسەکەدا راشیانگەیاند: شەهید بێریڤان شەنگال و بێریڤان ئارین وەکوو دوو سیمبۆلی خۆیان هەڵبژاردوە.
بڕیارەکان و ئەنجامەکانی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی بەم شێوەیە راگەیەندرا:
١ - ئێمە وەکو ژنانی ئێزدی لەسەر بنەماکانی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆمان گەیاندوەتە ئاستی خۆرێکخستن، ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکەین بە ناوەندی تێکۆشانەکانمان، ئێمە دەڵێین ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانی ئێزدیە.
٢- ئێمە دژی پێکهاتەی پیاوانی باڵادەست هێڵی تێکۆشانی ژنی ئازاد پێش دەخەین، ئێمە بە خۆرێکخستنی کۆمەڵگایی، دیموکراتیخوازی و ئازادیخوازی هێز و ئیرادەی جەوهەری فراوان دەکەینەوە.
٣ - ئێمە وەکوو ژنان خۆرێکخستنی جەوهەری و پاراستنی جەوهەری لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵگایی، ئابوری، دبلۆماتی، تەندوروستی و هەموو بوارەکانی دیکە فراوان دەکەینەوە.
٤- لە هەر شوێنێک کە دژایەتی خەڵکی ئێزدی لەگەڵ ژنان ببینین، پەیوەندیەکانمان قووڵ دەکەینەوە و بە پێکهێنانی مکانیزم و پلاتفۆرمێکی هاوبەش هەوڵدەدەین ژنانی ئێزدی رێکخەین.
٥- ئەو ژنانەی پاش فەرمانەکە ناچار بە کۆچبەری بوون و ناتوانن لە شوێنە تازەکانیان خۆیان رێکخەن، هاندەدەین بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.
٦- بۆ ئەوەی بڵاوبوون و نارێکخراوبوونی کۆمەڵگەمان کۆتایی بێت، ئێمە وەکوو ژن بۆ رێکخستن و یەکگرتنی کۆمەڵگا هەوڵدەدەین.
٧- تا ئەو شوێنەی سیاسەتی نێودەوڵەتی عێراق دەرفەت بە ئێمە بدات، بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێووەبەری باوەڕی و کلتوریمان تێکۆشان دەکەین، لەو شوێنانەی کە یاساش رێگا نادات ئێمە بە شێوازێکی دیکە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانماندا.
٨- ئێمە وەکوو کۆمەڵگای ئێزدی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان، دژی کۆمەڵکوژی، پەنابەری و ئاسمیلاسیۆن، ئێزدایەتی دەپارێزین، گەرەنتی ئاسایشمان دابین دەکەین و بۆ پێشکەوتنی دبلۆماتی تێکۆشان دەکەین.
٩- ئێمە وەکوو ناوەندێکی کۆمەڵگایی، کێشەکانی تەندوروستی و ئابوری ئەو ژنانەی لە دەستی چەتەکانی داعش رزگاربوون چارەسەر دەکەین، بێ ئەوەی لە کۆمەڵگا جیایان بکەینەوە بۆ تێکەڵبوونێکی تەندوروست لەگەڵ کۆمەڵگا پڕۆژە و خەباتەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەبەین.
١٠- لە روانگەیەکی ژنانەوە، پێشکەوتن لە ئاستی ئابوری کۆمیناڵ، پەروەردە، تەندوروستی، کۆمەڵگایی و کلتوریدا بەڕێووەدەبەین و بە پێی ئەوان دەزگا و رێکخراوەکانمان دادەمەزرێنین.
١١- خەباتەکانمان بۆ پەروەردەکردنی ژنان فراوانتر دەکەینەوە و بە شێوازێکی چڕوپڕ کاروباری پەروەردە بەڕێوە دەبەین.
١٣- ئێمە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ژنانی شەنگال و دەرەوەی شەنگال کە ژێردەستن و هەروەها لەگەڵ ژنانی کۆمەڵگاکانی دیکە و بزوتنەوەکانی ژنان بە شێوازێکی دیموکراتی پێش دەخەین.
(ش ب)